ڕاگەیەندراوێك لە دەستەی کارگێری حیزبی دێموکرات

 

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی کارگێری حیزبی دێموکرات:

راگەیەندراوی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

 

رۆژی شەممە ١٣٩٧/٦/١٧ی هەتاوی بەرانبەر بە ٨/٩/ ٢٠١٨ی زایینی، رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران حوکمی ئێعدامی سێ لاوی تێکۆشەری کورد بە ناوەکانی رامین حوسین پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بەڕێوەبرد؛ هەر لەو کاتەدا، کەمپی ئازادی و دەورووبەری کە شوێنی نیشتەجێ بوونی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەکانیانە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی ئێران کەوتە بەر مووشەکبارانی ئەو رێژیمە و لە ئاکامدا بەدەیان کەس لە دانیشتووانی ئەو کەمپە کە ژن و منداڵیشیان لە نێودا بوون شەهید و بریندار کران.

 

بێجگە لەوانە بە پێی راگەیەندراوی دەزگای فەرماندەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوو پێشمەرگەی ئەو حیزبە کە لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزەکانی سەر بەرێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێکەوتی ١٩ لەسەر ٢٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە کێلەشین بە برینداری کەوتبوونە دەستی رێژیم لەو رۆژانەدا شەهید کراون.

 

هەمووی ئەو کردەوە جینایەتکارییانەی رێژیم لە حاڵێکدایە کە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە رێکەوتی ٢٠١٨/٧/٢٦ی زایینی بیروڕای گشتی، وڵاتانی رۆژئاوایی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ... لە هەڕەشەکانی فەرماندەرانی سپای پاسداران بۆ هێرش بۆ سەر شوێنی نیشتەجێ بوونی بنەماڵەکانی ئەوان ئاگادار کردبووە و داوای لێکردبوون کە زەخت بخەنە سەر ئەو رێژیمە بۆ پاشگەزکردنەوەی لەو هێرشە چاوەڕوانکراوە. بەڵام بەداخەوە ئاکامی بێدەنگی هەموو لایەنەکان بوو بەهۆی ئەم هێرشە لە خاکی وڵاتێکی دیکە و گیان لەدەستدان و برینداربوونی دەیان کەس لە دانیشتوانی ئەو شوێنە و لە هەمانکاتدا دەست ئاواڵەیی رێژیم بۆ کوشتن و قەڵاچۆکردنی تێکۆشەرانی کورد و ژن و مناڵیان تەنانەت لە وڵاتێکی دیکە بەتاوانی داخوازی مافە رەواکانیان کە دەیان ساڵە لەلایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بە هەموو شێوەیەک پشتگوێ دەخرێ.

 

ئێمە وێڕای مەحکووم کردنی کردەوەی ئێعدامی لاوە تێکۆشەرەکانی کورد لە ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری ئەو لاوانە دەکەین.

هەر لەوحاڵەدا بۆمبارانکردنی شوێنی نیشتەجێ بوونی حیزبی دێموکرات و ژن و منداڵی ئەوان لە شاری کۆیەی باشووری کوردستان مەحکووم دەکەین، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری قوربانیانی ئەم رووداوە دەکەین و ئاواتی زووتر چاکبوونەوەی بریندارەکانمان هەیە.

 

بە پێویستی دەزانین بۆ جارێکی دیکەش وەبیر رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بێنینەوە ئەگەر لە ماوەی چل ساڵی رابردووی تەمەنیدا لە رەوتی کوشتن، زیندانی کردن و ئێعدامی تێکۆشەرانی کورد بەردەوام بووە، بەڵام نەیتوانیوە خەڵکی وشیار و مافخوازی کورد بە سەرکووت کردن لە داخوازی مافەکانیان پاشگەز بکاتەوە، بێگومان لە داهاتووشدا لەو پیلانە سەرکەوتوو نابێ و، گەلی کورد لە ئێران تا گەیشتن بە مافەکانی خۆی لە تێکۆشان کۆڵ نادا.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی کارگێری

 

١٨ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی

٩ی سپتامبری ٢٠١٨ی زایینی

 

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved