شیله‌ی خۆزگه‌

تروسكه‌یه‌كی بزری

له‌نێو ته‌می هه‌وری ره‌شا

وه‌كوو ئه‌م خاكی كوردانه‌

ئارام ناگری له‌چوار به‌شا

.......................

شه‌وان تینووی پیره‌ خه‌ونی

رۆژیش به‌دوای خۆرا ده‌گری

شاتوویه‌كی رۆخی عه‌شقی

به‌ری سۆزو ئه‌وین ناگری

..................

ساڵانێكه‌ پرشنگی مانگ

تیله‌ی هه‌ناوتی نه‌دیوه‌

ساته‌كانیش سووره‌ هه‌نگن

شیله‌ی خۆزگه‌تیان مژیوه‌

.................

نه‌له‌ژێر باڵی ئه‌وینا

بۆ چركه‌یه‌ك ئارام ده‌گری

نه‌بۆ ته‌نیایی شه‌وانه‌ت

نامه‌یه‌كم لێ وه‌رده‌گری

.................

لاپه‌ڕه‌یه‌كی سووتاوی

ده‌شنێیته‌وه‌ به‌ده‌م باوه‌

بێ ئاگای له‌خاكی دڵم

پڕه‌ له‌عه‌شق و هۆنراوه‌

.................

من زوو وتم هه‌ناسه‌كه‌م

تۆ هه‌رێمێكی هه‌تیوی

دایك و بابی خۆت نه‌دیوه‌و

لوتكه‌ رۆحی بۆ چنیوی

...................

بۆیه‌ له‌ترپه‌ی ده‌روون و

هه‌ناسه‌ی دڵ حاڵی نابی

بازێكی ئه‌و دیو كه‌ناری

هه‌رگیز به‌من ماڵی نابی

.....................

 

ستار ئه‌حمه‌د

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved