راچڵهکاندن و بهکارهێنانی هێز، دهبێـته هۆی چاندنی رهفتاری خراپ له منداڵاندا

و: له فارسییهوه
بهیان حهسهن حهمهتالیب/چەترپرێس

خراپترین رهوشهکانی پهروهردهکردنی منداڵ

ئایا ئێوهش له کۆمهڵهی ئهو دایک و باوکانهن کهوا بیر دهکهنهوه کێشهکانی ههڵسوکهوتی منداڵان تهنها دهبێت به بهکارهێنانی توندوتیژی و تهمێدادان چارهسهر بکرێت؟ ئێوهش وا بیر دهکهنهوه ههر له سهرهتاوه به بێ هیچ پێشهکییهک دهبێت پهنا بۆ راچڵهکاندن و ئازاردانی منداڵ بهرین بۆ ئهوهی ههڵسوکهوتی بهرهو باشتر بڕوات؟
راچڵهکاندن و بهکارهێنانی هێز، دهبێـته هۆی چاندنی رهفتاری خراپ له منداڵاندا. کهواته ههر کاتێک ئێمه جۆرێک له پهروهردهکردنمان بهکار هێنا و له داهاتوودا بوو بههۆی زیادکردنی کێشه سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژییهکان له ههڵسوکهوت و رهوشتی منداڵهکانماندا، ئهوه بزانه ئهمه مانای ئهوهیه که جۆری پهروهردهکردنهکهمان راست نهبووه و دهبێت جۆری پهروهردهکردنهکهمان بگۆڕین.

بۆ نمونه ئهگهر لهگهڵ منداڵی خۆماندا قسه نهکهین و ئهو منداڵه بخهینه ژێر چاودێری، یان پێی بڵێین که چیتر دایکی تۆ نیم، ههر چهنده ئهگهر مهبهستی ئێمه له راستیدا تهنها بۆ ئهوه بێت که کۆتایی به گریان بهێنێت و به هێمنی له ماڵهوه بمێنێتهوه، بهڵام دهبینی سهرهڕای ئهم ههموو ههوڵه ئهوهی که له منداڵهکهدا رهنگ دهداتهوه، تهنها زیادبوونی گریان و زیادبوونی مانهوهی منداڵهکهیه لهگهڵ بێئۆقرهبوونیدا. ئهمهش ئهوه دهگهیهنێت که جۆری پهروهردهکردنهکهمان کێشهکهی قورستر و خراپتر کردووه، کاتێ به هاتوهاوار به منداڵهکهمان دهڵێین «جارێکی تر نهتبینم که به دهنگی بهرز قسهم لهگهڵ بکهیت، دهبێت به دهنگی نزم و بههێمنی لهگهڵم بدوێیت». لهو کاتهی منداڵهکهمان له حهمام و توالێت زیندانی دهکهین، یان قسهی لهگهڵدا ناکهین و مافهکانی لێ زهوت دهکهین، کاتێک که منداڵهکهمان دارکاری دهکهین و لێی دهدهین و پێی دهڵێین که چیتر مافی ئهوهت نییه له هاوڕێکهت بدهیت، بهڵام دهبینین که به ههمان ئهو شێوهیهی ئێمه که چۆن رهفتارمان لهگهڵ ئهودا کردووه، ئهویش ههر بهو شێوهیه لهگهڵ هاوڕێکانیدا ههڵسوکهوت دهکات. لێرهوه تێدهگهین که ئێمه خۆمان منداڵهکانمان فێری رهوشتی خراپ دهکهین، له روویهکی ترهوه ئهم شێوازانهی پهروهردهکردن دهبێته هۆی زیادکردنی رق و توڕهیی، ناڕهحهت بوون و لاوازبوونی منداڵهکهمان.

پهروهردهکردنی منداڵ به توڕهیی و رقهوه، شتێکی ئاسایی نییه و مهترسی ئهوهی ههیه که ئازار و زیانی زۆر بهمنداڵ بگهیهنێت، چ له رووی جهستهیی یان رۆحی یان گیانی بێت. ههروهها له لایهکی ترهوه منداڵان له زۆربهی کاتدا له رهوشت و ههڵسوکهوتهکانیاندا لاسایی دایک و باوکیان دهکهنهوه، کاتێ که دایک و باوکیان لێیان دهدهن و چاودێریان دهکهن، جگه له ئازاردان گاڵتهشیان پێ دهکهن، ئهوانیش ههمان رێگه بهکار دههێنن له پهیوهندییهکانیاندا لهگهڵ دهوربهردا. ههروهها وا دهزانن که تهنها رێگهچاره ئهوهیه بۆ مامهڵهکردن لهگهڵ دهوروبهردا.

کاتێک ئێمه له کاتی توڕهیی و بێزاریدا منداڵهکانمان ئازار دهدهین به ناوی پهروهردهکردنهوه، لهبهر ئهوهی لهو کاتهدا کۆنتڕۆڵی خۆمان پێ ناکرێت و ناتوانین دهست بهسهر خۆماندا بگرین، بهڵام له دوای ماوهیهکی کهم که ئارام دهبینهوه، له چۆنیهتی ههڵسوکهتهکهمان پهشیمان دهبینهوه و ههوڵ دهدهین قهرهبووی بکهینهوه بهرتیل دهدهین به منداڵهکهمان و چاوپۆشی له ههڵهکانی دهکهین و کهمتهرخهم دهبین له پهروهردهکردنیدا تا ئهو کاتهی دووباره له کاتی توڕهیی و بێزاریدا دهست به ئازاردانی دهکهینهوه‌. ئهمهش دهبێته هۆی ههڵکشان و نایهکسانی له جۆری پهروهردهکردنی ئێمهدا بهرامبهر به منداڵهکهمان و ئهمهش کێشهکان له رهوشتی منداڵهکانماندا زیاتر دهکات.

پهروهردهکردنی بهئازار و بهکارهێنانی توندوتیژی دهبێته هۆی لهناوبردنی مافهکانی منداڵ. چونکه زیندانیکردنی منداڵ له توالێت و حهمامدا و بهندکردنی لهشوێنی تاریک و ترسناکدا، قهدهغهکردنی خۆراک و پۆشاک لێی، بهراوردکردنی به منداڵهکانی تر و گاڵتهپێکردنی و ترساندنی و هێشتنهوهی لهبهر سهرما و گهرمادا، لێدانی و ئازاردانی جهستهیو... دهبێته هۆی دروستکردنی ئازاری گهوره له منداڵدا. ئهمانهش پهروهردهکردنێکی راست و گونجاو نییه.
پهروهردهکردنی نادروستی منداڵ و ئازاردانی لهوانهیه لهڕێگهی ههڵهی ترهوه روو بدات. لهوانه:

١/ بهراوردکردنی به منداڵانی تر:
سهرزهنشت کردنی بهوهی که گوایه بۆته هۆی بریندارکردن و نهخۆشخستنی دایک و باوکی، وهک بهکارهێنانی رسته گهلێکی وهک «منت توشی نهخۆشی کردووه»، «بههۆی تۆوه توشی سهرئێشه بووم»، کاتێک که بههۆی تۆوه نهخۆش کهوتم و مردم»، «ئهو کاته دهزانیت که چیت پێکردووم».

٢/  شکاندنی بهوهی که ههموو کارهکانی بێ عاقڵانهیه و هیچ شتێک نازانێـت وهک بڵێی «شێتی»، «وهک شێتهکان ههڵسوکهوت دهکهیت»، «بهقهدهر یهکــ(...) نازانیت»، «نازانی لهوه باشتر بیر بکهیتهوه‌»، «تۆ چهنده بێ دهسهڵاتی».

٣/  بێبهشکردنی له ئهوینداری و خۆشهویستی وهک بڵێیت که‌ «چیتر خۆشم ناوێیت»، «دایکت نیم»، «من منداڵێکی به ئهدهب و لهسهر خۆم دهوێت»، «منداڵێکم دهوێت که له قسه تێبگات»، «تۆ کوڕی من نیت».

٤/ ترساندنی به تهنهایی وهک بڵێی «چیتر لهم ماڵهدا نامێنمهوه و دهڕۆم و جارێکی تر ناگهڕێمهوه».

٥/ ههڕهشکردن و ترساندنی وهک بڵێیت «ئهگهر گوێڕایهڵی قسهکانم نهبیت، بهڵایهکت بهسهر دێنم که باڵندهکانی ئاسمان گریانیان بۆ حاڵت بێت».

٦/ پهیوهندی پچڕاندن لهگهڵیدا، قسه لهگهڵدا نهکردنی، بێ ئاگای له سهرو حاڵی منداڵ، بهجۆرێک که ئهو لهناو منداڵانی هاوتهمهنی خۆیدا ههست به کهمی و خهفهت بکات.
ئهمانه و چهندین لایهنی تری خراپی له رهوشی پهروهردهکردنی منداڵدا که تیایدا ئێمه به ههڵه بیر دهکهینهوه و ئهو رێگهیهی که بهکاری دههێنین ئهگهر تایبهتمهندی پهروهردهکردنێکی گونجاویشی تێدا بێت، بهڵام لهبهر ئهوهی که ئێمه لهکاتی توڕهیی و بێزاریدا بهکاری دههێنین، نهک تهنها رهفتاره خراپهکهی منداڵهکه چاک ناکات، بهڵکو دهبێته هۆی زیاتر بهرهو ههڵدێربردنی منداڵهکهش.

پهروهردهکردنی فیزیکی لهوانهیه بهشێوهیهکی کاتی ههڵسوکهوتی منداڵ کۆنتڕۆڵ بکات، واته‌ «منداڵ تهنها لهو کاتهی که لهلای ئهو کهسهیهکه پهروهردهی دهکات، بهشێوهیهکی کاتی ههڵسوکهوتی خۆی کۆنتڕۆڵ دهکات». بهڵام ئهم جۆره پهروهردهیه گهر بۆ ماوهیهکی درێژ بهمجۆره بهردهوام بێت، ئهوه دهبێته هۆی کاریگهری خراپ و هیچ کاریگهرییهکی باشی نابێت.

جۆری پهروهردهکردنی توندوتیژ و دڕندانه، دهبێته هۆی زیادبوونی کێشهکان له ههڵسوکهتی منداڵاندا، سهرهڕای ئهوهی که منداڵ کهسێکی توڕه و توندوتیژ و کهلهڕهقی لێ دهربچێت و بهرامبهر به دایک و باوکی بوهستێت و ههمیشه ههوڵی خۆدزینهوه بدات لهکاتی لێپرسینهوهدا یان لهوهڵامدانهوهی دا درۆ دهکات ، پهرێشان و لاواز دهبێت و بڕوای بهخۆی نامێنێت و ….).
 
لێکۆڵینهوهکان دهریانخستووه که ڕاچڵهکاندن و ئازاردانی جهستهیی: کچان تووشی پهرێشانی و لاوازی دهکات و کوڕان تووشی توڕهیی و کهلهڕهقی دهکات و دهیانکات بهکهسێکی توندوتیژ، پهروهردهکردنی جهستهیی و فیزیکی بهدڵنیاییهوه کێشهکانی ههڵسوکهوتی منداڵ زیاتر دهکات، له کاتێکدا ئێمه مهبهستمان کۆتاییهێنانه بهو کێشانه، له کاتێکدا که دایک و باوک پهروهردهی جهستهیی بهکار دههێنن یان منداڵهکانیان بهقسهی رهق و ناخۆش تهمبێ دهکهن، بهتایبهتی لهو کاتانهی که توڕه و بێزارن و توانای ئارامگرتنیان نهماوه.

بهڵام کاتی که لههۆکاری ئهو کارهیان دهپرسرێت، ئهوان دهڵێن که‌ «ئیتر کاسهی سهبرم لێوان لێو بوو، نهمدهتوانی ئارام بگری و لهگهڵی دایکایهتی بکهم، ئهو منی بهڕادهیهک توڕه دهکرد که رۆحی له جهستهم دههێنایه دهر، له بهرگی خۆم دههاتمه دهرهوه، بهڕادهیهک توڕهی دهکردم که خوێن بهری چاومی دهگرت، مرۆڤیش تا سنورێکی دیاری کراو دهتوانێ خۆڕاگر بێت، ئهو منی دهگهیانده ئاستێک که چیتر نهم دهتوانی خۆم کۆنتڕۆڵ بکهم، بۆیه لهو کاتهدا تهنها به لێدانی ئهو ئاسوده دهبووم».


ئهوهی که له تهواوی ئهم باسانهدا هاوبهش بوو ئهوهیه که پهروهردهی فیزیکی (جهستهیی) له کاتێکدا خراپیهکانی رهنگ دهداتهوه که دایک و باوکهکان بێزار و توڕهن و دهیانهوێت بهههر جۆرێک بووه توڕهیی خۆیان خاڵی بکهنهوه، واته وا بیر دهکهنهوه لهو کاتهدا لێدان و قسهی ناشیرین و هاتوهاوارکردن بهسهر منداڵهکانیاندا، تاکه رێگهیه بۆ ئهوهی توڕهییان دابمرکێتهوهو خۆیان ئاسوده بکهن. ههرچهنده ئهم کارهی ئهوان بهرامبهر به منداڵهکه، جگه له زیان هیچ ئاسهوارێکی چارهسهری پێوه نییه، ئهوهی که له دوای پهروهردهکردنی نهگونجاو و ناپهسهندهوه روو دهدات تهنها ههستکردن به پهشیمانی و شهرمهزاری دایک و باوکهکانه لهو جۆره ههڵسوکهوتهی که ههیانبووه بهرامبهر به منداڵهکانیان. پێویسته ئهوهش بزانین که ههموو ئهو کارانهی که له کاتی بێزاری و توڕهییدا و بهبێ بیرکردنهوه ئهنجامی دهدهین، دهبێته هۆی پهشیمانی و شهرمهزاربونمان. ههروهها تایبهتمهندییهکانی وهک بهستنی پهیوهندی خێزانی و کاری کۆمهڵایهتی له منداڵهکانمان دا دهرناکهون و نهوهکان ناتوانن دهست بهسهر ئهم پهیوهندیانه دابگرن. چونکه ئێمه له کاتی رق و توڕهییدا نهمانتوانیوه گرنگی بدهین بهم بابهتانه و به منداڵهکانمانی بناسێنیت.

کهواته بهشێوهیهکی گشتی پهروهردهکردنی ناپهسهند و نهگونجاو دهبێته هۆی ئهوهی که دایک و باوکهکان ههست به پهشیمانی بکهن و ههوڵی قهرهبوکردنهوهی دهدهن بۆ ئهوهی کهمتر ههست به تاوان بکهن، ههر لهبهر ئهوهشه لهو کاتهدا لهبهرامبهر رهفتاری خراپی منداڵهکانیاندا هیچ کاردانهوهیهکی ئهوتۆیان نابێت، تاکو جارێکی تر کێشهکانی ههڵسوکهوتی منداڵهکانیان دهگاته ئاستێک که ئهوان توڕه دهکات و بۆیه جارێکی تر سوڕی پهروهردهکردنه ناتهواوهکه وهکو پێشتر دووباره دهبێتهوه.

لهم جۆره پهروهردهکردنهدا له لایهکهوه توندوتیژی و بێسهروبهری و له لایهکی تریشهوه شهرمهزاری بهدوای خۆیدا دههێنێت و نرخ و سهنگینی جۆری پهروهردهکردنهکه لهناو دهچێت. لهگهڵ ئهوهشدا جۆری ههڵسوکهوتی منداڵ پهیوهندی به دایک و باوکی منداڵهکهوه ههیه که تا چهندێک ئاگای له منداڵهکهیهتی گرنگی پێ دهدات. هیچ شتێک له سهرهتادا پێشبینی ناکرێت، کهواته ئهو کاته منداڵ رووبهڕووی سهرلێشێواوی دهبێتهوه که نهزانێت سهرئهنجامی ههڵسوکهوتهکانی چی کاردانهوهیهکیان ههیه و بهرهو کوێی دهبهن. ئهوه ڕوون و ئاشکرایه که له دوای ماوهیهک کێشهکانی ههڵسوکهوتی منداڵ زیاد دهکات و دایک و باوکیشی ههست بهبێ دهسهڵاتی و بێ توانایی دهکهن لهبهرامبهر ههڵسوکهوتی منداڵهکهیان دا.

لایهنێکی خراپتر له پهروهردهی جهستهیی دا ئهوهیه که ئێمه لهکاتی ئازاردان و تۆقاندنی منداڵ دا تهنها دهڵێین کهچی نهکات و پێی ناڵێن لهجێ ئهوهی کهبڕیاره نهی کات دهبێ چی بکات، به منداڵ دهڵێن «هاوار و قیڕه قیڕ مهکه‌«، «وهکو شێتهکان ههڵسوکهوت مهکه‌«، «دهنگم دهرمههێنه‌«، «مهده له هاوڕێکانت»، «وهکو بێدهسهڵاتهکان مهڕۆ بهڕێگادا»، «دهرگا ئهوهنده بهتوندی دامهخه‌«. راستی لهوهدایه که منداڵ لهپاڵ ئهوهی «نابێت و نهکردهکان» فێر دهکرێت، دهبێت شان بهشانی ئهوهش «دهبێت و کردهکان» فێر بکرێت و بیانناسێت. وهک «به هێمنی قسه بکه‌«، «دهرگاکه به هێواشی دابخه‌«، «لهگهڵ (سارا)دا ببه بههاوڕێ و یارییهکانی خۆتی پێ بده با ئهویش یارییان پێ بکات»، «لهسهر شهقامهکان دهستم بگره‌«، «له پشت مێزهکانهوه دابنیشهو نانهکهت بخۆ» و ...)

ئێستاش کاتی ئهوه هاتووه که ماوهیهک بهخۆمان بدهین و ئهم پرسیاره لهخۆمان بکهین که:
کام له جۆرهکانی پهروهردهکردن سهرکهوتووتره که بۆ پهروهردهکردنی منداڵهکانی خۆمان بهکاری بهێنین؟

کهواته چۆن بهکاری بهێنین و له کاتی بهکارهێنانیدا چ ههستێکمان له لا دروست دهبێت؟
ئایا ئهگهر (ڕێگای بهکارهێنراو) کاریگهری نهبوو، ئهو کات خۆمان تاوانبار دهکهین بهوهی که بۆچی ئهو ڕێگایه سهرکهوتوو نهبووه؟

سهرئهنجامی ههموو ئهو دهقه، گهشتینه ئهوهی که لایهنه خراپ و بێکهڵکهکانی رێگاکانی پهروهردهکردنی فیزیکی و جهستهی و تهمبێکردنی منداڵ بهقسهی ڕهقمان زانی و کاتی ئهوهش هاتووه که جۆری پهروهردهکردنی خۆمان بهرامبهر به منداڵهکانمان بگۆڕین و ههروهها رێگای راست و گونجاو بهکار بهێنین بۆ پهروهردهکردنیان.

 

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved