ئێمە کێین .. !؟  خودایە ...

 

ئەوە  ڕۆحی وشک هەڵاتووی ئێمەیە ، بێزراوو لە وێڵی بەدوای چێژی دونیای مادەو بادە دا .. هەربۆیە قومێ شەرابی

(عیشقی حەقیقی) نۆش ناکەین .. !

ئێمە کێین خودایە ؟!

ئەوە دەردی دڵ و ،دەردە دڵی ڕەق و ڕقی

ئێمەیە، شەونمی موحیبەتی لێناتکێ .. ! ناتوانین گۆنای گوڵێ بە عیشقەوە (عیشقی حەقیقی) ڕامووسین .. !

ئێمە کێین خودایە ؟!

ئەوە زمانی دێمی ئێمەیە : نە پەیڤی گوڵ دەگرێ و ، نەوێنەی هەیڤی ئومێد لەنێو چاوانی دەنەخشێنێ .. !  نا، نابزوێ بە نزایەکیش تا کانی(عیشقی حەقیقی) لە ناخمانا بتەقێ و .. ڕێبوارێ قومێکی لێ بخواتەوە .. ئێمە کێین ..!

خودایە : ئێمە خەریکە خۆمان دەسڕینەوە

خەریکە لەخەیاڵدا ون دەبین .. !

ئەوە زاتی پیرۆزی تۆیە، بە لوتفت مۆری بوونمان ڕەنگ دەکەیتەوە ..

تکایە هەرخۆت لە (بۆتەی عیشقی )خۆتا

بمانتوێنەوە .. تاچیتر ئەوەندە ئەغیارانە بۆ نامۆیان نەتوێینەوە ..

خودایە ئاتاجی تۆین .. ئێمە کێین ؟؟؟

 

عبدالرحمن تاوگۆزی

١٤ /٣ / ٢٠٢٠

 

Qadirzada.com © 2009 - 2022. All rights reserved