ناسنامه‌

ستار ئه‌حمه‌د

 

تاڵێك له‌ پرچی گزنگی گوڵڕه‌نگ

ئاوێنه‌ی ئاوی له‌به‌ر كردووه‌

ده‌نگێك له‌ قاسپه‌ی كه‌وێكی ته‌ریو

له‌ داوی به‌فرا ئۆقره‌ی گرتووه‌

گۆڕێك له‌ شه‌خته‌ی بنارێكی سوور

رێگای به‌ كاروان بردۆته‌ دێیه‌

شه‌وێك له‌ ناڵه‌ی ئاسمان وه‌ڕسه‌

ئابوونه‌ی ساڵێك پڕ به‌های پێیه‌

له‌ گێژاوه‌ی چه‌رخ دڵم مه‌لێكه‌

تیله‌ی له‌ گۆشه‌ی ئاسمان تاساوه‌

گڕێك ناسنامه‌ی شوێنێك ده‌نوێنێ

گیرفانی ته‌می لێزمه‌ی شه‌تاوه‌

گه‌ردنی دوندێك هێزی بڕیووم

شوێن پێم روومه‌تی به‌فری پێشێله‌

له‌ عومری جوانی به‌هارێك ده‌دوێم

دیده‌ی چیایه‌كه‌ له‌ ئاستمان خێله‌

به‌ڵام كابینه‌ی هۆبه‌ی خه‌یاڵێك

مێژووی نابووتی لاوان ده‌ژمێرێ

كه‌ بستێك ده‌ڕۆم به‌ره‌و ژینێك نوێ

ده‌گه‌مه‌ گه‌رووی تاری هه‌ڵدێرێ

ئای چ عه‌شقێكی رووبار ئاسایی

ده‌مخاته‌ مه‌له‌ی سه‌رشێتی ژوان

له‌ خوێنی خۆما په‌لده‌هاوێژم

(با) كفنی به‌فرم ده‌كا به‌ میوان

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved