پرسەی پاییز

 

 

 

‌پرسە ئەگێڕم بۆ گەڵای پاییز

‌ناخی پڕیەتی لە فرمێسک بۆم

‌سەرنجیش ئەدەم لە بای خامۆشی

‌کپ و بێ دەنگە وەکو ماڵی خۆم

‌......      ......     .....

‌لە ئێوارانی مەغریبی سێبەر

‌ژووری تەنیایم تەواو خامۆشە

‌هەزاران ڕازی نێو دڵ و جەستە

‌بە ئاوازی ئەو دڵی لە جۆشە

......     ......      ......

‌هەڵوەرینی گوڵ سەمای پاییزە

‌ئومێدێک نی یە ، بۆ گیانی بەهار

‌عومرم ئەوەرێ لە چاوی گەڵا

‌بۆیە شەرابم تاڵە بەیەک جار

‌.......      ......      ......

‌ئومێد ڕەنگێکی خۆر ئاوای زەردە

‌لەژێر چەپۆکی ئاوا بوونەوە

‌تابووتی گەڵا هەگبەی بارانە

‌بەژینی ساردی پڕ زەبوونەوە

‌......     .....      ......

‌سەفەری تەمەن هەڵوەرینێتی

‌لە ڕێگای چوونی بۆ بادەی مەحاڵ

‌جەستەش بێ نازە لە میحرابی ئەو

‌بۆیە شیرینی لێ دەبێ بەتاڵ

‌......      ......      ......

‌جەستەی ئەم عومرە ؟ ژوورێکی تارە

‌سەر لە ئێوارەی کش و خامۆشی

‌لەدوا هەناسەی گەڵای پاییزا

‌مەرگی شەرابی خەزانی پۆشی

‌......      .....      ......

‌ڕێبوار ئالانی

‌بەریتانیا

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved