عومەری خاوەر كێ‌ بوو؟

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

هاوڵاتی – هەڵەبجەی شەهید

   ٢٠ دەقیقە پێشی ئەوەی یەكەم ناپاڵم بكەوێتە خوارەوە بەسەر هەڵەبجەدا (عومەری خاوەر) گوێی بۆ هەواڵ هەڵخستبوو لەڕێی رادیۆیەكی بچووكەوە، كەچی دوای نیوسەعات مردنی خۆی‌و منداڵەكەی  بوونە گرینگترین وێنە بۆ ئەوەی دنیا بزانێ چی روویداوە لەشارەكەی «من نەڕۆیشتم… بەڕاستی مامە گیان وتم با ئەگەر مردین گشتمان پێكەوە بمرین» دواین قسەی عومەری خاوەر لەگەڵ برازایەكی خۆی لەپێشنیوەڕۆی ١٦/٣/١٩٨٨ رۆژە شومەكەی هەڵەبجە.

 تازە رێكەوت وابوو، لەنێو هەزاران قوربانی هەڵەبجە، رەسمی عومەری خاوەرو كۆرپەكەی بوونە رەمزی كۆمەڵكوژكردنی شارەكە.

بەڵام لەساڵانی گەنجێتی‌و كامڵبوونی تەمەنیدا عومەر لەشارەكەدا ناوێكی بەرچاو بووە ئەكتەرێكی باشی شانۆ، هەڵپەڕكێ زانێكی بەسەلیقەو خۆشڕوو، پیاوێكی كۆمەڵایەتی‌و گونجاو.

كارزانێكی ئەو ئیشانەی كردوونی هەموو ئەوانە بەسن بۆ ئەوەی لەشارێكی بچكۆلەی وەكو ئەوكاتی هەڵەبجە ناسراوبی. بۆ رۆژنامەوانانی شەڕ (سەعید سادقی‌و هیدایەتی بەهبودیی) سیمای عومەری خاوەرو كۆرپەكەی باوەشی دیمەنی لەبیر نەچوونەوەن، ئەوان لەو یەكەمین رۆژنامەنووس‌و فۆتۆگرافەرە ئێرانیانەن چوونە ناوشاری لەهەڵەبجە لەوەختی بۆمبارانكردنەكەیاندا، سادقی دەڵێ «كاتێ دەستمانكرد بەوێنەگرتن چووینە سەر عومەری خاوەر دەنگی نووسابوو نەیدەتوانی هاوار بكات ئێمە نەماندەزانی داوای چی دەكرد بەڵام تێگەیشتین داوای یارمەتی‌و هاوكاریی بوو».

عومەر حەمەساڵح (عومەری خاوەر) ساڵی ١٩٣٤ لەدایكبووە، بنەماڵەكەی بەئەسڵ خەڵكی ناوچەی گەرمیان بوون لەشارۆچكەی باوەنوور چوون بەرەو هەڵەبجەو لەوێ گیرسانەوە عومەر لەنێو براكانیدا تەنیا ئەو بەناوی دایكیەوە ناوی براوە.

 

لەژیانیدا دوو جار ژنی هێناوە ژنی یەكەمی نزیكەی چوار مانگ پێكەوە دەبن‌و دواتر جیا دەبنەوە، لەژنی دووەمی بەناوی (سامیە) ١٠ منداڵی دەبێ.

نەریتی ئەوكاتی كوردەواریی وابووە زۆرتر كەیفخۆش بوون بەمنداڵی كوڕ، عومەری خاوەر لەوەدا شانسی نابێ، تا نزیكەی كۆتایی تەمەنی حەوت كچی بووە (گەرمیان، كوێستان، تارا، شیلان، جوانە، ژیان، بەیان) دوای ئەو حەوت كچە عومەرو سامیە دەبنە دایك‌و باوكی كوڕێك‌و لەخۆشیاندا ناوی دەنێن (حەمەشوان) سێ ساڵ حەمەشوان كوڕیان دەبێ بەنەخۆشیەك ژیان لەدەستدەدا، دەڵێن عومەری خاوەر تا مرد ئێشی ئەو كوڕەی لەدڵدا بووە.

ساڵێك دوای مردنی حەمەشوان، بەخت روو دەكاتە خێزانەكەی عومەرو سامیەی ژنی بەسكێ دوو كوڕی دەبێ، ئای لەو خۆشیە بۆ خێزانێكی چاوەڕوان، عومەر بێ سێ‌و دوو ناویان دەنێت (ئەحمەدو محەمەد) تا ئێستا روون نیە عومەرێك كەهێندە هۆگری ناوی كوردی بووە، چۆنە كوڕەكانی بەكوردیی ناونەناون، بەڵام كچەكانی هەموویان بەكوردین، لەبەر ئەوەی دوو كۆرپەكەی دوانەن تا ئێستا روون نیە ئەو منداڵەی لەباوەشیدا پێكەوە مردوون ئەحمەدە یان محەمەد. ئاشناو هاوڕێكانی دەڵێن پیاوێكی گونجاو بوو لەگەڵ دەوروبەرەكەی، دڵتەڕو شیكپۆش بووە هەمیشە.

لەزۆربەی بۆنە نەتەوەییەكانی شارەكەیدا بەشدارییكردووە بەوە ناسراو بووە هەڵپەڕكێی بەباشی زانیوەو ئەو ئاهەنگانەی ئەوی تیابووە چێژێكی زیاتری هەبووە، قەدو باڵا ناوەند جرپن‌و هەڵەشە نەبووە، بەڵام خاوو خلیچكیش نەبوو، ئەوكاتەی شارەكەی بۆمبا بارانكرا عومەری خاوەر بەیانیان كاری نانەو‌ایی كردووە دوا نیوەڕوان پاسەوانی (باخچەی ساوایانی هەڵەبجە)بووە.

«ئەو دەرهێنەرانەی كاری شانۆییان دەكرد لەهەڵەبجە زۆر كەیف خۆش دەبوون وەختێ رۆڵێكیان دەدا بەعومەری خاوەر، چونكە ئەدای رۆڵەكەی زۆر بەجوانی دەكرد، دەیزانی دەرهێنەر چی دەوێ لەو شانۆگەرییەدا..، خۆشەویستی هەڵەبجەییەكان بوو بەگەنجی» حەكیمی مەلا ساڵح هاودەمی گەنجی عومەری خاوەر وا دەڵێ. كە ئێستا نیشتەجێی هەڵەبجەیە.

لەبارەی بەشداریی سیاسی لەخەباتی كوردایەتیدا، دەوترێت عومەر هیچ كاتێ پێشمەرگایەتیی نەكردووه،‌ بەڵام ئەندامی ئەو كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە تا ساڵی ١٩٧٤، حەكیمی مەلا ساڵح هاودەم و هاوڕێی عومەر وتی «دوایینجار بینیم ساڵی ١٩٨٢ بوو، هەواڵی چالاكیە شانۆییەكانی لێپرسیم وتم من مەترسی گیرانم لەسەرەو دەمەوێ بچمە چیا تا ببمە پێشمەرگە، ئەو وتی سەد خۆزگەم بەخۆت كە دەچیتە چیا، خۆزیا منیش ببومایەتە پێشمەرگە، بەڵام چی بكەم لەماڵ‌و منداڵەكەم، عومەری خاوەر نیشتمانپەروەرێكی راستەقینە بوو سووتابوو بۆ كوردایەتی زۆر دەرسی فێركردین لەبارەی بەرگریی‌و نیشتمانپەروەریی». بورهان غەریب برازای عومەری خاوەر دەڵێ پێكەوە لەگەڵ مامیدا ئێشكگری ئۆردوگایەك بوون«.

مامە عومەر پێشمەرگایەتیی نەكردووە، بەڵام ماوەیەك لەسەرپێڵی زەهاو پێكەوەبووین ئێشكگری ئۆردوگایەك بووین، بەدارێكەوە پاسەوانی دەكرد تفەنگی هەڵنەدەگرت، مامە عومەرم كوردپەروەربوو زۆر خەونی بەئازادیی كوردەوە دەبینی».

بورهان تا دواین سەعاتەكانی ژیانی لەگەڵ مامی بووە، لەبارەی دواین قسەی لەگەڵ عومەری خاوەر وتی «لەسەرجادە وەستابووین پێكەوە، رادیۆیەكی بەدەستەوه ‌بوو گوێی لەهەواڵ دەگرت، هەر ئەو جلانەی لەبەردا بوو ئێستا لەڕەسمەكەیدا هەیە هەمیشە دەتوت ئوتوكراون جلەكانی پاكوتەمیز بوو، وتی بورهان ماڵی باوكت گشتیان چوون بۆ سلێمانی لەترسی تۆپباران، وتم ئەی تۆ چۆن نەچووی مامە؟ وتی بەڕاستی مامەگیان ئەگەر مردین با گشتمان پێكەوە بمرین بۆیە هەڵەبجەم جێنەهێشت، من بۆ پیاسەكردن رۆیشتم، هەر ٢٠ دەقیقە چارەكێك دوای ئەوەی هەڵەبجە بۆمبارانكرا».

هێشتا بورهان سیمای مامەی لەبەرچاوە كە بۆ دواینجار بینی، لەو وێنانەی پێشتر دەردەكەون عومەری خاوەر سمێڵێكی رەشی پڕو دەموچاوێكی نەگۆشتن نە لاوازی هەیە، قەدو باڵایەكی مام ناوەند، رووخۆش‌و هێمن «سیفەتێكی زۆر بەرزی ئەو پیاوە لەگەڵ پیردا دەبوو بەكەسێكی پیرو لەگەڵ گەنج‌و منداڵدا دەبووەو منداڵ، ئەوانە سیفاتی ئینسانی خۆشەویستن لەنێو كۆمەڵگەدا، عومەر هەموو ئەوانەی تیابوو» حەكیمی مەلا ساڵح وایوت.

 «جلەكانی دایمە ئەتوت ئوتوكراون، دڵتەڕبوو پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانی زۆربوون، بەڵام لەو كاتەی شەهید بوو خەریك بوو پیریی پیایا دیاری دەدا، سمێلی مووی سپی تێكەوتبوو سەریشی سپی بوو بوو، بەڵام هێشتا دڵی تەڕ بوو بایەخی بەشیكپۆشی‌و خۆرازاندنەوە دەدا، كاتێ لەنانەوایی دەگەڕایەوە بەجۆرێ خۆی دەگۆڕی هەر وەكو كاری نەكردبێ وابوو، دوانیوەڕوانیش دەچوو بۆ رەوزەو لەوێ پاسەوان بوو». عومەر بەزیندوویی زۆربەی هەڵەبجەییەكان دەیانناسی، بەمردوویش هەڵەبجەییەكانی بەدنیا ناساند لەڕێی باوەشە پڕ سۆزەكەی بەیەكێك لەكوڕەكانی. تازە هەركە باسی هەڵەبجە كرا بێ سێ‌و دوو تەرمی راكشاوی ئەو بەر لەهەمووشت دەكەوێتە بەر زەین.

 

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved