نامەیەكی داخراو

ستار ئەحمەد

 

نامەیەكی داخراوو

كتێبێكی نهێنی بووی

یەكەم وشەتیان خوێندەوە

ئاگری رقیان لێت بەردا

لەو رۆژەوە

شنەی بایەك

چڵی عومرم ببزوێنێ

هەناسەی تۆو

بۆنی مەرگ و

هەواڵی تۆم بۆ دەهێنێ

بیرت دەكەم

ئەی ژیكەلە نیانەكەم

ئەلبومێكی وێنەی جوان و

عەشقێكی كۆرپە ئاسا بووی

دوور لەسنوورو پەیوەست و

چەتەی دەستوورو یاسا بووی

چۆن پەیان بەناخت بردو

لاپەرەی ژینتیان هەڵوەران

لەگەڵ هەموو چرپەیەكا

دەروونم توند دادەخورپێ

وشەو بەردو

توولە رێگای گشت شارەكان

بۆ هاتنەوەت

دەبن بەمۆری هەنگاوو

جێگەی شوێن پێ

 

Qadirzada.com © 2009 - 2022. All rights reserved