تامەزرووی پێناسەیەك ...

 

سەڵاح قابیل

 

لەخەلقەكانی خواوەندا

بەجوانترین ناسراوین و خۆمان نەبێ

هەموو بەكۆیلەی خۆمان دەزانین

لەمەوتی كەسێك سڵ ناكەین

لەمەشقاین بۆ بوون بەخەنجەر و كات ببڕین

كە دیوارەكانیش هێز ئەخەنە بەر گۆچان

شتێكیان لێ وەر ناگرین

تاریكی هێشتان ئەمڕۆی دانەپۆشیوە

گەرچی ئێمە پیلانی سبەی ئەگێڕین

ئەو دەمەی شوشە عەتری بێوەژنێك

بەكوڵ ئەگرێ

دور لەیاساكانی ئاسمان

پیلانی شەیتانێك ئەگێڕین

بۆ تۆراندنی نەفەسێك

چ هەورێك بە ژینا ئەكەین

گەر درەختێك بدوێ

تۆ بڵێی جەنگی تووڕەییمان

لێ هەڵنەگیرسێنێ

تۆ بڵێی جارێكی دی بهێڵێت

لەسێبەریا ئاگرێك بەپەنجەكانی كەینەوە

ئەبێ بەچیمان زانێ

چۆلەگەیەكی چكۆڵانە

كە لە ئێوارەیەكی چاوەڕوانی دایكیدا

ڕەق ئەبێتەوە .

ئەبێ بەڵێنی چی پێدابێ

پێش ئەوەی بەر بەردی لاستیكمان كەوێ

خوڕی فرمێسكەكان چی ئەگەڕێننەوە

كەسێكم نیشان دەن

كەسێكم نیشان دەن لەنزای پەشیمانیا

ڕوومەتی تەڕ بووبێ

كێ قەبری تەورێكی بینیوە

دارفرۆشێ نەشتبێتی و

لێبووردنی گەڵایەكی بەدەست هێنابێ

ئەڵێن!

ئەڵێن لەدووشەمەی سبەیدا

كارەكان نزاكان دوا ركاتی نوێژەكان

قەتار ئەبەستن و

كەسێك جڵەویان ڕوو لە ئاسمان ڕائەكێشێ

تۆ بڵێی مەفرەزەیەكی ئەوان

بەدووی مندا نەگرێن

بڵێی بهێڵن تا

قوپاوی كارەكانم ڕاستكەمەوە

كراسەكانم لەخۆیانەوە

دەم دەم لێم ڕائەكەن

لە ڕۆژێكا ڕەنگە سەد جار

من بەعەرزا بەن

تابەخۆڵ پێوانێك لێم پاكبنەوە

ڕۆژ نیە كزە بایەك

شاپەی دەرگا بەڕووما نەدا

تا دوێنێ دوبارە نەكەمەوە

كەی ئێمەین !

كەی ئێمەین لەنامەكانی خودایا باس ئەكرێین

بەزارێكی ئاڵ تیری ژەهر ئەهاوێژین

مشتە گۆشتێكمان كردووە بەمەنزڵگای قین

هەر لەهەڵچوونا بێزار بوون و

بۆ قوتار بوون وا هەڵوەرین

چ خەوێكی شوومە وا

لێی بەئاگا نایەینەوە

یان هێشتان تامەزرۆین بۆ پێناسەیەك؟

 

١٠/٧/٢٠١٢

Qadirzada.com ©2009 - 2022. All rights reserved