له‌ مێژووى رۆژهه‌ڵاتى ناویندا هیچ پارت و ڕێکخراوێک به‌دى ناکرێت هێنده‌ى PKK پیلانگێڕى له‌ دژ کرابێت

جه‌لال چوارتایی

07.03.2013

دیرۆکى کوردان پڕیه‌تى له‌ پیلانگێڕی، هه‌ندێک له‌و پیلانگێڕیانه‌ ده‌ره‌کین و هه‌ندێک ناوخۆیی، هه‌ندێک شاراوه‌ و هه‌ندێک ئاشکرا، به‌شێک نێوده‌وڵه‌تى و به‌شێک له‌ ڕێى هێزه‌ کوردیه‌کانه‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌موو کاته‌کاندا ڕۆڵى خیانه‌تى ناوخۆ باڵا ده‌ست بووه‌ له‌ سه‌رخستنى پیلانه‌کاندا. زۆربه‌ى ئه‌م پیلانگێڕیانه‌ش ئه‌نجامگیر بووه‌ و ئه‌نجامه‌که‌شى یان ئاشبه‌تاڵ بووه‌ یاخود بێده‌نگبوونێکى ده‌یان ساڵی.

ئه‌نجامى سه‌رگرتنى پیلانگێڕیه‌کانیش هانده‌رێک بووه‌ بۆ دووباره‌بوونه‌وه‌ى هه‌مان شانۆگه‌ری، چونکه‌ له‌ ئه‌نجامى سه‌رگرتنى پیلانگێڕیه‌کاندا خاڵه‌ لاوازه‌کانى کوردیان بۆ ده‌رکه‌وتووه‌ و له‌ ڕێى ئه‌و خاڵه‌ لاوازانه‌‌وه‌ به‌ هه‌موو ئامانجێکى خۆیان گه‌یشتوون. خاڵه‌ لاوازه‌کانیش په‌یوه‌ست بووه‌ به‌ هزرى ناوچه‌گه‌رێتى هێزه‌ کوردیه‌کان و پشتبه‌ستن به‌ بێگانه‌ و داڕمان له‌ ئایدیۆلۆژیا و لاوازى ستراتیژى نه‌ته‌وه‌یى و نه‌بوونى ئابوورییه‌کى سه‌ربه‌خۆ.

ته‌واوى لایه‌نه‌ کوردیه‌کان پیلانگێڕیان له‌ دژ کراوه‌، به‌ڵام له‌ دیرۆکى کوردان و ته‌نانه‌ت له‌ مێژووى گه‌لانى خۆرهه‌ڵاتى ناوێنیشدا هیچ پارت و ڕێکخراوێک به‌دى ناکرێت هێنده‌ى پارتى کرێکارانى کوردستان پیلانگێڕى له‌ دژ کرابێت، زۆربه‌ى ئه‌و پیلانگێڕیانه‌ له‌ ڕێى سیسته‌مى سه‌رمایه‌دارى و هێزه‌ ئیمپریالیسته‌کانه‌وه‌ پیاده‌ کراوه‌ و به‌شێکیش له‌ ڕێى هێزه‌ به‌ ڕواڵه‌ت کوردیه‌کانه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌ .

کورد یه‌ک له‌و نه‌ته‌وانه‌یه‌ که‌ زۆرترین داگیرکارى به‌ خۆیه‌وه‌ بینیووه‌ و زۆرترین حیزبیشى تێدا دامه‌زراوه‌ . هه‌رچى داگیرکه‌رانه‌ ته‌نها له‌ دژایه‌تى کورداندا هاوهه‌ڵوێستن ده‌نا له‌ هه‌ر بوارێکى دیکه‌دا ناکۆک و دژ به‌ یه‌کن. سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه‌ که‌ حیزبه‌ کوردیه‌کانیش له‌ هه‌موو بوارێکدا ناکۆک و دژ به‌ یه‌کن تانها له‌ دژایه‌تیکردنى PKK و ئاپۆچیه‌کاندا هاوهه‌ڵوێست و هاوپه‌یمانن.

به‌ر له‌ دامه‌زرزندنى PKK، باکوورى کوردستان خاوه‌ن حه‌ڤده‌ حیزب و ڕێکخراو بوو، ئه‌و هێزه‌ به‌ ڕواڵه‌ت کوردیانه‌ ته‌نها بۆ یه‌ک جار دانوستانیان له‌ گه‌ڵ یه‌کتردا نه‌کردبوو و ته‌نها به‌ردێکیشیان به‌ڕوخسارى داگیرکه‌رى تورکدا نه‌هاویشتبوو که‌ چى پاش دامه‌زراندنى PKK هه‌م "به‌ره‌ى ته‌ڤگه‌ر"یان ساز ‌کرد و هه‌م دژ به‌ PKK شه‌ڕى بێ ئه‌مانیان جاڕ‌دا. بیانوى ئه‌م شه‌ڕه‌ش ئه‌وه‌ بوو که‌ PKK بڕواى به‌ شه‌ڕى چه‌کدارى هه‌یه‌ و شه‌ڕیش ده‌بێته‌ هۆى میلیتاریزه‌کردنى کوردستان.

هه‌رچى ئۆپۆزسیۆنى تورکه‌"چ ڕاست و چ چه‌پ" به‌ جۆرێکى دیکه‌ بره‌ویان‌ به‌ دژایه‌تیکردن ده‌دا، لایه‌نه‌ ئیسلامى و ڕاستڕه‌وه‌کان PKKیان وه‌ک هێزێکى چه‌پ و دژ به‌ ئیسلام پێناسه‌ ده‌کرد و ئه‌وه‌شیان کردبوویه‌ بیانویه‌ک بۆ دژایه‌تیکردن. هه‌رچى چه‌پ و عیلمانیه‌کانیشه‌ PKKیان وه‌ک هێزێکى ناسیۆنالیست و جوداخواز پێناسه‌ ده‌کرد و له‌و ڕێیه‌وه‌ درێژه‌یان به‌ دژایه‌تیکردن ده‌دا.

ئه‌م پیلانگێڕیانه‌ هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى هێزه‌ به‌ ڕواڵه‌ت کوردى و ئۆپۆزسیۆنه‌ تورکیه‌کاندا قه‌تیس نه‌ما، به‌ڵکو له‌ پشت ئه‌م پیلانگێڕیانه‌وه‌ هێزى ئیمپریالیزمى جیهانیش خۆى حه‌شار دابوو‌،‌ ئه‌مه‌ش له‌ دواى کۆتایى هاتنى ڕژێمى پادشایه‌تى ئێران به‌ده‌ر که‌وت له‌ ساڵى (1979)دا.

کاتێک کۆمارى ئیسلامى ئێران به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشت و ڕژێمى پادشایه‌تى له‌ ڕه‌گ هه‌ڵکێشا، ژماره‌یه‌ک له‌ خوێندکارانى ئێران ده‌ستیان به‌سه‌ر باڵوێزخانه‌ى ئه‌مریکادا گرت له‌ شارى تاران‌ و ته‌واوى به‌ڵگه‌نامه‌کانى نێو باڵوێزخانه‌که‌یان ئاشکرا کرد. یه‌ک له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ هى ده‌زگاى هه‌واڵگرى "سى ‌ئاى ‌ئه‌ی" بوو‌ که‌ کونسوڵیه‌ى ئه‌مریکا له‌ شارى ئه‌ده‌نه‌ى تورکیاوه‌ زانیارى ده‌داته‌ باڵوێزخانه‌که‌یان له‌ شارى تاران و ده‌ڵێت:

"هه‌م چه‌پى تورک و هه‌م هێزه‌ کوردیه‌کان نابنه‌ مه‌ترسى بۆ ئه‌مریکا و تورکیا، به‌ڵکو ته‌ڤگه‌رێک هه‌یه‌ به‌ ناوی" ئاپۆچی"، تا دێت ئه‌و ته‌ڤگه‌ره‌ به‌هێز ده‌بێت، ئه‌مه‌ش زۆر مه‌ترسیداره‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى ئه‌مریکا و پێویسته‌ له‌ به‌رامبه‌ریان ئه‌م ته‌دبیرانه‌ وه‌ربگیرێت.

1ـ پێویسته‌ شه‌خسى ئاپۆ به‌ئامانج وه‌ربگیردرێت و چ شتێک جێى نیگه‌رانییه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پڕوپاگه‌نده‌ى له‌ دژ بکرێت، تاکو که‌سێتى لاواز بکرێت و له‌نێو کورداندا بچووک ببینرێت.

2ـ پێویسته‌ عه‌شیره‌ته‌کان چه‌کدار بکرێن و له‌ دژى ئه‌و ته‌ڤگه‌ره‌ بخرێنه‌ گه‌ڕ.

3ـ پێویسته‌ په‌یوه‌ندى نێوان ئه‌م حیزبه‌ و حیزبه‌کانى دیکه‌ خراپ بکرێت و له‌ نێوانیاندا شه‌ێ‌ ساز بکرێت، تاکو بتوانرێت ئه‌و حیزبه‌ گۆشه‌گیر و بێکاریگه‌ر بکرێت.

4ـ پێویسته‌ سود له‌ سۆزى ئیسلامبوونى کوردان وه‌ربگیرێت و لایه‌نگه‌لى ئیسلامى دژ به‌ ئاپۆچیه‌کان ساز بکرێت.

(بڕوانه‌ په‌ڕتوکى PKK مێژووێک له‌ ئاگر لاپه‌ڕه‌ى 171).

پیلانگێڕیه‌کان ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ى باکورى کوردستاندا سنوردار ناکرێت، به‌ڵکو په‌لده‌هاوێته‌ پارچه‌کانى دیکه‌ى کوردستان و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌م داگیرکه‌ر و هه‌م حیزبه‌ به‌ ڕواڵه‌ت کوردیه‌کان ده‌بنه‌ ده‌سته‌ خوشک بۆ دژایه‌تیکردنى PKK . باشترین نموونه‌ش هێرشى به‌ربڵاوى ده‌وڵه‌تى تورک و هه‌ردوو لایه‌نى یه‌کێتى و پارتى له‌ ساڵى (1992)دا "که‌ به‌ شه‌ڕى خیانه‌ت به‌ ناوبانگه‌". تا ئه‌و دیرۆکه‌ یه‌کێتى و پارتى دوو نه‌یارى سه‌رسه‌ختى یه‌کتر بوون و هیچ هاوکاریه‌کیش له‌ نێوانیاندا نه‌بوو، به‌ڵام بۆ شه‌ڕى PKK هه‌م ده‌بنه‌ هاوکارى یه‌کتر و هه‌م ده‌بنه‌ هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى تورک.

هه‌ڵبه‌ت پیلانگێڕیه‌کان هه‌ر به‌ شه‌ڕى ساڵى (1992) کۆتایى نه‌هات، به‌ڵکو له‌ دواى ئه‌و ڕووداوه‌ش سنوره‌کانى باشوورى کوردستان خرانه‌ سه‌ر پشت له‌ به‌رده‌م داگیرکه‌رى تورکدا. ئه‌رته‌شى تورک و پارتى دیموکراتى کوردستانى ئێراق چه‌ندین پیلانگێڕییان به‌ هاوبه‌شى ئه‌نجامدا، یه‌ک له‌و پیلانگێڕیانه‌ کۆمه‌ڵکوژیه‌که‌ى (16 ـ 5 ـ 1997)ى شارى هه‌ولێر بوو که‌ به‌ ده‌یان دکتۆر و هونه‌رمه‌ند و ڕۆژنامه‌وان و شۆڕشگێڕیان شه‌هید کرد.

پیلانگێڕیه‌ یه‌ک له‌ دواى یه‌که‌کان نه‌ک هار نه‌بوونه‌ هۆى لاوازبوونى PKK، به‌ڵکو له‌ دواى هه‌ر پیلانگێڕیه‌ک ئه‌م هێزه‌ چالاکتر له‌ جاران هاته‌وه‌ مه‌یدان، هه‌ر بۆیه‌ش ته‌واوى نیگا‌کان خرانه‌ سه‌ر به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان و پیلانگێڕى (15)ى شوبات ئه‌نجام درا.

پیلانگێڕى مه‌زن " کۆمپلۆى ده‌ستبه‌سه‌رکردنى به‌ڕێز عه‌بدوڵا ئۆج ئالان

پیلانگێڕى (15)ى شوبات هاوشێوه‌ى هیچ یه‌ک له‌ پیلانگێڕیه‌کانى دیکه‌ نه‌بوو، به‌ڵکو کۆمه‌ڵێک پیلانگێڕى هاوبه‌ش بوون و له‌ یه‌ک کاتدا پیاده‌ کران. ئه‌گه‌ر ده‌ستى پیلانگێڕیه‌کان جوداش بووبێتن ئه‌وا سه‌رچاوه‌که‌ى یه‌ک شوێن و خۆنواندنیشیان له‌ یه‌ک کاتدا بوو که‌ به‌شێوه‌یه‌کى گشتى ئه‌و پیلانگێڕیانه‌ ده‌کرێن به‌ سێ به‌شه‌وه‌:

1ـ پیلانگێڕى نێونه‌ته‌وه‌یی. 2ـ پیلانگێڕى نێوخۆى کوردستان.3ـ پیلانگێڕى نێوخۆى پارتى کرێکارانى کوردستان.

1ـ پیلانگێڕى نێونه‌ته‌وه‌یی

له‌م پیلانگێریه‌دا هه‌م ئه‌مریکا و هه‌م ڕوسیا، هه‌م ئه‌وروپا و هه‌م داگیرکه‌ران، هه‌م ئیسرائیل و هه‌م به‌شێک له‌ ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌کان تێیدا به‌شداربوون. ئامانج له‌م پیلانگێڕییه‌، ئه‌گه‌ر توانرا پاکتاوکردنى یه‌کجاره‌کى پارتى کرێکارانى کوردستان و ئه‌گه‌ر نه‌شتوانرا بێ کاریگه‌رکردن و ده‌سته‌مۆکردنى بوو.

بۆ پاکتاوکردنى پارتى کرێکارانى کوردستانیش ده‌بوو سه‌ره‌تا که‌سایه‌تى به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان بکه‌نه‌ ئامانج و له‌ میلله‌ت و ته‌ڤگه‌رى داببڕن، تاکو له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ بتوانن ئاشبه‌تاڵ به‌ PKK بکه‌ن و پاکتاوى بکه‌ن، چونکه‌ له‌م ڕێگه‌یه‌دا خاوه‌ن ئه‌زموونێکى هێجگار زۆر بوون و ئه‌زموونیشیان له‌ پاکتاوکردنى (شێخ سه‌عیدى پیران و سه‌ید ڕه‌زاى دێرسیمى و سمکۆى شکاک و پێشه‌وا قازى و مه‌لا مسته‌فا) وه‌رگرتبوو، چونکه‌ به‌ کوشتن یا دوورخستنه‌وه‌ى هه‌ر یه‌ک له‌م سه‌رکردانه‌ ئاشبه‌تاڵ سازکرابوو و بزوتنه‌وه‌کانیش بێده‌نگ کرابوون. مه‌به‌ست له‌ پاکتاوکردنى PKK ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌و ستراتیژیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ى که‌ ئه‌م پارته‌ به‌ بنچینه‌ى گرتبوو بۆ ده‌سته‌به‌رکردنى ئازادى نه‌ته‌وایه‌تى و پساندنى کۆت و به‌ندى کۆیلایه‌تی.

یه‌کێک له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌کانى PKK بریتى بوو له‌ هه‌نگاونان به‌ره‌و یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى و به‌ بنچینه‌ گرتنى هه‌موو به‌شه‌کانى کوردستان. واته‌ هیچ کاتێک ئه‌م پارته‌ خه‌بات و تێکۆشانى له‌ به‌شێکى کوردستاندا کورت نه‌ده‌کرده‌وه‌ و به‌شه‌کانى دیکه‌ فه‌رامۆش بکات، به‌ڵکو له‌ کرده‌وه‌دا سنووره‌ ده‌ستکرده‌کانى کاڵ کردبوویه‌وه‌ و پێگه‌ى جه‌ماوه‌ریشى له‌ هه‌موو به‌شه‌کانى کوردستاندا له‌ هه‌ڵکشان بوو. بێگومان ڕه‌وشێکى به‌م شێوه‌یه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئیمپریالیزمدا نه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى هێزه‌ ئیمپریالیسته‌کان له‌ ئاژاوه‌ى نێوان گه‌لان و دابه‌شکردنیاندا مه‌یسه‌ر ده‌بوو.

2ـ پیلانگێڕى نێوخۆى کوردستان

پیلانگێڕیه‌کى دیکه‌ که‌ دژ به‌ پارتى کرێکارانى کوردستان و سه‌رۆکه‌که‌ى به‌ڕێوه‌ برا بریتیبوو له‌و پیلانه‌ شومه‌ى که‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى باشوورى کوردستان سپێردرابوو، سه‌رپه‌رشتیارى ئه‌م پیلانه‌ش وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا بوو. هۆکاری سه‌ره‌کیش ئه‌وه‌ بوو که‌ ئه‌مریکا له‌ ئاماده‌باشیدا بوو بۆ داگیرکردنى ئێراق و ده‌یخواست له‌و داگیرکاریه‌دا‌ ئه‌نجام به‌ده‌ست بخات. بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نجامیش به‌ده‌ست بخات ده‌بوو له‌ سه‌ره‌تادا ئیراده‌ى کوردان بشکێنێت و ڕێگه‌ نه‌دات سوودمه‌ندى سه‌ره‌کى بن له‌ ڕێگه‌ى لایه‌نێکى شۆڕشگێڕى وه‌ک پارتى کرێکارانى کوردستانه‌وه‌ .

له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ کاتى ده‌رکردنى ئێراقیه‌کان له‌ وڵاتى کوێت و ڕاپه‌ڕینى نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ باشوورى کوردستان "له‌ ساڵى (1991)" ته‌نها لایه‌نێک که‌ بارودۆخه‌که‌ى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى کوردان به‌کار هێنا PKK بوو. هه‌رچى لایه‌نه‌کانى دیکه‌ بوو واته‌ "به‌ره‌ى جود"ى ئه‌وکات زیاتر گیرۆده‌ى تاڵان و هه‌ڵهاتن بوون و میلله‌تیشیان دووچارى کۆڕه‌و کردبوو، له‌م نێوه‌شدا ڕێکخستنه‌کانى PKK ته‌واو له‌ گه‌شه‌کردندا بوون و ئاڕاسته‌ى میلله‌ت به‌ره‌و یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى ده‌ڕۆیشت، له‌ ئه‌نجامى ئه‌مه‌شدا ئه‌مریکا و تورکیا دووچارى زه‌حمه‌تێکى زۆر هاتن تاکو توانیان یه‌کێتى و پارتى له‌سه‌ر پێ ڕابگرن له‌ به‌رامبه‌ر PKKدا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌مریکا نه‌یده‌ویست جارێکى دیکه‌ PKK سوودمه‌ند بێت له‌ ڕه‌وشه‌که‌ "واتا ڕه‌وشى دواى داگیرکردنى ئێراق و کۆتایهاتنى ڕژێمى به‌عس".

هه‌ر بۆیه‌ش هاوکات له‌ گه‌ڵ پیلانگێڕى نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریکا بیرى له‌ پیلانگێڕیه‌کى دیکه‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ ئه‌م پیلانگێڕیه‌ش له‌ نێوخۆى کوردستانه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانى باشوور باشترین داشى شه‌تره‌نج بوون به‌ده‌ست ئه‌مریکاوه‌ .

هه‌رچه‌ند پێش پیلانگێڕیه‌که‌ یه‌کێتى و پارتى له‌ شه‌ڕێکى بێ ئه‌مانى ناوخۆیدا بوون، هه‌ریه‌ک له‌ تاڵه‌بانى و بارزانیش سوێندیان خواردبوو که‌ ده‌ست نه‌خه‌نه‌ نێو ده‌ستى یه‌کتر ئه‌گه‌ر ده‌ستیشیان ببڕدرێته‌وه‌، به‌ڵام بۆ سه‌رگرتنى پیلانگێڕیه‌که‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا "ماردلین ئۆلبرایت" سوێنده‌که‌ى خستن و تاڵه‌بانى و بارزانى بانگێشتى ئه‌مریکا کرد و به‌بێ ده‌ستبڕینه‌وه‌ش ده‌ستى خستنه‌ نێو ده‌ستى یه‌کتر و کۆتایى به‌ شه‌ڕى چه‌ندین ساڵه‌ى نێوان یه‌کێتى و پارتى هێنا و له‌ به‌رامبه‌ردا دژ به‌ PKK خستنیه‌ کار.

ده‌سه‌ڵاتدارانى باشووریش به‌ ناوى کوردایه‌تیه‌وه‌ ته‌واوى ویسته‌کانى ئه‌مریکایان به‌جێ گه‌یاند و ڕاپۆرتێکى (90) لاپه‌ڕه‌ییان ئاماده‌ کرد دژ به‌ به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان و دایانه‌‌ ده‌ست وه‌زاره‌تى دادى ئیتاڵیا، له‌ هه‌مانکاتدا درۆ و ده‌له‌سه‌یه‌کى هێجگار بێشه‌رمانه‌ش له‌ لایه‌ن پارتى دیموکراتى کوردستانى ئێراقه‌وه‌ ئه‌نجام ‌درا دژ به‌ PKK و سه‌رۆکه‌که‌ی.

هه‌ر له‌و کاته‌‌دا بوو که‌ (ته‌له‌فزیۆنى مه‌دیا) داخرا و له‌ به‌رامبه‌ردا "کوردستان تیڤی"یان بۆ پارتى کرده‌وه‌، پیشه‌ى کوردستان تیڤیش جگه‌ له‌ درۆکردن و بوختان هه‌ڵبه‌ستن هیچ شتێکى دیکه‌ نه‌بوو. پارتى و کوردستان تیڤییه‌که‌یان ببوونه‌ زمانحاڵى ده‌وڵه‌تى تورک و به‌ڕێز ئۆج ئالانیان وه‌کو که‌سێکى ترسه‌نۆک پێناسه‌ ده‌کرد و ده‌یانگوت "بۆ ده‌ربازکردنى ملى خۆى له‌ په‌تى سێداره‌ گوتوویه‌تى دایکم تورکه‌"، ئیتر به‌بێ ئه‌وه‌ى شه‌رمى ئه‌وه‌ بیانگرێت و بڵێن ئه‌گه‌ر که‌سێکى ترسه‌نۆک بوویایه‌ ئه‌وا ئاشبه‌تاڵى جاێ‌ ده‌دا، چونکه‌ له‌ هه‌موو کوردێک ئاشکرایه‌ که‌ به‌ڕێز ئۆج ئالان ڕاده‌ستى دوژمن کرایه‌وه‌، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوو چاوپۆشى له‌ ئامانجه‌ پیرۆزه‌کانى نه‌ته‌وه‌که‌مان بکات و میلله‌ت بسپێردرێت به‌ داگیرکه‌ر و ئاشبه‌تاڵیش به‌ شۆڕش و شۆڕشگێران بکات. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى که‌ له‌و کاته‌دا مه‌زنترین هێرشى هێزه‌کانى بارزانى به‌ پشتیوانى تورکه‌ داگیرکه‌ره‌کان ده‌ستى پێکردبوو بۆ سه‌ر شۆڕشگێڕانى PKK .

له‌ چاوى سه‌رانى پارتى دیموکراتى کوردستانى ئێراقه‌وه‌ هاوسه‌رگیرى له‌ گه‌ڵ غه‌یره‌ کورددا شه‌رمه‌زارییه‌، به‌ڵام به‌لایانه‌وه‌ ئاساییه‌ که‌ خۆیان بخه‌نه‌ خزمه‌تى هه‌موو داگیرکه‌رانى کوردستان‌ و به‌ هه‌زاران جه‌ندرمه‌ى تورک له‌ ناوچه‌کانى بامه‌ڕنێ و شێلادزێ مۆڵ بده‌ن و هه‌رچى مۆسته‌شار و ئه‌نفالکه‌ره‌ بکه‌نه‌وه‌ به‌ حاکمى ته‌واوه‌تى به‌سه‌ر میلله‌ته‌وه‌ و باشوورى وڵاتیش بکه‌نه‌ بنکه‌ى سیخوڕى جیهانى بۆ قه‌ڵاچۆکردنى شۆڕشگێڕانى به‌شه‌کانى دیکه‌ى کوردستان و زیاتر له‌ نیوه‌ى داهاتى کوردستانیش بخه‌نه‌ خزمه‌تى هه‌ردوو داگیرکه‌رى تورکیا و ئێران بۆ زیاتر سه‌رکوتکردنى نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ باکوور و ڕۆژهه‌ڵات.

هه‌ر له‌و کاتانه‌دا بوو که‌ خودى تاڵه‌بانیش که‌وته‌ پیلانداڕشتن بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى ئه‌و که‌سه‌ لاوازانه‌ى که‌ له‌ نێو ڕیزه‌کانى PKK‌دا خۆیان حه‌شار دابوو و ده‌یخواست PKK له‌ به‌ڕێز ئۆج ئالان داببڕێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نامه‌یه‌ک ئاڕاسته‌ى سه‌رکردایه‌تى PKK ده‌کات و ده‌ڵێت:"ئاپۆیه‌ک هه‌بوو و ته‌واو، ئیتر بیر له‌و ئاپۆیه‌ مه‌که‌نه‌وه‌ و ده‌ستبه‌جێ سه‌رۆکێکى دیکه‌ بۆ خۆتان ده‌ستنیشان بکه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش عوسمان ئۆج ئالان شیاوترین که‌سه‌".

کاتێک سه‌رکردایه‌تى PKK ئه‌م پیلانه‌ ژه‌هراویه‌ پوچه‌ڵ ده‌کاته‌وه‌ ئه‌و کات مه‌زنترین هێرشى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان ده‌ست پێده‌کات بۆ سه‌ر ئازادیخوازانى نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ "کۆتایى ساڵى (1999) و سه‌ره‌تاى ساڵى (2000)"دا که‌ ئه‌م هێرشه‌ش به‌ تێکشکاندنى هێزه‌کانى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان کۆتایى هات.

3ـ پیلانگێڕى نێوخۆى پارتى کرێکارانى کوردستان

سه‌ختترین و مه‌ترسیدارترین پیلانگێڕى تاکو ئه‌م چرکه‌ ساته‌ش که‌ له‌سه‌ر پارتى کرێکارانى کوردستان پیاده‌کراوه‌ بریتى بوو له‌و پیلانگێڕییه‌ نێوخۆیه‌ى نێو ڕیزه‌کانى پارتى کرێکارانى کوردستان، چونکه‌ ئه‌گه‌ر پیلانگێڕیه‌کانى دیکه‌ ده‌ره‌کى بووبن ئه‌وا ئه‌م پیلانگێڕیه‌یان بریتى بوو له‌ شێرپه‌نجه‌یه‌ک و له‌ نێو هه‌ناوى پارتى کرێکارانى کوردستانه‌وه‌ سه‌رى هه‌ڵدابوو.

ئه‌م پیلانگێڕیه‌ نه‌ هاوشێوه‌ى پیلانگێڕى نێو نه‌ته‌وه‌یى بوو و نه‌ هاوشێوه‌ى پیلانگێڕى نێوخۆى کوردستان و نه‌ هاوشێوه‌ى هێرشى داگیرکه‌ران بوو و نه‌ هاوشێوه‌ى بوونى چه‌ند به‌کرێگیراوێکى نێردراوى دوژمنان که‌ له‌ نێو ڕیزه‌کانى PKKدا وه‌کو تابوورى پێنجه‌م کار بۆ لاوازکردنى شۆڕش بکه‌ن، به‌ڵکو ئه‌م پیلانگێڕیه‌ له‌ لایه‌ن چه‌ند به‌رپرسێکى نێو ڕیزه‌کانى PKKوه‌ بره‌وى پێده‌درا و ده‌یانخواست شۆڕش بخه‌نه‌ ده‌ستى خۆیان و به‌ناوى شۆڕش و PKKوه‌ هه‌م به‌ڕێز ئۆج ئالان له‌ شۆڕش و گه‌ل داببڕن و هه‌م پارتى کرێکارانى کوردستانیش ڕیشه‌کێش بکه‌ن و هه‌م میلله‌تیش به‌ته‌واوه‌تى ته‌سلیمى داگیرکه‌ر بکه‌ن که‌ ئه‌م خواستانه‌ش بریتى بوو له‌ ویسته‌کانى ئیمپریالیزمى ئه‌مریکى و داگیرکه‌رانى کوردستان.

هاتا به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان له‌ مه‌یداندا بوو ئه‌م که‌سه‌ پیلانگێڕانه‌ به‌ بێده‌نگى خۆیان مت کردبوو، به‌ڵام به‌ فڕاندنى به‌ڕێز ئۆج ئالان و ڕاده‌ستکردنه‌وه‌ى به‌ تورکه‌ فاشیسته‌کان ئه‌م تاقمه‌ پیلانگێڕه‌ش وه‌کو دومه‌ڵ سه‌ر ده‌ردێنن و له‌ هه‌موو جێیه‌که‌‌وه‌ له‌ یه‌کتر کۆده‌بنه‌وه‌ و زۆرترین دیدارى ته‌له‌ڤزیۆنى و ڕۆژنامه‌گه‌ریش ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

هه‌رچه‌ند هه‌موو به‌رپرسانى پیلانگێڕى نێوخۆیى مه‌ترسیدار بوون، به‌ڵام له‌ هه‌موویان مه‌ترسیدارتر عوسمان ئۆج ئالان بوو، چونکه‌ عوسمان وه‌کو خۆیشى ددانى پێدا ناوه‌ (هیچ کێشه‌یه‌کى له‌ گه‌ڵ داگیرکه‌رانى کوردستاندا نه‌بووه‌، به‌ڵکو له‌ گه‌ڵ سیاسه‌ت و ویسته‌کانى PKK و به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان ناکۆک ‌بووه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سێ پڕۆژه‌ ده‌خاته‌ به‌رنامه‌ى کارى خۆیه‌وه‌ که‌ بریتى ده‌بن له‌:

ـ هێنانه‌ خواره‌وه‌ى گه‌ریلا له‌ چیاکان. ـ هاوسه‌رگیرى پێکردنى گه‌ریلاکان. ـ بازرگانیکردنى به‌رپرسانى PKK .

بۆ سه‌رگرتنى ئه‌م پیلانه‌ مه‌ترسیدارانه‌ش هه‌میشه‌ خۆى له‌ پشت خۆشناوى ئۆج ئالانه‌وه‌ حه‌شار ده‌دا و وه‌هاى ده‌هێنایه‌ به‌رباس که‌ برا و درێژه‌ده‌رى ویسته‌کانى به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالانه‌ . ئه‌م کرده‌وانه‌ش کاریگه‌رییه‌کى هێجگار زۆرى هه‌بوو له‌نێو به‌شێک له‌ کۆمه‌ڵگاى کورده‌واریدا، چونکه‌ یه‌کێک له‌ دیارده‌ خراپه‌کانى (نێگه‌تیڤه‌کانی) نێو کۆمه‌ڵگا ناهوشیاره‌کان بریتییه‌ له‌ بایه‌خدان به‌و که‌سانه‌ى که‌ هاوخانه‌واده‌ى که‌سه‌ تێکۆشه‌ره‌کانن، له‌ هه‌مانکاتدا که‌سه‌ بوده‌ڵه‌ و تاوانباره‌کانیش هه‌میشه‌ خۆیان له‌ ژێر ناوى که‌سه‌ تێکۆشه‌ره‌کانى نێو خانه‌واده‌کانیاندا حه‌شار ده‌ده‌ن و نموونه‌ش له‌م باره‌یه‌وه‌ زۆرن‌، وه‌ک خۆ حه‌شاردانى عوسمان له‌ پشت به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان و خۆ حه‌شاردانى عه‌لى قازى له‌ پشت ناوى پێشه‌واى نه‌مر.

هه‌ر پاش ڕاده‌ستکردنه‌وه‌ى به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان ئه‌م تاقمه‌ پیلانگێڕه‌ زۆر به‌ زانابوون زۆرترین لێدوان ده‌ده‌ن به‌ میدیاکان و گه‌وره‌ترین چه‌واشه‌کارى و تاوان ئه‌نجام ده‌ده‌ن که‌ ئه‌مه‌ مشتێکه‌ له‌ خه‌رمانێکى تاوانه‌کانیان:

1ـ کاتێک سه‌رهه‌ڵدان و ڕاپه‌ڕینى نه‌ته‌وه‌که‌مان هه‌موو به‌شه‌کانى کوردستان به‌گشتى و ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان به‌تایبه‌تى ده‌گرێته‌وه‌ و به‌ هه‌زاران کچ و کوڕى ڕۆژهه‌ڵات ته‌ڤڵى ڕیزه‌کانى PKK ده‌بن و هه‌وڵى پاراستنى پارتى کرێکارانى کوردستان ده‌ده‌ن که‌ چى عوسمان له‌و کاته‌ هه‌ستیاره‌دا ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانانه‌ به‌ ئاژاوه‌گێڕى و ده‌ستى بێگانه‌ پێناسه‌ ده‌کات و خۆپیشانده‌رانیش وه‌ک نۆکه‌رى ئیسرائیل ناوزه‌د ده‌کات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى که‌ هه‌ر له‌و کاته‌دا بانگه‌شه‌ى دیموکراتبوونى تورکیا لێده‌دات له‌ مه‌دیا ـ تیڤی و ڕاگه‌یاندنیش به‌ناوى PKKوه‌ ده‌دات و ده‌ڵێت ئێمه‌‌ ئاماده‌ین بچین شه‌ڕى لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کانى باشوورى کوردستان بکه‌ین، به‌ بێ ئه‌وه‌ى که‌ هیچ کێشه‌یه‌ک له‌ نێوان PKK و لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کاندا ڕوویدابێت، به‌ڵکو ئه‌م لێدوانانه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ بوو که‌ به‌ره‌یه‌کى شه‌ڕى نوێ بۆ PKK زیاد بکات.

ئه‌م لێدوانانه‌ى عوسمان زۆر به‌زانابوون ده‌دران تاکو PKK و سه‌رۆکه‌که‌ى به‌ ته‌نها بهێڵێته‌وه‌ و هیچ کوردێک خاوه‌ندارێتیان لێنه‌کات و ئیمپریالیزم و داگیرکه‌ران به‌ ئامانجه‌کانیان بگه‌ن.

2ـ هه‌ر له‌و کاته‌دا که‌ ڕاپه‌ڕینى کوردان هه‌موو جیهانى گرتبوویه‌وه‌ و وڵاتانى ئه‌وروپى هه‌ژاندبوو و سه‌رهه‌ڵدانه‌کان به‌ جۆرێک له‌ گه‌شه‌کردندا بوون که‌ له‌ ئانوساتى ئه‌وه‌دا بوو که‌ پیلانگێڕى نێونه‌ته‌وه‌یى به‌ قازانجى کوردان بشکێته‌وه‌، واته‌ ئه‌گه‌ر سه‌رهه‌ڵدانه‌کان زیاتر درێژه‌ى بکێشایه‌ ئه‌وا ڕه‌وشه‌که‌ ته‌واو له‌ به‌رژه‌وه‌ندى کورداندا ده‌شکایه‌وه‌ که‌ چى له‌و کاته‌دا نیزامه‌دین تاش که‌ ناسرا بوو به‌ "بۆتان" بانگه‌وازى ده‌رکرد بۆ کوردان که‌ ده‌ست له‌ ڕاپه‌ڕین و سه‌رهه‌ڵدان هه‌ڵبگرن و ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانانه‌ دوابخه‌ن بۆ کاتێکى دیکه‌، بیانووى ئه‌م گوته‌یه‌شى ئه‌وه‌ بوو که‌ گوایا PKK زیاتر گۆشه‌گیر ده‌بێت به‌و خۆپیشاندانانه‌، له‌ کاتى ئه‌م لێدوانه‌شدا فرمێسکى له‌ چاوه‌کانى ده‌باراند تاکو سۆزى کوردان بقۆزێته‌وه‌ و کوردان له‌ خشته‌ ببات. بێگومان زۆر به‌ ئاسانیش توانى ئه‌و سۆزه‌ى کوردان بقۆزێته‌وه‌ و سه‌رهه‌ڵدانى کوردان له‌ ئه‌وروپا ته‌واو که‌م بکاته‌وه‌ .

3ـ هه‌ر له‌و کاته‌دا کانى یه‌ڵماز ئه‌وروپا چۆڵ ده‌کات و خۆى ده‌گه‌یه‌نێته‌ قه‌ندیل به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى که‌ مه‌ترسى ڕاده‌ستکردنه‌وه‌ى له‌سه‌ره‌، ئه‌م ڕۆیشتنه‌ى کانى یه‌ڵماز دوو ئامانجى له‌ دوا بوو:

ا ـ بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ یاریده‌ده‌رى "عوسمان و بۆتان" و به‌ هاوکارى ئه‌وان بتوانن ده‌ست به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پارتى کرێکارانى کوردستاندا بگرن و له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ PKK ڕیشه‌کێش بکه‌ن.

ب ـ تاکو وره‌ و مۆراڵى کورده‌کانى ئه‌وروپا بشکێنێت و کۆتایى به‌ سه‌رهه‌ڵدان و ڕاپه‌ڕینه‌کان بهێنرێت، چونکه‌ له‌و کاته‌دا کانى یه‌ڵماز به‌رپرسى هه‌موو ڕێکخستنه‌کانى ئه‌وروپا بوو.

ئه‌و هۆکاره‌ى ئه‌م که‌سه‌ پیلانگێڕانه‌ى له‌ یه‌کتر کۆکردبوویه‌وه‌ دژایه‌تیکردنى PKK و سه‌رۆکه‌که‌ى بوو، ده‌نا کاتێک که‌ پیلانه‌که‌یان مایه‌پووچ بوو ئه‌و کات هه‌موویان دژ به‌یه‌کتر سه‌نگه‌ریان گرت، ئه‌م سه‌نگه‌رگرتنه‌ش پاکتاوکردنى چه‌ندین که‌سى به‌دوادا هات وه‌ک پاکتاوکردنى کانى یه‌ڵماز و که‌مال شاهین، ئه‌وه‌کانى دیکه‌ش هه‌ر یه‌که‌ و ڕێگه‌یه‌کى تایبه‌تى گرته‌به‌ر.

ئه‌و که‌سانه‌ى جێیان له‌ پیلانگێڕى نێو ڕیزه‌کانى PKK‌دا گرتبوو وه‌ها خۆیان ده‌نواند که‌ ته‌نها ئه‌وان ده‌توانن ئامانجه‌کانى به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان به‌ ده‌ست بهێنن و هه‌موو کار و کرده‌وه‌یه‌کیشیان هه‌ر به‌و ناوه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دا و ده‌یانگوت "ئێمه‌ درێژه‌ده‌ر و پارێزه‌رى هه‌نگاوه‌کانى سه‌رۆک ئاپۆین"، به‌ڵام کاتێک هه‌ڵهاتن ئه‌وکات گوتیان:"هه‌موو ئامانجى ئێمه‌ نابووتکردنى ئاپۆ و PKK بوو، چونکه‌ ئێمه‌ هیچ کاتێک له‌ گه‌ڵ ئایدیۆلۆژیا و سه‌رۆکایه‌تى PKKدا نه‌بووین".

خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ پیلانگێڕانه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات بگه‌یشتنایه‌ ئه‌وا زۆر به‌ ئاسانى ده‌شیانتوانى PKK له‌نێو ببه‌ن، چونکه‌ هێزه‌ شۆڕشگێڕه‌کان به‌ جۆره‌ که‌سانێک له‌نێو ده‌چن ئه‌گه‌ر ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ بڕوایان به‌ ئایدیۆلۆژیاى ئه‌و هێزه‌ نه‌بێت و بشگه‌نه‌ لوتکه‌ى ده‌سه‌ڵات و ببنه‌ بڕیارده‌ر، نمونه‌ش له‌ ڕیشه‌ هه‌ڵکێشانى کۆمه‌ڵه‌ى ڕه‌نجده‌رانى کوردستانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستى کاک نه‌وشیروان مسته‌فادا، چونکه‌ کاک نه‌وشیروانیش هیچ بڕوایه‌کى به‌ ئایدیۆلۆژیاى کۆمه‌ڵه‌ نه‌بوو و گه‌یشتبووشه‌ لوتکه‌ى ده‌سه‌ڵات و بڕیاردان له‌ کۆمه‌ڵه‌دا.

هه‌ڵبه‌ت زۆربه‌ى پیلانگێڕى نێو ڕیزه‌کانى PKK به‌ ڕێنومایى تاڵه‌بانى به‌ڕێوه‌ ده‌چوو، چونکه‌ تاڵه‌بانى ئه‌زموونێکى زۆرى هه‌بوو له‌ لاوازکردن و پارچه‌کردنى لایه‌نه‌ کوردیه‌کاندا، له‌ هه‌مانکاتدا له‌باربردنى کۆمه‌ڵه‌ى ڕه‌نجده‌رانى کوردستانیش له‌ ڕێى کاک نه‌وشیروانه‌وه‌ ئه‌زموونه‌کانى تاڵه‌بانى زیاتر کردبوو تاکو هه‌وڵى له‌باربردنى پارتى کرێکارانى کوردستان بدات له‌ ڕێى که‌سێکى وه‌کو عوسمانه‌وه‌ که‌ هیچ بڕوایه‌کى به‌ شۆڕش و ئایدیۆلۆژیا و سه‌رۆکایه‌تى PKK نه‌بوو.

ناخۆشترین ڕۆژى ژیانم ئه‌و ڕۆژه‌ بوو که‌ به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالانى تێدا ڕفێندرا و ڕاده‌ستى سه‌رسه‌ختترین دوژمنى نه‌ته‌وه‌که‌مان کرایه‌وه‌، به‌ڵام هیچ کاتێک باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد که‌ ڕۆژێکى له‌و ڕۆژه‌ خۆشتر ببینم که‌ سه‌دام حسێنى تێدا ده‌ستگیر کرا که‌ چى ڕۆژ هات و چوو له‌و ڕۆژه‌ خۆشتریش هاته‌ پێش چاوم، ئه‌و ڕۆژه‌ش هه‌ڵهاتنى عوسمان و هاوپیشه‌کانى بوو.

ئه‌و ڕۆژه‌ى که‌ بیستم عوسمان هه‌ڵهاتووه‌ ده‌ستبه‌جێ که‌وتمه‌ سه‌ماکردن و گوتم ئه‌و شێرپه‌نجه‌یه‌ى که‌ هه‌ناوى پارتى کرێکارانى کوردستانى گرتبوویه‌وه‌ کۆتایى هات و PKK هه‌ر له‌ ڕێى تاڵه‌بانییه‌وه‌ له‌و شێرپه‌نجه‌یه‌ ڕزگارى بوو.

ئه‌گه‌ر چى من عوسمانم له‌ نزیکه‌وه‌ نه‌ده‌ناسی"به‌ حوکمى ناحیزبى بوونم"، به‌ڵام له‌ ساڵى (1995)ه‌وه‌ ته‌واو شاره‌زاى کرده‌وه‌کانى ببووم له‌ ڕێى ئه‌و کادیرانه‌ی"پارتى کارى سه‌ربه‌خۆیى کوردستان"ه‌وه‌ که‌ ئه‌و کات له‌نێو ڕیزه‌کانى پارتى کرێکارانى کوردستاندا په‌روه‌رده‌یان ده‌بینی. هه‌میشه‌ش له‌ پێش چاوانمدا بوو که‌ ڕۆژێک دێت و عوسمان گه‌وره‌ترین تاوان ئه‌نجام ده‌دات.

وه‌ک له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م بابه‌ته‌دا باسم کرد، پیلانگێڕى (15)ى شوبات بۆ پاکتاوکردنى PKK بوو، به‌ڵام کاتێک ئیمپریالیزم و داگیرکه‌ران نه‌یانتوانى PKK پاکتاو بکه‌ن ئه‌و کات هه‌موو تواناى خۆیان خسته‌ کار تاکو بتوانن PKK کۆنترۆڵ بکه‌ن و به‌پێى ویستى خۆیان به‌کارى بێنن، ئه‌ویش له‌ ڕێى عوسمان و هاوپیشه‌کانیه‌وه‌، چونکه‌ ئیمپریالیزمى ئه‌مریکى به‌شێوه‌یه‌کى ناڕاسته‌وخۆ له‌ پشت عوسمان و هاوپیشه‌کانیه‌وه‌ بوو و ئه‌م ئه‌رکه‌شیان ڕاسته‌وخۆ له‌ ڕێى تاڵه‌بانیه‌‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌کرد.

 بۆچى ئه‌م هه‌موو پیلانگێڕییه‌ له‌سه‌ر PKK؟

ئاشکرایه‌ که‌ هیچ هێزێک هێنده‌ى پارتى کرێکارانى کوردستان پیلانى له‌ دژ نه‌کراوه‌ و نه‌شکراوه‌ته‌ ئامانج، هۆکاره‌که‌شى ئه‌وه‌یه‌ که‌ PKK به‌رژه‌وه‌ندى نه‌ته‌وه‌یى به‌ بنچینه‌ گرتووه‌ و به‌رژه‌وه‌ندى نه‌ته‌وه‌ییش له‌ یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى و یه‌کده‌نگى کورداندا مه‌یسه‌ر ده‌بێت و له‌م پێناوه‌شدا پارتى کرێکارانى کوردستان سه‌رقافڵه‌ بووه‌ . ئه‌گه‌ر یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یش سه‌قامگیر بێت ئه‌وا کۆتایى به‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئیمپریالیزم دێت له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوێندا و چى دیکه‌ گه‌لان له‌ به‌رامبه‌ر یه‌کتردا به‌کار ناهێنرێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى کوردستان ده‌که‌وێته‌ دڵى خۆرهه‌ڵاتى ناوێنه‌وه‌ و زۆربه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى ئیمپریالیزمیش له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوێندایه‌ . هه‌ر له‌و پێناوه‌شدایه‌ که‌ هێزه‌ ئیمپریالیسته‌کان هه‌م خۆیان دژایه‌تى ئه‌م هێزه‌ شۆڕشگێره‌ ده‌که‌ن و هه‌م هێزه‌ کوردیه‌ کلاسیکه‌کانیان له‌ دژ هانداوه‌ و هه‌م مه‌زنترین هاوکارى داگیرکه‌رانیش ده‌که‌ن به‌ پێ‌ چه‌ککردن و پێکهێنانیان له‌ دژى پارتى کرێکارانى کوردستان، ده‌نا ئه‌گه‌ر ئه‌و هۆکاره‌ نه‌بێت ئه‌وا هیچ هۆکارێکى دیکه‌ به‌دى ناکرێت که‌ هه‌موو داگیرکه‌رانى کوردستان و ته‌واوى هێزه‌ کلاسیکه‌ کوردیه‌کان له‌ یه‌ک سه‌نگه‌ردا کۆبکاته‌وه‌ دژ به‌ پارتى کرێکارانى کوردستان. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م سه‌نگه‌ر گرتنه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ته‌واوى ئه‌و پارته‌ کوردیانه‌ى دیکه‌ش به‌ ڕێوه‌ براوه‌ که‌ هاوخه‌بات و هاوفکرى PKKن، وه‌ک به‌ده‌په‌ و په‌ژاک و په‌یه‌ده‌ و په‌چه‌ده‌که‌ .

بۆ نموونه‌ له‌ ته‌واوى هه‌ڵبژاردنه‌کانى تورکیا و باکوورى کوردستاندا سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانى باشوورى کوردستان (ده‌سه‌ڵاتدار و بێ ده‌سه‌ڵاتیان) و لایه‌نه‌ ئینته‌رنێتیه‌کانى باکوورى کوردستانیش پشتگیرى له‌ ئه‌ردۆغانى شه‌ڕخواز ده‌که‌ن له‌ به‌رامبه‌ر لایه‌نێکى ئاشتیخوازى وه‌ک به‌ده‌په‌دا، خۆ سه‌نگه‌رگرتن له‌ به‌رامبه‌ر په‌ژاک و په‌یه‌ده‌ و ڕاوه‌دونانى لایه‌نگرانى په‌چه‌ده‌که‌ش پێویست به‌ باسکردن ناکات و له‌ که‌س شاراوه‌ نییه‌ .

له‌ ڕۆژى دامه‌زراندنى PKKوه‌ تا ئیمڕۆ ده‌یان پیلانگێڕى به‌دى ده‌که‌ین دژ به‌م هێزه‌ تێکۆشه‌ره‌ و هه‌موو پیلانه‌کانیش مایه‌پووچ بوون، هۆکاره‌که‌شى ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م هێزه‌ له‌ لایه‌ک خاوه‌نى ئایدیۆلۆژیا و ئابوورى سه‌ربه‌خۆیه‌ و له‌ لایه‌کى دیکه‌وه‌ پشت ئه‌ستوور به‌ نه‌ته‌وه‌ى کورده‌ له‌ هه‌موو به‌شه‌کانى کوردستاندا، له‌ دواى هه‌ر پیلانگێڕیه‌کیش PKK چالاکتر له‌ ڕابردوو هاتۆته‌وه‌ مه‌یدان. پیلانگێڕى (15)ى شوباتیش نه‌ک هه‌ر PKKى لاواز نه‌کرد، به‌ڵکو زیاتر له‌ جاران گه‌شه‌ى کرد و بیرى ئاپۆچێتى دوورترین شوێنه‌کانى ڕۆژهه‌ڵات و باشوور و ڕۆژئاواشى گرته‌وه‌ .

به‌ڵێ، ئیمڕۆ پێ ده‌نێینه‌ چوارده‌هه‌مین‌ ساڵڕۆژى ئه‌و پیلانگێڕیانه‌ى که‌ به‌ شێوه‌یه‌کى زۆر نامرۆڤانه‌ دژ به‌ به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان و PKK ئه‌نجام درا له‌ (15 ـ 2 ـ 1999)دا، به‌ڵام ئه‌م پیلانگێڕیانه‌ نه‌ک هه‌ر نه‌بوونه‌ هۆى دابڕانى به‌ڕێز ئۆج ئالان و PKK له‌ گه‌لى کورد، به‌ڵکو ڕۆژ له‌ دواى ڕۆژ پێگه‌ى PKK و خۆشه‌ویستى به‌ڕێز ئۆج ئالان زیاتر ده‌بێت له‌نێو کورداندا و گه‌ل و گه‌ریلا زیاتر ئاوێته‌ى یه‌کتر ده‌بن و دۆزى نه‌ته‌وه‌که‌شمان له‌ باکووردا زۆر به‌خێرایى به‌ره‌و پێش ده‌چێت که‌ چى ئه‌و که‌سانه‌ش که‌ له‌سه‌ر ناوى کوردان‌ گه‌یشتنه‌ ده‌سه‌ڵات و پێیه‌کیان له‌ پایته‌ختى داگیرکه‌ران و پێیه‌که‌ى دیکه‌یان له‌ پایته‌ختى هێزه‌ ئیمپریالیه‌کانه‌ نه‌ک هه‌ر نه‌بوونه‌ هۆکارى چاره‌سه‌رى پرسى کورد، به‌ڵکو هه‌موو ئامانجه‌کانى نه‌ته‌وه‌که‌مانیان کرده‌ کاغه‌زى قومار و به‌نێوى مادده‌ى (140) و هاوبه‌شیکردن له‌ ده‌سه‌ڵاتدا دۆڕاندیان و داگیرکه‌رێکى زۆر مه‌ترسیدارتر له‌ به‌عسیه‌کانیان بۆ به‌رهه‌م هێناینه‌وه‌، ئه‌و داگیرکه‌ره‌ش هه‌م چه‌کى نه‌ته‌وه‌په‌رستى له‌ ده‌ستدایه‌ و هه‌م چه‌کى مه‌زهه‌بگه‌ریش.

له‌ مێژووى رۆژهه‌ڵاتى ناویندا هیچ پارت و ڕێکخراوێک به‌دى ناکرێت هێنده‌ى PKK پیلانگێڕى له‌ دژ کرابێت

ئاشکرایه‌ که‌ هیچ هێزێک هێنده‌ى پارتى کرێکارانى کوردستان پیلانى له‌ دژ نه‌کراوه‌ و نه‌شکراوه‌ته‌ ئامانج، هۆکاره‌که‌شى ئه‌وه‌یه‌ که‌ PKK به‌رژه‌وه‌ندى نه‌ته‌وه‌یى به‌ بنچینه‌ گرتووه‌ و به‌رژه‌وه‌ندى نه‌ته‌وه‌ییش له‌ یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى و یه‌کده‌نگى کورداندا مه‌یسه‌ر ده‌بێت و له‌م پێناوه‌شدا پارتى کرێکارانى کوردستان سه‌رقافڵه‌ بووه‌ . ئه‌گه‌ر یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یش سه‌قامگیر بێت ئه‌وا کۆتایى به‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئیمپریالیزم دێت له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوێندا و چى دیکه‌ گه‌لان له‌ به‌رامبه‌ر یه‌کتردا به‌کار ناهێنرێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى کوردستان ده‌که‌وێته‌ دڵى خۆرهه‌ڵاتى ناوێنه‌وه‌ و زۆربه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى ئیمپریالیزمیش له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوێندایه‌

له‌ ڕۆژى دامه‌زراندنى PKKوه‌ تا ئیمڕۆ ده‌یان پیلانگێڕى به‌دى ده‌که‌ین دژ به‌م هێزه‌ تێکۆشه‌ره‌ و هه‌موو پیلانه‌کانیش مایه‌پووچ بوون، هۆکاره‌که‌شى ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م هێزه‌ له‌ لایه‌ک خاوه‌نى ئایدیۆلۆژیا و ئابوورى سه‌ربه‌خۆیه‌ و له‌ لایه‌کى دیکه‌وه‌ پشت ئه‌ستوور به‌ نه‌ته‌وه‌ى کورده‌ له‌ هه‌موو به‌شه‌کانى کوردستاندا

له‌ ته‌واوى هه‌ڵبژاردنه‌کانى تورکیا و باکوورى کوردستاندا سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانى باشوورى کوردستان (ده‌سه‌ڵاتدار و بێ ده‌سه‌ڵاتیان) و لایه‌نه‌ ئینته‌رنێتیه‌کانى باکوورى کوردستانیش پشتگیرى له‌ ئه‌ردۆغانى شه‌ڕخواز ده‌که‌ن له‌ به‌رامبه‌ر لایه‌نێکى ئاشتیخوازى وه‌ک به‌ده‌په‌دا، خۆ سه‌نگه‌رگرتن له‌ به‌رامبه‌ر په‌ژاک و په‌یه‌ده‌ و ڕاوه‌دونانى لایه‌نگرانى په‌چه‌ده‌که‌ش پێویست به‌ باسکردن ناکات و له‌ که‌س شاراوه‌ نییه‌

له‌ هه‌موو کوردێک ئاشکرایه‌ که‌ به‌ڕێز ئۆج ئالان ڕاده‌ستى دوژمن کرایه‌وه‌، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوو چاوپۆشى له‌ ئامانجه‌ پیرۆزه‌کانى نه‌ته‌وه‌که‌مان بکات و میلله‌ت بسپێردرێت به‌ داگیرکه‌ر و ئاشبه‌تاڵیش به‌ شۆڕش و شۆڕشگێران بکات. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى که‌ له‌و کاته‌دا مه‌زنترین هێرشى هێزه‌کانى بارزانى به‌ پشتیوانى تورکه‌ داگیرکه‌ره‌کان ده‌ستى پێکردبوو بۆ سه‌ر شۆڕشگێڕانى PKK

به‌ر له‌ دامه‌زرزندنى PKK، باکوورى کوردستان خاوه‌ن حه‌ڤده‌ حیزب و ڕێکخراو بوو، ئه‌و هێزه‌ به‌ ڕواڵه‌ت کوردیانه‌ ته‌نها بۆ یه‌ک جار دانوستانیان له‌ گه‌ڵ یه‌کتردا نه‌کردبوو و ته‌نها به‌ردێکیشیان به‌ڕوخسارى داگیرکه‌رى تورکدا نه‌هاویشتبوو که‌ چى پاش دامه‌زراندنى PKK هه‌م "به‌ره‌ى ته‌ڤگه‌ر"یان ساز ‌کرد و هه‌م دژ به‌ PKK شه‌ڕى بێ ئه‌مانیان جاڕ‌دا

ئه‌م پیلانگێڕیانه‌ نه‌ک هه‌ر نه‌بوونه‌ هۆى دابڕانى به‌ڕێز ئۆج ئالان و PKK له‌ گه‌لى کورد، به‌ڵکو ڕۆژ له‌ دواى ڕۆژ پێگه‌ى PKK و خۆشه‌ویستى به‌ڕێز ئۆج ئالان زیاتر ده‌بێت له‌نێو کورداندا و گه‌ل و گه‌ریلا زیاتر ئاوێته‌ى یه‌کتر ده‌بن و دۆزى نه‌ته‌وه‌که‌شمان له‌ باکووردا زۆر به‌خێرایى به‌ره‌و پێش ده‌چێت

.........

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ (26)ی گۆڤاری ( رۆژی وڵات ) دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌

 

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved