ئاخۆ کەی بێ

 

ئاخۆ کەی بێ...

لەژێر ئەو ئاسمانە شینە

ئەو قووڵاییە

پان و، پۆڕ و بەر بەرینە 

پێڵووی چاومان بەتریفە لەخەو ڕابێ!

ئاخۆ کەی بێ

روح رووناکی ببەخشێتە باڵای هەتاو

کازیوەمان رەنگ چنێک بێ

لە شنەبا و گەڵا و خوناو

پۆڵووی وشە

بەهەناسەی خۆشەویستی پڕ نەوا بێ!

هەموو شەوێکمان یەڵدا بێ!

هەناسەمان دوور و درێژ،

گیان ببێتە کورەی ئەشق،

ڕێمان گوڵڕێژ.

ئاخۆ کەی بێ ؟

" سروەی بەیان "

 

Qadirzada.com ©2009 - 2022. All rights reserved