هەفتەی نەورۆز كرایە هەفتەی ماتەمینی بۆ عەفرین

 

به‌ڕێوە‌به‌ری‌ گشتی‌ رۆشنبیری‌ و هونه‌ری‌ سلێمانی‌ رایدە‌گه‌یه‌نێت به‌بۆنه‌ی‌ داگیركردنی‌ شاری‌ عه‌فرین له‌لایه‌ن سوپای‌ توركیاوە‌، سه‌رجه‌م چالاكییه‌كانیان بۆ جه‌ژنی‌ نه‌ورۆز رادە‌گرن و ده‌یكه‌نه‌ نه‌ورۆزی ماته‌مینی و پشتگیری و به‌رخودان و هه‌ستانه‌وە‌ی عه‌فرین.

دەقی راگەیەنراوەكە:

 

نەورۆزی سلێمانی، دەبێتە نەورۆزی ماتەمینی و خۆڕاگری و هەستانەوەی عەفرین

 

لەكاتێكدا میللەتەكەمان بە داخێكی زۆرەوە هەواڵی داگیركردنی كانتۆنی عەفرین دەبیستێت و بەشێوەیەكی دڕندانە لەلایەن سوپای توركیا مامەڵە لەگەڵ خەڵكە خۆراگرەكەی دەكرێت، بەمبۆنەیەوە، وەكو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، وێڕای دەربڕینی هاوخەمیمان بۆ خەڵكی تێكۆشەرو كۆڵنەدەری عەفرین و كوردانی رۆژئاوا بەگشتیی، رایدەگەیەنین ئەو هەفتەیەی بەناوی (هەفتەی رووناكبیری و هونەری نەورۆز) برٍیارە سازی بكەین لە ٢٠-٢٧/٣/٢٠١٨، دەبێتە هەفتەی ماتەمینی و خۆڕاگری و كۆڵنەدانی عەفرین و سەرجەم بڕگەكانی ئاهەنگی شادی لادەبرێن و هەڵدەوەشێنەوە، لەبەرامبەردا دەیكەین بە نەورۆزی ماتەمینی و پشتگیری و بەرخودان و هەستانەوەی عەفرین و میللەتەكەمان، بەوتنەوەی سروودو شیعرو تابلۆی نەتەوەیی.

 

بژی خۆڕاگری عەفرین و سەرشۆڕی بۆ سوپای داگیركەران.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی

 

١٨/٣/٢٠١٨

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved