"قامیشلۆ" له‌سێهه‌مین کۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی گه‌نجان چ مزگێنی بدات؟

 سیروان محه‌مه‌د

 ٣/٣/٢٠١٣

یه‌که‌مین کۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی گه‌نجان وه‌ک مزگێنی یه‌ک دیاری گه‌نجانی هه‌ر چواربه‌شی کوردستان کرا. کۆنفرانسی یه‌که‌مین که‌ له‌ 16/3/2011 له‌رۆژی ساڵیادی کیمیابارانی "هه‌ڵه‌بجه‌" له‌شاری "ئامه‌د" به‌ئاماده‌ بوونی نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م رێکخراو و دام و ده‌زگا حکومی و ناحکومی گه‌نجان بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ به‌ده‌ستپێشخه‌ری "گه‌نجانی وڵاتپارێز و دیموکراتیک" به‌ڕێوه‌ چوو. هه‌ر چه‌ند که‌ کۆنفرانسی یه‌که‌م له‌که‌ش و هه‌وایه‌کی سامناک واتا له‌ژێر زه‌خت و گوشاری هێزه‌ فاشیسته‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیادا، گه‌نجان له‌سه‌ر 15 خاڵی گرنگ و مێژوویی رێک ده‌که‌ون و ده‌کرێته‌ بڕیاری نه‌ته‌وه‌یی بۆ هه‌نگاوی یه‌که‌مینی چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی گه‌نجان. ته‌نانه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ران و رێکخه‌رانی ئه‌و کۆنفرانسه‌ ئه‌مڕۆ به‌هۆی تاوانی نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه‌ ده‌ستگیر و له‌زینداندا به‌ند کراون، هه‌روه‌ها به‌ده‌یان گه‌نج له‌م پێناوه‌دا له‌لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه‌ شه‌هید کراون.

  کۆی ئه‌و بڕیارانه‌ی که‌ گه‌نجانی کورد بۆ یه‌که‌مین جار له‌مێژووی کورددا به‌هاوده‌نگی له‌سه‌ری رێکده‌که‌ون، له‌و باوه‌ڕه‌دام له‌ماوه‌ی یه‌کساڵه‌دا ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌کانی کۆنفرانسه‌که‌ به‌به‌رپرسیاری و دڵسۆزیه‌وه‌ کاری گرنگ و ئه‌ساسی له‌سه‌ر ئه‌و 15 خاڵه‌یان بکردایه‌، بێگومان ده‌یانتوانی له‌گۆڕانکاری و چاره‌نووسی کێشه‌و گیرو گرفته‌کانی گه‌نجان خاوه‌ن رۆڵی مێژوویی ببن.

پاش تێپه‌ڕ بوونی ساڵێک ئاماده‌کاری بۆ دووهه‌مین کۆنفرانس به‌ده‌ستپێشخه‌ری "گه‌نجانی وڵاتپارێز و دیموکراتیک" کرا که‌ به‌ پێ‌ بڕیاری یه‌که‌مین کۆنفرانس پێویست بوو له‌شاری "هه‌ولێر" به‌ڕێوه‌ بچێت. کۆنفرانسه‌که‌ له‌‌ژێر دروشمی"له‌‌پێناو یه‌‌کگووتاری نه‌‌ته‌‌وه‌‌یی گه‌نجانی کورد" به‌ئاماده‌ بوونی نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م به‌شه‌کانی کوردستان سه‌ره‌رای ناکۆکییه‌کی زۆر ده‌رکه‌وت، ئه‌نجام درا. له‌هه‌مان کۆنفرانس دا 22 خاڵی گرنگ جیا له‌چه‌ند خاڵێکی به‌کۆی ده‌نگ ده‌بنه‌ بڕیار و له‌لێدوانێکی راگه‌یاندنیدا بۆ رای گشتی ئاشکرا ده‌کرێت.

ئامانج له‌کۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی گه‌نجان

ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌م کۆنفرانسانه‌ بۆ هه‌ر تاکێکی کورد روون و ئاشکرایه‌. چونکه‌ کوردستان له‌لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه‌ له‌ت له‌ت و پارچه‌پارچه‌ کراوه‌ و هه‌ر داگیرکه‌رێک به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی کوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌بات. واتا کوردستان مه‌حکوم به‌ئازادی کراوه‌. له‌لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه‌ کراوه‌ته‌ زه‌ویه‌کی بایه‌ر، ئه‌وه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت له‌ناویدا ده‌چێنن. کۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی گه‌نجان ده‌توانێت ببێته‌ هه‌نگاوی یه‌که‌مینی بۆ پووچه‌ڵ‌ کردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی پاکتاو کاری، له‌ت له‌ت و پارچه‌پارچه‌ کراوی کوردستان. به‌کورتی ئه‌و کۆنفرانسانه‌ ده‌توانێت چوار ده‌ستکه‌وتی گرنگ و مێژوویی بۆ گه‌نجان هه‌بێت: یه‌که‌م؛ گه‌نجان له‌کێشه‌و ئازاره‌کانی یه‌کتر ئاگادار ده‌بن. دووهه‌م؛ هه‌نگاوی یه‌که‌مین بۆ یه‌کێتی، یه‌کهه‌ڵوێستی و یه‌کده‌نگی گه‌لی کورد ده‌بێت. سێهه‌م؛ شکاندنی سه‌رجه‌م ئه‌و سنوورانه‌ی که‌ داگیرکه‌ران له‌کوردستاندا دروستیان کردووه‌. چواره‌م؛ پته‌و کردنی بیری نه‌ته‌وه‌یی له‌نێوان گه‌نجاندایه‌. هێنانه‌کایه‌ی ئه‌و چوارخاڵه‌ش خۆ به‌خۆ هه‌وێنی سه‌رکه‌وتنی گه‌لی کورد پێک دێنێت.

دوو ساڵ‌ به‌سه‌ر کۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی گه‌نجان تێپه‌ڕ ده‌بێت و له‌ماوه‌ی پێکهێنانی سێهه‌مین کۆنفرانس نزیک ده‌بینه‌وه‌، له‌م چوارچێوه‌دا سه‌رجه‌م داموده‌زگا حکومی و ناحکومی گه‌نجان چ له‌کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئاماده‌کاری خۆیان بۆ به‌شداری له‌سێهه‌مین کۆنفرانسدا ده‌که‌ن. کۆنفرانسی سێهه‌م؛ به‌پێ‌ بڕیاری دووهه‌مین کۆنفرانس له‌شاری "قامیشلۆ" له‌رۆژئاوای کوردستان ببه‌سترێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان هه‌ر چه‌ند له‌ناو شۆڕشدایه‌، گه‌رم و گوڕی سێهه‌مین کۆنفرانس به‌ئامێز ده‌گرێت.

چه‌ند لایه‌ن داواکارن کۆنفرانسی گه‌نجان له‌باشوور ساز بکرێت

چه‌ند لایه‌نی رۆژهه‌ڵاتی و باشووری کوردستان به‌به‌هانه‌ی نه‌بوونی ئاسایش له‌رۆژئاوادا ده‌یانه‌وێت کۆنفرانس له‌هه‌رێمی کوردستاندا پێک بێت. ئه‌مه‌ش بۆخۆی پێشێل کردنی یه‌کێک له‌بڕیاره‌کانی گه‌نجان دێت که‌ به‌تایبه‌ت یه‌کێتی لاوانی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌یانه‌وێت نکۆلی بڕیاره‌کانی کۆنفرانسی پێشووی گه‌نجان بکه‌ن و به‌ هه‌ندێک به‌هانه‌ی ساکاره‌وه‌ ئاراسته‌ی کۆنفرانسه‌که‌ به‌لا رێدا ببه‌ن. سه‌ره‌رای لێدوانێکی ئه‌ندامی ده‌سته‌ی باڵای کورد ( ئاڵدار خه‌لیل ) رایگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌وان هه‌موو ده‌رفه‌تێک به‌کار ده‌هێنن تا ئاسایشی کۆنفرانسه‌که‌ بپارێزن و ته‌نانه‌ت گه‌لی کورد له‌رۆژئاوا خاوه‌ن یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌له‌، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی دڵخۆش بن و ئه‌م کۆنفرانسه‌ خه‌ڵاتی سه‌رجه‌م تێکۆشه‌رانی گه‌نجان له‌رۆژئاوا بکه‌ن و ده‌ستخۆشی له‌ یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل که‌ ئه‌رته‌شێکی گه‌نجانه‌ بکه‌ن که‌ ئه‌و شۆڕشه‌ی که‌ له‌ 19ی ته‌مموز به‌ده‌ستپێشخه‌ری گه‌نجان به‌تایبه‌ت ژنی گه‌نج ده‌ستی پێکرد و ئه‌مڕۆ مێژوویه‌کیان خولقاند, تۆ بڵێی ئه‌و رێکخراوه‌ و لایه‌نه‌کانی ژێر سێبه‌ری نه‌یانه‌وێت دان به‌و هێزی ره‌وای گه‌لی کورد دابنێن یان باوه‌ڕیان به‌م هێزه‌ نییه‌، یان به‌رزگار کردنی پارچه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردستان چاویان هه‌ڵنایه‌ت..

سوور بوونی ئه‌م لایه‌نانه‌ له‌سه‌ر گۆڕینی جێگای کۆنفرانس هه‌ڵه‌یه‌کی مێژووییه‌ و ته‌نانه‌ت واتای ره‌ق وه‌ستانه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر به‌ مێژووی خۆڕاگری و تێکۆشه‌ری و ئازادی کوردانه‌. دواخستنی دیدار و کۆبوونه‌وه‌کان له‌ لای ئه‌مانه‌وه‌ واتای گێره‌شێوێنی و پووچه‌ڵ‌ کردنه‌وه‌ی کۆنفرانس و پچڕاندنی پردی یه‌کێتی نێوان کورد ده‌بێت. بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ک سه‌باره‌ت به‌و لێدوانه‌ی ده‌سته‌ی ئاماده‌کاری کۆنفرانسه‌که‌ چه‌ند رۆژ پێش رایگه‌یاندبوو که‌ داواکارن سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان به‌به‌رپرسیاریه‌وه‌ هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن و له‌و کۆنفرانسه‌دا به‌شداری بکه‌ن.

  لێره‌دا ده‌مه‌وێت به‌ چه‌ند که‌م و کورتی و لاوازی هه‌ر دوو کۆنفرانسی رابردوو ئاماژه‌ بکه‌م که‌ ئه‌م کۆنفرانس پێویسته‌ له‌و که‌م و کورتیانه‌ دووره‌په‌رێز بێت.

که‌م و کورتیه‌کانی یه‌که‌مین و دووهه‌مین کۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی گه‌نجان

١ -  ئاوێته‌ی زهنیه‌تی حیزبچیه‌تی و ده‌سه‌ڵات خوازی و ره‌گه‌زپه‌ره‌ستی بووه‌.

٢ - گه‌نجانی کورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌لای یه‌کدی کۆده‌بنه‌وه‌، هێزی یه‌کگرتووی گه‌لی کورد دابمه‌زرێنن، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌که‌ی به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌وه‌ له‌هه‌وڵی لاواز و بێ‌هێز کردنی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ دانه‌.

٣ - زهنیه‌تی کۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی گه‌نجان ئه‌وه‌یه‌ که‌ هیچ لایه‌نێک نابێت په‌راوێز بخرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و لایه‌نانه‌ی که‌ده‌روه‌ی ده‌سه‌ڵاتن، پێویسته‌ وه‌ک نوێنه‌ری ئازادیخوازی گه‌ل ناوزه‌د بکرێن و هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌لیاندا بکرێت، به‌ڵام له‌کرده‌وه‌ی لایه‌نه‌کاندا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه‌.

٤ -  جیاوازی ره‌گه‌زی له‌هزری نه‌ته‌وه‌یی گه‌نجاندا جێگای نابێت، هه‌ر دوو ره‌گه‌ز به‌ بێ‌جیاوازی مافی به‌شداری و به‌ڕێوه‌به‌ریان له‌سه‌رجه‌م بواره‌کاندا هه‌بێت، به‌ڵام ره‌گه‌زی ژن له‌سه‌رجه‌م بواره‌کانه‌وه‌ په‌راوێز خراون.

٥ - هیچ کۆبوونه‌وه‌و بڕیارێکی نه‌ته‌وه‌یی گه‌نجان نابێت به‌نهێنی و به‌به‌شدار نه‌بوونی کۆمه‌ڵێک لایه‌ن که‌ کاریگه‌ری کارایان له‌ئاڵوگۆڕی ناوچه‌که‌دا هه‌یه‌ ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام به‌تایبه‌ت له‌باشوور هه‌موو کۆبوونه‌وه‌کان به‌بێ‌ ئاگاداری لایه‌نه‌کانی ده‌روه‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌نجام دراوه‌. چۆن ئێستا لایه‌نی ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ودایه‌ره‌که‌یان کۆبوونه‌وه‌ی شاراوه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی کۆنفرانس ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت بۆ پێکهێنانی 5 هه‌مین کۆنفرانسی دووهه‌م که‌ فیدراسیۆنی گه‌نجان دابمه‌زرێت به‌ڵام به‌ده‌ستپێشخه‌ری یه‌کیه‌تی لاوانی پارتی ئه‌و لایه‌نانه‌ی که‌ ده‌ستپێشخه‌ری سه‌ره‌کی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌که‌ن له‌هه‌وڵی په‌راوێز خستنیان بوون. له‌هه‌وڵی دامه‌زراندنی فیدراسیۆنی گه‌نجانی ده‌سه‌ڵاتدارو ده‌سه‌ودایه‌ره‌کانیان دراوه‌ نه‌فیدراسیۆنی گه‌نجانی کورد، به‌هه‌مان جۆر ده‌یانه‌وێت له‌رێکخستنی سێهه‌مین کۆنفرانس ئه‌و لایه‌نه‌ سه‌ره‌کیانه‌ په‌راویچز بخه‌ن.

٦ - لایه‌نه‌کان به‌جێگای ئه‌وه‌ی پشت به‌سیاسه‌ت و ئیمکاناتی ده‌ره‌کی ببه‌ستن و له‌م پێناوه‌دا به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و کۆمه‌ڵگا بکه‌نه‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و رێکخراوه‌ییان، پشت به‌هێزی گه‌ل و ئیمکانی گه‌له‌که‌یان و رێکخراوه‌ کوردستانیه‌کان ببه‌ستن، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌ هه‌ڵسوکه‌وت کراوه‌.

٧ - لایه‌نی کرداری بۆ جێ‌به‌جێ‌ کردنی بڕیاره‌کانی کۆنفرانس گه‌لێک لاوازی تێدا هه‌بووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی کرداری به‌شێوازی یه‌کگرتوو هیچ دانه‌نراوه‌، به‌شێکی زۆری لایه‌نه‌کان ته‌نیا بۆ ناو و له‌کاتی لێدوانی چاپه‌مه‌نیدا له‌مه‌یدانی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی دان، به‌ڵام له‌کاتی کرداردا دووره‌په‌رێز ده‌بن.

٨ - زهنیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ته‌نیا له‌و دوور رۆژه‌دا له‌نێوان گه‌نجان ده‌کرێته‌ به‌رباسه‌وه‌، پاش کۆنفرانس سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان ئه‌رکی مێژوویی خۆیان له‌بیر کردووه‌ته‌وه‌.

٩ - لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان نه‌به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌که‌یان هه‌ڵسوکه‌وتیان کردووه‌، به‌ڵکوو به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وندی ته‌سکی حیزبایه‌تی وخێڵچیه‌تی کرده‌وه‌یان نواندووه‌.

چ لایه‌نێک سه‌رچۆپی دژی زهنیه‌تی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌کێشێت

زهنیه‌تی لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی گه‌نجان له‌باشووری کوردستان له‌م دوو ساڵه‌دا ئه‌وه‌یان نه‌خشاندووه‌ که‌ زهنیه‌تێکی دوور له‌نه‌ته‌وایه‌تی په‌ره‌ پێ‌ده‌ده‌ن. چونکه‌ به‌پێ‌ بڕیاری خاڵی ٦ی کۆنفرانسی یه‌که‌م ( بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد، ده‌بێت رێبازی دیموکراتیک و ئاشتیانه‌ بگردرێته‌ به‌ر ) و خاڵی ٨ ی کۆنفرانسی دووهه‌م ( پێویسته‌‌ شه‌‌ڕی "براکوژی" به‌‌ هه‌‌ر پاساوێک دووباره‌‌ نه‌‌بێته‌‌وه‌‌و هه‌‌ر لایه‌‌نێک دووباره‌‌ی بکاته‌‌وه‌‌ پێویسته‌‌ له‌‌لایه‌‌ن هه‌‌موو لایه‌‌نه‌‌کانه‌‌وه‌‌ شه‌‌رمه‌‌زار بکرێت ). ئه‌و لایه‌نه‌ی که‌ چ به‌ جه‌سته‌یی و زهنی له‌هه‌وڵی تیرۆرکردنی هزری نه‌ته‌وه‌یی دا بێت پێویسته‌ بکرێته‌ به‌ر ره‌خنه‌وه‌. یان به‌گوێره‌ی ئه‌و بڕیارانه‌ شه‌رمه‌زار بکرێت. لێره‌دا پێویسته‌ بپرسین ئایا ئه‌و رێکخراوه‌ی گه‌نجانی سه‌ر به‌ PDK, له‌باشووردا سه‌رچۆپی دژایه‌تی هزری نه‌ته‌وه‌یی ده‌کێشێت, یاخود هه‌ڵگری دروشمی "له‌‌پێناو یه‌‌کگووتاری نه‌‌ته‌‌وه‌‌یی گه‌نجانی کورد"ی کۆنفرانسی گه‌نجانه‌ ؟ . له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێستا کۆمه‌ڵێک کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی له‌ژێر ناوی کۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی به‌به‌شداربوونی کۆمه‌ڵێک لایه‌ن که‌ کراونه‌ته‌ سێبه‌ری ئه‌و رێکخراوه‌، سه‌رپه‌ره‌شتی ده‌کرێت. کۆمه‌ڵێک لایه‌نی دیکه‌ بۆ نموونه‌ "کۆمه‌ڵێن جوان، کۆمه‌ڵانی جوانانی رۆژهه‌ڵات، کۆمه‌ڵه‌ی گه‌نجانی وڵاتپارێز له‌باشووری کوردستان، کۆمه‌ڵه‌ی گه‌نجانی شۆڕشگێڕ له‌رۆژئاوای کوردستان و ته‌نانه‌ت دامه‌زرێنه‌ری یه‌که‌مین کۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی گه‌نجان "گه‌نجانی وڵاتپارێز و دیموکراتی" که‌ وه‌ک فاکته‌ری سه‌ره‌کی له‌به‌دیهێنانی هزری نه‌ته‌وه‌یی دانه‌، له‌هه‌وڵی په‌راوێز خستنیاندان.

ئه‌م بڕیارانه‌ ئه‌وه‌ی بۆ گه‌لی کورد سه‌لماند چ لایه‌نێک کۆسپ و ته‌گه‌ره‌ له‌به‌رامبه‌ر پێکنه‌هاتنی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی له‌کوردستان دروست ده‌کات. بڕیاری ١٦ی له‌کۆنگره‌ی دووه‌م؛ هه‌موو لایه‌نه‌کان پشتیوان و هاوکاری شۆڕشی رۆژئاوا ببن که‌ به‌ده‌ستپێشخه‌ری گه‌نجان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. به‌ڵام ئێمه‌ شاهیدی ئه‌وه‌ بووین که‌ "پارتی دیموکراتی کوردستان" ماوه‌یه‌کی درێژ ئابلۆقه‌ی ئابووری به‌سه‌ر گه‌لی کورددا دروست کرد. سه‌رجه‌م سنووره‌کانی له‌سه‌ر ئه‌و گه‌لی تێکۆشه‌ر داخست. ئایا هاوکاری نه‌ته‌وه‌یی و پشتگیری گه‌ل به‌م ره‌نگه‌ ده‌بێت؟ یان له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ پاڵپشتی سیاسه‌ته‌ چه‌په‌ڵه‌کانی پارتی دادو گه‌شه‌پێدان ده‌که‌ن، ئه‌و کات واتای یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی بۆ گه‌لی کورد چییه‌؟ رێکخراوه‌کانی سه‌ر به‌م پارتانه‌ چ هه‌ڵوێستێکیان له‌م ماوه‌دا هه‌بوو؟ ئه‌مڕۆ سه‌رجه‌م هه‌وڵ‌و تێکۆشانی ئه‌و پارت و پاشکۆکانی ئه‌وه‌یه‌ که‌ هێزی (یه‌په‌گه‌) که‌ پێکهاته‌ی گه‌نجان دروست بووه‌و له‌چوارچێوه‌ی پاراستنی ره‌وا به‌رگری له‌مافی ره‌وای نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌کات و هه‌روه‌ها پارتی سیاسی (په‌یه‌ده‌)له‌رۆژئاوا و (په‌که‌که‌) له‌باکووری کوردستان لاواز بکات. ئایا ئه‌م سیاسه‌ته‌ له‌قازانجی یه‌کێتی کورداندایه‌، یان له‌قازانجی سیاسه‌تی پارچه‌کرن و قڕکردنی گه‌لی کورددایه‌؟ له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ به‌هه‌زاران گه‌نجی کورد له‌باکووری کوردستان بێ‌هیچ تاوانێک له‌به‌ندیخانه‌دا به‌ند کراون، زهنیه‌تی ئه‌و رێکخراو ئه‌وه‌یه‌ که‌ پێویسته‌ گه‌نجانی کورد به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکیا بێ‌ ده‌نگ بمێنن و ده‌ست بۆ چه‌ک نه‌به‌ن، له‌رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌هه‌مان چه‌شنه‌ به‌ده‌یان گه‌نجی کورد چاوه‌ڕوانی له‌سێداره‌ن، زهنیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی گه‌نجان تا چ ئاستێک توانیویه‌تی ببێته‌ مزگێنی دڵخۆشکه‌ری ئه‌و گیراوه‌ سیاسیانه‌و تێکۆشانی هاوبه‌ش و پته‌وی نه‌ته‌وایه‌تی بۆ ئازاد کردنیان دراوه‌؟ سه‌ره‌رای ئه‌مانه‌ش داواکاری گۆڕینی جێگای کۆنفرانس بۆ باشوور ده‌کرێت و رۆژئاوای کوردستان به‌ نائارامی و نه‌بوونی ئاسایش تۆمه‌تبار ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کۆنفرانس بخه‌نه‌ ژێر رکێفی خۆیانه‌وه‌. پێویسته‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ بزانن ( دونیا ده‌ورانه‌، پێرێ‌ ئامه‌د، دوێنێ‌ هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ قامیشلۆ و سبه‌ینێش پێویسته‌ سنه‌ ) بێت. به‌گوێره‌ی چه‌رخی دیموکراسی ده‌ورانی ئێوه‌ ده‌رباز بوو، پێویسته‌ بۆ سووڕانه‌وه‌ی چه‌رخی یه‌کێتی کورد هه‌موو هه‌وڵدانتان بخه‌نه‌ گه‌ڕ.

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ باشووری کوردستان که‌وه‌ک ده‌ستکه‌وتێکی مێژوویی کورد له‌خاڵی ٩ی کۆنفرانسی یه‌که‌م ناوزه‌د کراوه‌و پاراستنی ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ ئه‌رکی سه‌ره‌کی هه‌رتاکێکی کورده‌. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌مان بڕیاره‌وه‌ زۆر به‌روونی ده‌بینرێت که‌ باشووری کوردستان ده‌روه‌ی زهنیه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی، مۆڵگه‌ی هه‌ر چه‌شنه‌ زهنیه‌تی داگیرکه‌رییه‌. لێره‌دا لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی گه‌نجان به‌رپرسیارن تا چه‌ندێک توانیویانه‌ ده‌ستپێشخه‌ری بۆ گۆڕانکاری ئه‌م عه‌قلیه‌ته‌ بکه‌ن، یان کێ‌ هاوکار و پشتیوانی زهنیه‌تی داگیرکاری له‌هه‌رێمی کوردستاندایه‌؟ بۆیه‌ به‌گوێره‌ی زهنیه‌تی حاکم له‌هه‌رێمدا کرده‌وه‌یه‌کی دوور له‌زهنیه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، ئه‌مه‌ش بۆخۆی رق و نه‌فره‌تی له‌ناو گه‌نجان له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستکه‌وتی باشووری کوردستان دروست کردووه‌. یه‌که‌مین به‌رپرسیاری ئه‌م قه‌یرانه‌ یه‌کێتی لاوانی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌ که‌ پێویستی به‌ یه‌ک لاکردنه‌وه‌ی له‌سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌ییانه‌دا هه‌یه‌، ئایا پشتیوان و دۆستی گه‌لی کوردن یان پشتیوان و دۆستی هێزه‌ داگیرکه‌ره‌کانی کوردستانن؟

مزگێنی قامیشلۆ بۆ سێهه‌مین کۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی گه‌نجان

له‌سێهه‌مین کۆنفرانسدا پێویسته‌ ئیراده‌ی ئازادیبه‌خشی گه‌نجان مۆرکی خۆی به‌سه‌ر کۆنفرانسدا بدات. لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانی دیکه‌ دوور له‌زهنیه‌تی حیزبچیه‌تی به‌دڵسۆزیه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ر پێواژۆ هه‌ستیارو ئاگاهانه‌ هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن، ئیراده‌ی ئازادی کۆنفرانس سه‌رجه‌م که‌م و کورتییه‌کانی دوو ساڵه‌ی رابردوو سه‌ره‌ڕاست بکاته‌وه‌. "یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل" به‌ ئه‌رته‌شی نه‌ته‌وه‌یی گه‌نجان په‌سه‌ند بکرێت، رۆژئاوای کوردستان به‌ده‌ستکه‌وتێکی دیکه‌ مێژوویی گه‌لی کورد ناوزه‌د بکرێت و ئه‌رکی پاراستنی جیا له‌"یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل" بخرێته‌ سه‌رشانی سه‌رجه‌م گه‌نجانی کورد. یه‌که‌مین"که‌تیبه‌ی ژنانی گه‌نج" له‌رۆژئاوای کوردستان به‌هێزی ده‌ستپێشخه‌ر و ئه‌رته‌شی پاراستنی مافی ره‌وای ژنان ناوزه‌د بکرێت. مۆدێلی تێکۆشانی، هزری، سیاسی، رێکخستنی، ئابووری و به‌رگری ره‌وا بکرێته‌ مۆدێلی تێکۆشانی ئازادیخوازی گه‌لی کورد له‌هه‌ر چواربه‌شی کوردستان. "پارتی یه‌کێتی دیموکراتیک"و "یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل" چۆن ئه‌مڕۆ خاوه‌ندارێتی له‌ده‌ستکه‌وته‌کانی گه‌له‌که‌یان له‌و به‌شه‌ی کوردستان ده‌که‌ن. پێویسته‌ هێز و لایه‌نه‌کانی باشوور، باکوور و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌هه‌مان چه‌شنه‌ خاوه‌ندارێتی له‌گه‌له‌که‌یان بکه‌ن.

پێویسته‌ چواره‌مین کۆنفرانسی گه‌نجان خه‌ڵاتی شاری سنه‌ بکرێت

له‌کۆنفرانسی سێهه‌مین بڕیاری ئه‌نجامدانی چواره‌مین کۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی گه‌نجان ده‌درێت، واتا چواره‌مین کۆنفرانس له‌رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌بێت. شاری "سنه‌"ی خوێناوی ئاوات و ویسته‌کانی گه‌نجان به‌ئامێز بگرێت، واتا ده‌نگی گه‌نجانی هه‌ر چواربه‌شی کوردستان به‌پاڵپشتی "یه‌کینه‌کانی به‌رگری گه‌ل" له‌"قامیشلۆ" به‌ره‌و "سنه‌" به‌رز ده‌بێته‌وه‌. ئه‌و کات گه‌نجانی کورد بۆ ساڵێک ده‌رفه‌تیان ده‌بێت به‌ هه‌موو ئیمکان و توانایانه‌وه‌ بۆ فه‌راهه‌م کردنی زه‌مینی شۆڕش له‌رۆژهه‌ڵاتی کوردستان تێکۆشانیان پته‌وتر بکه‌ن. لافاوی تێکۆشانی نه‌ته‌وه‌یی "پارتی کرێکارانی کوردستان" له‌هه‌ر چواربه‌شی کوردستان ئه‌نجام به‌ده‌ست ده‌خات، بۆیه‌ کۆنفرانسی سێهه‌م؛ ده‌بێته‌ کۆنفرانسی یه‌ک لا که‌ره‌وه‌ی هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته‌کانی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان. له‌م کۆنفرانسه‌دا بڕیاری راماڵینی زهنیه‌ت وهێزی داگیرکه‌ری له‌کوردستان ده‌درێت، سه‌رجه‌م سنووره‌کانی ناو هزره‌کان تێکده‌شکێنرێت. ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی یه‌کساڵدا به‌چڕوپڕی تێکۆشانی دیموکراتیانه‌ی گه‌نجان به‌ڕێوه‌ بچێت ئه‌وا مافی ره‌وای گه‌نجان که‌ ئه‌نجامدانی کۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی له‌"سنه‌"ی خوێناوی ده‌بێت، بێته‌ دی و که‌شتی چواره‌مین کۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی گه‌نجان له‌رۆژهه‌ڵاتدا له‌نگه‌ر دابکوتێت.

هیوادارم ئه‌و لایه‌نانه‌ی تا به‌ئه‌مڕۆ له‌ژێر ماسکی کوردبوونه‌وه‌، کۆسپ و ته‌گه‌ره‌یان له‌به‌رامبه‌ر تێکۆشانی ئازادیخوازی گه‌لی کورد دروست کردووه‌، ده‌ست له‌و زهنیه‌ت به‌ربده‌ن و په‌یوه‌ستی کاروانی تێکۆشه‌رانی نه‌ته‌وه‌که‌یان ببن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م قۆناغی پێشماندایه‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد یه‌کلا ده‌بێته‌وه‌. له‌باکوور، رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا و باشوور به‌گشتی گه‌لی کورد مافی ره‌وای خۆی به‌ده‌ست ده‌خات.

له‌کۆتایی دا به‌هیوای ئه‌نجامدانی کۆنفرانسێکی سه‌رکه‌وتوو که‌ هێزو توانا به‌شۆڕشی رۆژئاوا ببه‌خشێت و گه‌نجان به‌گه‌رمایی ئه‌و شۆڕش تیشکی ئازادی له‌به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا بپاشێنن

 

 

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved