پژاك: بە قەدەغە کردنی نەورۆز دوژمنانی گەلەکەمان ناتوانن پێش لە بەهاری کوردی بگرن

کوردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ( پژاك ) رایده‌گه‌یه‌نێت نەورۆز بۆ گەلی کورد ڕوحی سەر لە نوێ ژیانەوە، بەرخۆدان و تێکۆشانی بەردەوام و هەمیشەیی بوونی کولتور و شارستانیەتی دیموکراتیکی گەلی کوردەو وتی نه‌ورۆز پەسەند نەکردنی ستەم و داگیرکەری لە لایەن گەلەوه‌ کە خاوەن یەکێک لە دێرینەترین کۆمەڵگاکانی سروشتی لە جیهاندایە وەک کولتور و نەریتێک لە قوڵایی ژیان و کەسایەتی کۆمەڵگا و تاکی کورد دا ماوەتەوە. ئەم کولتورە لە نەورۆزدا کراوەتە سیمبول و زیندوو راگیراوە .

چەوسێنەرترین دیاردەی دەسەڵات واتە دەوڵەت- نەتەو لە سەدەی بیستەمدا بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەراستدا داسەپێندراوه‌ و گەلی کورد قوربانی سەرەکی سیاسەتی پاکتاو کاری و تواندنەوە و جێنوسایدی ئەم دەوڵەت- نەتەوانە بوون. تەسلیم نەبوون و نەتوانەوە لە بەرامبەر ئەم داگیرکاریە لەم سەد ساڵەدا بە دەیان کۆمەڵکوژی لێی کەوتەوە .

کۆماری ئیسلامی ئێران هێزو ئیرادەی ئازادی گەلی کورد کە گەورەترین هێزی گۆرانکاری دیموکراتیکە به‌ مەترسی لێکدەداتەوە بۆیه‌ گوشارەکانی له‌ سەر گەلی کورد رۆژ به‌رۆژ زیاتر دەکات و وتی ئۆپەراسیۆنی ڕەشبگیری، گوشار لە سەر زیندانیانی سیاسی، بەرێوە بردنی سیاسەتی ئێعدام، و کوشتنی کاسبکاران و بەر دەوامی سیاسەتی تێکدانی ژیان و رەوشتی کومەڵگای کورد، ئەنجامی ترسی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە سەرکەوتنی قۆناخی ئیرادە و چارەسەری کێشەی کورد. لە دوایین هەڵوێستدا کۆماری ئیسلامی بەرێوە بردنی جەژنی نەورۆزی لە رۆژهەڵاتی کوردستان قەدەغە کردووە .

گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان ڕوح و کولتوری نەتەوایەتی بە بەرخۆدانی ( فەرزاد، شیرین، فەرهاد و عەلی ) و بە ڕوحی سەرکەوتنی ( سمکۆ و عەگید و بەفرین ) و دەیان قارەمانی دیکە لە خۆیدا ئافراندووە و بەهاری ئازادی خۆی لە گەڵ بەهاری ئازادی هەر چواربەشی کوردستان دەست پێ کردووە. بە قەدەغە کردنی نەورۆز پێش لە هاتنی بەهاری کوردی ناگیردرێت . کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێ پێش لەم راستییە بگرێ کە نەورۆزی ٢٠١٣ (٢٧١٣ی کوردی) نەورۆزی ئازادی و بەهاری گەلی کورد دەبێت، ئەمەش ئاشکرایە کە راستەقینەترین بەهاری گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەهاری گەلی کوردە و ئەم بەهارەیە کە هەر کەس ناچاری گۆرانکاری دەکات .

نەورۆزی ٢٠١٣ وەکوو سەرەتای بەهاری گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبینین وهەموو هێز و توانامان بۆ بە ئەنجام گەیشتنی ئەم قۆناخە وسەرکەوتنی بەهاری رۆژهەڵاتی کوردستان بە کار دەهێنین .

 

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved