پاییزی من

 

لە پاییزان دەوری خەزان

لەگشت جێیەک، لێرە و لەوێ

دارو درەخت

هون هون گەڵا دەبارێنن

بەسەر ڕووحی ماندوی ژیان

خەو لە دارستان و

قەدی درەختی ژانگرتوو دەتارێنن.

گەڵاکان،

بۆ ژوانی خاک لەکڕنۆشن

سەرلەبەریان

چاوەڕێی سۆزی دایکیانن

بیانگرێتە ئامێزی میهریی و

ژیانەوەی خاک ڕاگەیەنن.

هەر گەڵایەو بە ژاکاوی قوربانییە

یەک بەیەکیان،

دەیان داستانیان پێیە

ئەوە یاسای سروشتە

بە هەڵوەرین و بزڕکان

سیما و ڕەگ و ڕیشەی دایک 

لەتووڕەیی پاییز و

لەبێباکی زستان و

سەرماو کڕێوە دەپارێزم ..

ئەوە یاسای قوربانیدانە

هەمان بەرگی ئەمڕۆ دایدەماڵم

سبەی خۆمی پێ پۆشتە دەکەمەوە ...

ئاوارەبوونی هەر گەڵایەکم

بەخشینی ڕوحە بە گەڵایەکی نوێترم،

لەدەواری بەخشینما

چاوێکم ئێشک دەگرێ و

چاوێک دەنوقێنم  ،

هێز و وزە لای من وایە

وەک گەڵاکان

لە ئەنفالی تەمەندا

داستانی نوێ دەهۆننەوە 

گەر من پاییز بم

ئاوا مژدەی بەهارتان بۆ دەهێنم

 

" سروەی بەیان "

 

Qadirzada.com ©2009 - 2022. All rights reserved