| ||
|
||
پیاوێک لە باران
(پێشکەشە بە قەڵەمەکەی شێرکۆ بێکەس )ی شاعیر... پیاوێک لە باران ئەچێت و خۆی دەکات بەملوانکەی شەونمی هەموو درەختێکی شار و لادێ و تەنانەت خشپە و چرپەی کۆڵانانی ووڵاتەکەم ،، پیاوێک بۆتە پەلکە زێڕینەی حەوت ڕەنگی بەخشندەیی و خۆی بەکەم ئەزانێ ، پیاوێک هەمیشە لە شانەی هەنگوین ئەچێت و خۆی هەنگ نی یە ، پیاوێک وەکو ئاسکی گەرمیان ئازایە و کوڵاوە جوانەکەی مامەڕیشەی لەسەرە و جامانەکەی نوێژی شۆڕشی پێدەکات فەخر بە بارینی ئەوینی ماچی خۆر ئەکات، پیاوێک لەسەر گوێسەبانەی هەموو ماڵێکە و بەیانی و نیوەڕۆ و عەسر و ئێواران و شەوان فێری ئەستێرەی ڕاستگۆیمان ئەکات ، پیاوێک خۆی ،، هەر خۆی چەکوشەکەی کاوەی ئاسنگەری پێ یە و بە (گوللە ووشەکان)ی تاغووت لەناو ئەبات و فەرهەنگۆکی ڕووباری خۆش بەختی لە مستیایەتی ؛ پیاوێک هەزار و دوو ئەوەندەی تر و سەت ئەوەندەی تر و زۆری تر زەوی ژمارە یەک بێت و سفرەکانی درێژ درێژ بێت تاکو ماڵی خۆر ؛ ئاوا زیرەکە . پیاوێک لەپشت بەردە قارەماندا جەنگی کردووە و لەگەڵ خولە پیزەدا نانی خواردووە و لەگەڵ مەشخەڵانی شۆڕشی نوێدا یەکەم قەسیدەی نوسیوە ، لەباوەشی دایکی ماندوو نەناسدا گەورە بووە و لە نێرگزی گۆیژە و گوڵاڵە سوورەی ئەزمەڕدا پێکی لێکدانەوەی نۆشیوە ، زۆر جار لەگەڵ حەپسەخانی نەقیب و هێرۆی ئیبراهیم ئەحمەد و لەیلا قاسم و مەهاباد قەرەداغی و ساکینەدا لە2013/01/09 لە پاریس گڵۆپەکانی شاری شکاندووە ، پیاوێک زۆر لەوەی کە باسی دەکەن لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا پاڵەوان بووە ئەم خۆیەتی بەکڵاوێکی سادەی پڕ لە بەهای یەکسانی و ووشە داهێنان و ڕەمزی شیعر و ئاوێنەی واقیعی و دەستی کردۆتە ملی ئاسکە گەریلا ئاڵتوونی یەکان ، پیاوێک سێبەری وا لە کراسی مانگ و لەبەردی ئەهرامەکان و لە ئیمپراتۆری شوورای سین ، هەردەم دەجەنگێ ، ئای کە دەجەنگێ باکوور و باشووری بۆنی یە ، خەونی لە ڕۆژ هەڵاتە و ڕۆژئاواش هەر موڵکی باوکێتی ، پیاوێک لەمەزنایەتیدا لە ئەفسانەی ئۆدیسە و کلیلە و دمنە دەچێت ، پیاوێک (دایکی و نیشتمانی) لەسەر شانی ڕاست و چەپە و هەرگیز لەبیابانی خیانەتکاریدا تێنەپەڕیوە ، گەنمی لە ئاشی نامەردا و قۆچەقانێ ی بێناموسی و شەڕواڵی لەزەتی بێڕەوشتی و چاوداگرتنی لە چاوی کیژێکی ناو شیعری ناشیرینیش دانەگرتووە و بە شەقامی وێرانی دەستی زۆردار تێنەپەڕیوە ، دۆلکەی لە کانی نەوتی هیچ پاشایەک پڕ نەکردووە ، پیاوێک ئەو خۆی نابینێت و کەچی ئێمە لەناو هەموو هەناسە شیعری یەکانی ئەوداین بێ مەودا ، ئەو خۆی لەماڵی تەنیایدا دەژی و ئێمەشی سواری شاری شەمەندە نەفەری حەقیقەت کردووە ئەو هەر زیندووە ، لە ماڵی شیعرەکانی ئاسۆ و دڵ و خاک و ئاوی ووڵات . ئەو ووشە لێی بێزار دەبێت و ئەم لەووشە بێزار نابێ ، دێڕەکانی درێژ درێژ وەکو پرچی ئایشە و فاتمە . پیاوێک ووشەکانی زێڕە خۆی لەگەوهەر ئەچێت ئەوە شێرکۆ بێکەسە ، پیاوە ڕووباری یەکە چونکە هەر کە قەڵەمەکەی دا بەماڵی پەڕاوی ووشەدا ئیتر ڕووبارێک مرەکەبی بەوویژدان دێنە خزمەت ماڵی کتێنخانەکەی ، کەپڕە لە قاموسی بەویژدان بۆ گەلەکەی... ...... ...... ...... ڕێبوار ئالانی بەریتانیا ****پێشکەشە بە قەڵەمەکەی (شێرکۆ بێکەس)ی شاعیر |
||
Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved
|
||