قەسەدە: ٣٠٨ سەرباز و چەتە لەم هەفتەیەدا کوژراون

 

 

ئەمڕۆ هەینی بەرواری ٢٦ی/١ی/٢٠١٨ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-قەسەدە، ئاماری شەش ڕۆژی هێرشی سوپای توركیا ی بۆ سەر  عەفرین بڵاوكردەوە.

 

دەقی راگەیەندراوی قەدەسە:

 

دەوڵەتی تورك بە هاوكاری ئاشكرای بەرەی نوسرە و گروپە توندڕەوەكانی گرێدراو بە بەرەی نوسرە لە دژی گەلی ئێمە لە عەفرین هێرشێكی فراوانیان دەستپێكردووە.

 

دەوڵەتی تورك و گروپە توندڕەوەكان بە هەموو هێزی سەربازیی ئاسمانی و زەمینی و بەكارهێنانی تانك و پانزێر و تۆپهاوێژ و فڕۆكەی جەنگی و تەكنەلۆژیای سەردەم گوندەكانی عەفرین و هاوڵاتیانی مەدەنی دەكەنە ئامانج، بەو هۆیەشەوە زیانێكی زۆریان بە هاوڵاتیان گەیاندووە و ژنان و منداڵان بوونەتە قوربانی.

 

لە ماوەی شەش ڕۆژ هێرش و پەلامارەكاندا ٦٩٩ تۆپ ئاڕاستەی كانتۆنی عەفرین كراوە، ١٩١ جار هێرشی ئاسمانی كراوە و ١٣٦ جار ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویداوە.

 

هەر بەپێی ئامارەكە لەماوەی ئەو شەش ڕۆژەدا "٣٠٨ سەرباز و چەتە لە هێرشەكاندا كوژراون، لەناو ئەواندا چوار فەرمانداری سوپای تورك هەن و یەكێكیان فەرمانداری لیوای سەمەرقەند بە ناوی ئەحمەد فایزە، دوو بریندار و تەرمی چوار سەرباز كەوتوونەتە دەستی شەڕڤانان.

 

لە ماوەی ئەو شەش ڕۆژەدا ٤٣ شەڕڤانی هێزەكانی سوریای دیموكرات شەهید بوون، كە هەشتیان شەڕڤانی یەكینەكانی پاراستنی ژن-یەپەژەن. بەهۆی هێرشەكانی دەوڵەتی توركەوە تا ئێستا ٥٩ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ١٣٤ هاوڵاتی دیكەش بریندار بوون.

 

دەوڵەتی تورك نەك تەنها عەفرین، بەڵكو منبیج و كۆبانێ‌ و جزیرە-شی كردوەتە ئامانج و ئەو ناوچانەش تۆپباران دەكات، هەربەهۆی تۆپبارانەكانی سوپای توركەوە بۆ سەر كۆبانێ‌ سێ‌ هاوڵاتی شەهید بوون و هاوڵاتیەكیش بریندار بووە.

ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورك وەكو بەردەوامیی هێرشە تیرۆریستییەكانی دیكەی داعشە و دەوڵەتی تورك دەیەوێت داعش بژێنێتەوە، كە بەهۆی هێزەكانی ئێمەوە بەرەو لەناوچوون چوون.

 

.................

ئێوارەی ڕۆژی شەممە بەرواری ٢٠ی/١ی /٢٠١٨ دەوڵەتی توركیا بە ئامانجی داگیركردنی عەفرین هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر عەفرین دەستپێكرد، دەوڵەتی توركیا تا ئێستا نەیتوانیوە خاكی عەفرین داگیربكات، هەربۆیە شوێنی هاوڵاتیان بۆردوومان دەكات بۆ ئەوەی ناوچەكانی خۆیان جێبهێڵن.

بەهۆی بەردەوامی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر عەفرین ژمارەی قوربانییەكانی مەدەنی بەردەوام بەرزدەبنەوە، تا ئەمڕۆ و بەپێی ئامارەكان ٦٢ هاوڵاتی شەهیدبوون و زیاتر لە ١٣٤ هاوڵاتی دیكەش بریندار بوون، كە زۆرینەی ژن و منداڵن.

 

 

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved