دارستانی گەنجی ...

 

سةلاح قابيل

 

بمهێڵن لەسەفەری ئەم غەفلەتەدا

بۆنێكی دارستانی گەنجی كەم

كاتی پێش سووتان

بەئاگام مەهێننەوە كاتێك

شانم بەر شمشێری

كاتژمێرەوە ناوە و تكادەكەم

ڕێگای بگۆڕێت

خۆ من دەمێكە خواڵووی

ئەم وێنەیەم

كە خۆی خستۆتە ئەم لەحزەوە

دەیبینم هەنگاوەكانم

بەپشت قەڵایا تێدەپەڕێت

گوێم لە (فاتیمە)یەكە مەردان ئەیڵێت

دەستانێك بەسینەوەن

نزا ئەكەن و نازانن بۆچی

چ ئاگرێك لەم دارستانە بەر بوو و

چ ڕەشەبایەكی تەمەن منی گوێزایەوە

تۆ بڵێی لەسووتانا ئازادمی كردبێت

بێزار بووم

هێندە دوای ئەم كاتژمێرە كەوم

كە لەهەنگاوێك ڕازی نیم

پێم ناڵێن بۆ كوێ ئەچێت

تاكەی بێژەری باسێك بم

بڵێم وابوو .

كە لە ڕۆژێكی نوێ چاو ناكەمەوە

بڵێم لەو كات ئەچێت

خۆزگەم بەو كتێبەی

ئەمڕۆی دوێنێ ئەبینێت

كەسێك ئەمڕۆم دابخا و

بەتاریكیش بێت

ماچێكی دوێنێم بۆ بكرێ !

ئا لەو دەمەی كە ڕابردوو

ئەبێتە هێمای پرسیار و

هێندە كاڵە هیچی تیا نابینرێت

ئەڵێن ئەوە ئەمڕۆ و هیچ

پیلانی سبەی مەگێڕە و

ئاواتێ بخوازە لەهی منداڵی نەچێت

خۆ وتم بمهێڵن

بەئاگام مەهێننەوە

كێ ئەزانی لەم تەمەنەدا

جێی چەنی وا ئەبێتەوە

بێ كڕنۆش و ڕوو لەحەق

ئەژنۆم ئەنوشتێتەوە

كە دێمە خزمەتی شیعرێك

یان خۆمم بیر دێتەوە

ئا لەم ویستگەی عومرەدا

ئەرێ كاروانێك نیە بگەرێتەوە

كەسێك نیە وێنەیەكی جێهێشتبێ

قایلم بەوەی لەكۆڵی خەم

تەنها ڕێگایەكم نیشان دا و

بڵێ لێرەوە بابگەڕێینەوە

چیبكەم ئەزانم سەفەری خەیاڵەكانم

كورتە و دەبێ بەئاگا بێمەوە

لەئامێرێكی ئێستادا

گوێ لە(مەردان)بگرم و

بەدرێژی ئاهێك بیڵێمەوە

كەی دێتەوە ..كەی دێتەوە

كاتی لاویم كەی دێتەوە

 

٥/٤/٢٠١٢

 

Qadirzada.com ©2009 - 2022. All rights reserved