ڕاگەیەنراوێكی لەمەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە

 

راگەیەندراوی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

گەلی ئازادیخوازی كوردستان!

رای گشتی جیهان!

 

لەم بارودۆخە نالەبارەی ناوچەكەو عێراق‌و كوردستان پیا تێدەپەڕێ‌، مەكتەبی سیاسی (١/٤/٢٠١٨) بەسەرپەشتی كۆسرەت رەسول عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، كۆبونەوەی ئاسایی كرد‌و ئەم تەوەرانەش خرانە بەر باس:

 ١- دۆخی كوردستان‌و عێراق.

 ٢- دۆخی كەركوك.

 ٣- هەڵبژاردن.

٤- سیاسەتی توركیا. دوای هەڵسەنگاندنی دۆخەكە، كۆبونەوە گەیشتە ئەو باوەڕەی كە:

 

هێشتا ناوچەكە، لەناو گێژاوی كێشەكانی جیاوازی بەرژەوەندی زلهێزەكان‌و ناكۆكی ئیقلیمی‌و تەنگوچەڵەمە ئابوریەكاندایە. ئەمە لەكاتێكدا وا چاوەڕوان دەكرا، دوای تێكشكاندنی داعش لەشەڕگە‌و شارەكان، تاقیكردنەوەی سەدەی رابوردوو وای لە حكومەتەكانی ناوچەكەو زلهێزەكان‌و لایەنە سیاسیەكان بكردایە، بیر لە چارەسەری ستراتیژی كێشە ئابوری، سیاسی، حوكمڕانێتی هاوچەرخ‌و مافە دیموكراسیەكان بكەنەوە، بەڵام مەخابن دیسان، بەرژەوەندی ئابوری‌و پاراستنی ئاسایشی وڵاتان، لەچۆنیەتی رێكەوتنی زلهێزەكان‌و حكومەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە كۆنگرە نێودەوڵەتیەكان‌و كۆبونەوە نهێنیەكاندا، دەكرێتەوە بنەمای سیاسی نێودەوڵەتی‌و ئیقلیمی.

 

سەرەڕای ئەو دۆخە پڕ مەترسییە، یەكێتی جەخت دەكەینەوە، ئێستاش، با دۆخەكە بەرەو خراپتر رۆنەچێ‌، بۆیە دەبێ‌ ئەنجومەنی ئاسایش‌و یەكێتی ئۆروپاو دەوڵەتانی ئیقلیمیش، بیر لە چارەسەری باشتری كێشەكانی ناوچەكەو مافی گەلان بكەنەوە. نەك دۆخی نالەباری دوای جەنگی یەكەم‌و دووەم، بەسیاسەتی پاوانخوازی بسەپێنرێتەوە. باشترین سیاسەت، سیاسەتی ئاشتی‌و ئاشتەوایی راستەقینەو حوكمڕانی هاوسەنگە لەم دۆخەدا.

 

لەبەر رۆشنایی ئەو لێكدانەوە سیاسییەدا، مەكتەبی سیاسی لەسەر تەوەرەكانی كۆبونەوە، بڕیاری پێویستی گەلاڵەكرد؛ سەبارەت بە بڕیارە سیاسیەكان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، لەعێراق، لەسەر بەرپرسیارێتی یەكێتی بۆ یەكهەڵوێستی لایەنە كوردستانیەكان لەبەرامبەر مەترسیەكاندا. بۆ چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەش، چەندین وەفد پێكهێنرا و لەماوەیەكی كەمی دیاریكراویشدا، ئەنجامی كۆششی وەفدەكان، دەخرێتە بەردەست مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی، بۆ دوا بڕیارو بەرنامەی یەكێتی لەم دۆخەدا.

 

مەكتەبی سیاسی

یەكێتيی نیشتمانیی كوردستان

١/٤/٢٠١٨

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved