گەردانە

لە بادەی شەوا ئەستێرە

نیگای روویەکی گەشبینە

خۆر دەسرازەی ورشەی گوڵە

لە دەروونی ئەم زەمینە

تۆ تاریکی لە خۆت وەردە

بەدوای بادا هەڵبێ و بڕۆ

عەشق پێگەی بوونی رۆژە

چی داوە لەم گریەو شینە

بەنووزەی خەو دێمە سەر جێ

بۆ بینینی خەونێکی ئاڵ

لە تۆدا گوڵزارم دەڕوێ

هەور مەودای راچەنینە

ئاو بۆ ماچی ئەستێرەیەک

لە گەرووی دەریادا دەمرێ

چ پێویستە رق و کینە

کە دروشمی ماتەمینە

چۆنە کە گەردانەی شەم بین

لەم ئافاتی بێ ئەوینە

بزانین پەروانە سووتان

چەندە خۆزگەی گڕ و تینە

لەبارە لەنجەی لالەزار

بەسەر سنگی خاکا بڕوێ

چەند قەشەنگە تریفەی شەو

کە مانگێک لە سنگیا بنوێ

لە دووت هێندە ئالوودە بووم

بەتاسەی پشکۆی ژوانەوە

نەمدی هێزێ بتبزوێنێ

بۆ شەو باسی ژیانەوە

وەرە جەفای دڵ بەبا کەین

بە نسرمی سۆزێکی نوێ

کۆرپەی هەستم خرۆشاوە

حەزی وایە بۆ تۆ بدوێ

مەبە دڕکی دوودڵی وێڵ

بە خەمی یەکەوە دەمرن

هەتاکو کەی چرۆی زوڵفت

رەنگی تابلۆی ئەشکم نەگرن

ستار ئەحمەد

 

Qadirzada.com © 2009 - 2021. All rights reserved