نەورەسی تەنیاییم

 

 

 

‌لەگەڵ وەرزی پاییزی شوم

‌من گەڵای بێ سەر و شوێنم

‌وەکو ڕوخساری تەم گرتوو

‌بێ ئومێدی والە خوێنم

‌....

‌کەشتی ژینم ئاوارەیە و

‌تەماشام هەر بۆ کەنارە

‌ئەم نەورەسی تەنیاییەم

‌سەفەرێکی پڕ ئازارە

‌.....

‌ڕێگام سەختە و نیگام وێڵە

‌ڕێبوارێکی مات و مەستم

‌غوربەتی وا لێم ئاڵاوە

‌وا هەست ئەکەم بەبێ هەستم

‌.....

‌فرمێسکی چاو خەمی دوورە

‌بادەی ژەهری پڕ تاڵی یە

‌ئەم چیرۆکی عەشق و مانە

‌هێندە سەختە خەیاڵی یە

‌.....

‌وەکو ڕەنگی کزەی پاییز

‌منیش مەستی پڕ لە نامۆم

‌ئاهێک نیگارم ئەکێشێ

‌خۆم نازانم بۆ کۆێ ئەڕۆم

‌.....

‌شەوم چرای کوژاوەیە و

‌ڕووناکی ڕێگەم پاییزە

‌کەساسی یەک من ئەپۆشێ

‌ئەڵێ ی پرسەی بۆ ئازیزە

‌.....

‌باخی ئەوین لە دەروونما

‌کاروانێکی پڕ سەفەرە

‌گوڵی جوانی ئەم عومرەی من

‌وەک نێرگزێکی پەڕ پەڕە

‌.....

‌لە چاوەڕێ ی گوڵ و شەماڵ

‌من بێ کەسی ئەچنمەوە

‌خەم سێدارەی بۆ داناوم

‌وا ئەیخاتە گەردنمەوە

‌.....

‌ڕێبوار ئالانی

‌بەریتانیا

‌2014

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved