دیداری یەكێتی یان مانۆڕی فریودان

 

 

تێکۆشەرێکی دێرین

 

شەپۆلی توڕەیی و ناڕەزایی شارەكانی هەرێمی كوردستان بەرامبەر حیزبەكان‌و دەسەڵات، فراوانتر و توندتر ئەبێتەوە. تەقینەوەی خۆپیشاندانی سەرتاسەری دژی دەسەڵاتی سیاسی، كە ڕەنگە بەتوندترین شێوە رووبدات چاوەڕوانی پرشكێكی بچووكە.

سەركردایەتی یەكێتی دەیەوێت لەمانگی ئایاری ئەمساڵدا، دیدارێك سازبكات بۆ هەڵمژینی بوركانی بێزاری و نائومێدی ئەندامانی یەكێتی و جەماوەری زوڵملێكراوی ئەم وڵاتە.

چوارەمین كۆنگرە گوایە: بەنیازی نوێبوونەوە بەسترا، بەڵام دەركەوت، پرۆسەیەك بوو بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسی و دارایی ئیداری جارانی سلێمانی و درێژەدان بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و دەست و پێوەندەكان.

داهێنانی پۆستی هاوسەرۆك، دروستكردنی سەركردایەتیەكی (124) نەفەری. هێنانەپێشەوەی چەندین كەسی بێتوانا. كۆتاییهێنان بە ژیانی حیزبایەتی‌و زاڵكردنی دەزگای زانیاری. لەبەرچاونەگرتنی تێكۆشان و قوربانیدانی سەدان ئەندام و كادر..تاد. بەروبوومی كۆنگرەكە بوو.

مەبەست لەم مانۆڕ و فریودانە: لەبەرامبەر ناڕەزاییەكاندا گوڕو تینێك بدەن بەخۆیان، هەتا شەرعیەت بە داسەپاندنەوە بدەن و بەخوێنێكی تازەوە بەشداری هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری ساڵی 2022 بكەن. بەڵكو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان توشی داڕوخان نەبن.

سەركردایەتی ئەمڕۆی یەكێتی بەتەواوی متمانەی لەدەستداوە! بەهەزاران كادری كۆڵنەدەری لێوەشاوە لێیان دوورن. لەبری ئاشتكردنەوەیان بێباكن بەرامبەریان. هێز و پارەیان لەبن دەستە. دەسەڵاتی رەها لەچنگی دوو كەسدا، چڕكراوەتەوەو داهاتی ناشەرعی كۆدەكرێتەوەو بەشی زۆری دیار نییە و ئەو بڕەی سەرفیش دەكرێ‌ بۆ مەرامی تایبەتیە. سەرباری ئەو ڕاستیانە ڕێكخستن لە لێواری هەڵوەشاندنەوە نزیك خراوەتەوە!

ئەم پەیامە گوزارشت لە بیروڕای هەزاران ئەندام، لایەنگر، تێكۆشەر، كەسوكاری شەهیدان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئەكات. سەرەتای ڕێگای دەربازبوون لەم تەنگژەیە لابردنی ئەم دەسەڵاتە ناشەرعی و بنەماڵەییە، لەناو حكومەت و حیزبدا، كە لەگەڵ ڕێبازی یەكێتی هەمیشە نامۆ بووە. ئەمانە پرسی نیشتمان‌و شكۆی نەتەوەكەمانیان لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا ژێرپێ‌ خستووە. دیموكراسی ‌و دادپەروەریان فەرامۆش كردووە.

(دیداری یەكێتی) هیچ لە هێز و قەوارەی ئەم حزبە ناگۆڕیت. چونكە چارەسەری سیحری پێشكەشی كێشە و قەیرانەكانی ئێستا و داهاتووی یەكێتی ناكات. بەڵكو لە دوا ئەنجامدا نائومێدیەكی تر دەخاتە سەر نائومێدیەكانی لەمەوبەر!!

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2022. All rights reserved