هاوار

ستار ئه‌حمه‌د

-1-

ده‌رگایه‌ك داڕمێ

په‌نجه‌ره‌یه‌ك له‌رز دایده‌گرێ

وشه‌یه‌ك سه‌ربڕن

شیعرێك ده‌مرێ

-2-

ئه‌ستێره‌یه‌ك هه‌ڵوه‌رێ

تاریكی ئاڵای سیا هه‌ڵده‌گرێ

هه‌ورێك بته‌قێته‌وه‌

هه‌وارێك په‌رچه‌می به‌ باران ده‌سڕێ

-3-

گه‌ڵایه‌ك بژاكێ

لاسكێك برۆی زه‌رد ده‌بێته‌وه‌

خه‌زانێك تیله‌ی له‌ رێی به‌هار بێ

به‌ چرۆیه‌كی سه‌وز ده‌گه‌شێته‌وه‌

-4-

پێنووسێك ده‌نووك له‌ دێڕێ گیركا

ناونیشانی نوێ دێته‌كایه‌

گه‌رمایه‌ك گۆشه‌ی شارێك ماچ بكا

دارێك هه‌ر ده‌بێ ببێته‌ سایه‌

-5-

گوڵێك ناوده‌می چه‌كێك رامووسێ

لێشاوی گڕێك رووی ده‌سوتێنێ

وه‌فای شاعیرێك ره‌نگ بداته‌وه‌

چه‌ندین هۆنراوه‌ خۆی ده‌خه‌مڵێنێ

 

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved