پوختەیەك لە ژیاننامه‌ی عوسمان کوڕی عەفان

 

عوسمانی کوڕی عەفان(خوای لێ رازی بێت) ،

 سێیەم خەلیفەی ڕاشدینە و یەکێکە لەو دە کەسەی مژدەی بەھەشتیان پێدراوە، و ئەوانەی لە سەرەتاوە چوونە ئیسلامەوە، و نازناوی زو لنورەینە (واتە خاوەنی دوو ڕوناکی) ئەمەش لەبەر ئەوەی ھاوسەری دووان لە کچەکانی پێغەمبەر موحەمەد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) بووە، ڕوقیە ھاوسەری یەکەمی بوو پاشان لەدوای مردنی ئەو ئوم کەلسوم بۆتە ھاوسەری.

 

لە دایکبوونی

 

عوسمان کوڕی عەفان کوڕی ئەبوعاس کوڕی ئومەیە کوڕی عەبد شەمس کوڕی عەبد مەنافە، لە

نەوەی بەنی ئومەیە و لە پێشەوا و بەڕیزەکانیان بووە و ھەروەک زۆر دارا بووە، و کوڕی مامی ئەبوسوفیانی کوڕی حەرب بووە کە جەنگا لەگەڵ پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) پێش ئیسلام بوونی لە فەتحی مەککەدا، لە دایک بووە لە مەککە شەش ساڵ پێش ساڵی فیل، لە سەردەمی نەفامیدا لە بەڕێز و دەوڵەمەندەمان بووە، بەڕێزترین کەسی تیرەکەی خۆی بووە، ناوبانگێکی بەرزی ھەبووە، و ھۆزەکەی ڕێزێکی زۆریان لێگرتووە و خۆشیان ویستووە.

 

ئیسلام بوونی

 

عوسمانی کوڕی عەفان (خوای لێ رازی بێت) ئیسلام بوو لە سەرەتای ئیسلامدا، کاتێک تەمەنی سی وچوار ساڵ بوو کاتێک ئەبوبەکری سدیق (خوای لێ رازی بێت) بانگی کرد بۆ ئیسلام بێ ھیچ سستی و دوودڵیەک وەڵامی داواکەی ئەبووبەکری دایەوە، و ئەبوئیسحاق لەمبارەیەوە ئەڵێت؛ بە عوسمانەوە ژمارەی پیاوە موسڵمانەکان بووە چوار کەس. عوسمان (خوای لێ رازی بێت) یەکەم کۆچکردوو بوو بۆ حەبەشە بۆ پاراستنی ئیسلام پاشان کۆچکردووەکانی تر ڕۆیشتن لە دوای ئەو بۆ حەبەشە، پاشان کۆچی دووەمی کرد بۆ مەدینە، عوسمان (خوای لێ رازی بێت) ڕوقیەی کچی پێغەمبەری (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ھێناوە و لەگەڵیا کۆچی کردووە بۆ حەبەشە و مەدینە، و ئەڵێن باشترین ھاوسەر کە مرۆڤ بینیونی ڕوقیە و عوسمان بوون، پاشان ڕوقیە نەخۆش کەوت و کۆچی دوایی کرد ساڵی ٢ی کۆچی لە کاتی شەڕی بەدردا، عوسمان (خوای لێ رازی بێت) زۆر خەفەتبار بوو بۆی و پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) کچەکەی تری (ئوم کەلسوم)ی کردە ھاوسەری عوسمان، لەبەر ئەوە عوسمان ناونرا بە (زو لنورەین) لەبەر ئەوەی دوو کچی پێغەمبەری (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ھێناوە، و پیغەمبەری ئیسلام متمانەی پێی بووە و خۆشی ویستووە و ڕێزی لێگرتووە بۆ جوانی ڕەوشت و ھەڵس وکەوتی و بۆ خەرجکردنی ماڵەکەی لە سەرخستنی ئیسلامدا، و مژدەی بەھەشتی پێداو وەک ئەبوبەکر و عومەر و عەلی و ئەوانی تر لە دە کەسە مژدە پێدراوەکە. و ھەواڵی پێداوە کە بە شەھیدی ئەمرێت، زۆر کەسێکی خۆشەویست بووە لە قوڕەیش و لەسەر خۆ و ھەست ناسک بووە و زۆر چاکەکار بووە، و پەیوەندی لەگەڵ ئەبوبەکر و عومەر و عەلی زۆر باش بووە، و قورئانی لەبەربووە.

 

عوسمان لە سەردەمی ئەبوبەکر و عومەردا (خوای لێیان رازی بێت)

 

جێگەی عوسمان (خوای لێ رازی بێت) وەک جێگەی زۆربەی ئەو ھاوەڵانە بوو کە مژدەی بەھەشتیان پێدرابوو، کە ھەردوو خەلیفەکە نەیانناردنە سوپاوە بۆ پێویستیان بە ڕاوێژیان لە مەدینە. و ڕۆڵی ھەبوو لە ھەڵبژاردنی عومەری کوڕی خەتاب بە جێنشینی ئەبوبەکر، کاتێک ئەبوبەکر ڕاوێژی پێکرد لە ھەڵبژاردنی عومەر (خوای لێ رازی بێت) ، عوسمان(خوای لێ رازی بێت) وتی؛ (ئەو پیاوێکە نھێنیەکەی بەرزترە لە ئاشکراکانی)، و وەسیەتەکەی ئەبوبەکری نوسیوە.

 

خەلافەتی

گرتنە دەستی خەلافەت

 

عوسمان(خوای لێ رازی بێت) خەلافەتی گرتە دەست کاتێک لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا، و خەلافەتی گرتە دەست لە دوای شەھید بوونی عومەری کوڕی خەتاب (خوای لێ رازی بێت) ، لە ھەڵبژاردنی بۆ خەلافەت بەسەرھاتێک ھەیە کە ناسراوە بە بەسەرھاتی شورا (ڕاوێژ)، ئەمەش کاتێک کە عومەری کوڕی خەتاب (خوای لێ رازی بێت) بریندار بوو شەشە لە ھاوەڵەکانی بانگ کرد کە ئەوانیش، عەلی کوڕی ئەبوتالیب و عوسمانی کوڕی عەفان و عەبدول ڕەحمانی کوڕی عەوف و سەعدی کوڕی ئەبو وەقاس و زوبێری کوڕی عەوام و تەڵحەی کوڕی عوبەیدولڵا بوون، تا لە نێوانیاندا خەلیفە ھەڵببژێررێت، ھەموو بانگکردووەکان ھاتن بۆ دیداری عومەر بێجگە لە تەڵحە کە لە سەفەردا بوو، و عومەر داوای لێکردن کە خەلیفەیەک ھەڵبژێرن لە نێوانیاندا لە ماوە سێ ڕۆژ تێپەڕ نەکات لە کۆچی دوایی عومەر بۆ پاراستنی یەک ڕیزی موسڵمانان، وبە چەند ھۆکارێکی جیاواز دوو کەس پاڵێوران بۆ ئەو مەبەستە، یەکەمیان عەلی کوڕی ئەبوتالیب بوو کە نزیکایەتی ھەبوو لەگەڵ پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ، و دووەمیان عوسمانی کوڕی عەفان بوو کە شوێنێکی بەڕێزی ھەبوو لای کۆچکردووەکان و لە نێو قوڕەیشدا، لە کۆتاییدا عوسمان ھەڵبژێردرا و موسڵمانان موبایەعەیان پێدا لە مزگەوتی بەیعە لە ساڵی ٢٣ی کۆچی، وبووە سێیەم خەلیفەی ڕاشدین.

 

دوو کێشە لە سەردەمی عوسماندا

 

یەکەمیان، ئەو ئەنجومەنی ڕاوێژەی کە عومەر وەسیەتی پێکرد، نەبووە دەزگایەکی ڕاوێژ، تەنھا یەک ئەرکیان بە جێ ھێنا، کە باشتر وابوو ئەو پێنجەی تر ڕۆڵی ڕاوێژکاریان ببینیایە بۆ یارمەتی عوسمان لە جێبەجێکردن کاروبارەکانیدا، بە تایبەت لەبەر گەورەیی تەمەنی عوسمان و گەورەبوونی قەبارەی دەوڵەتەکە.

دووەمیان، ھەندێک لەو ئاکارە باشانەی لە عوسماندا ھەیبوون، وەک بەخشندەی و چاکەکاری و بەڕێزی، کە سیفەتی باوەڕدارێکی نمونەیی بوون کە شایەنی بەھەشت بێت، بەڵام خەلافەت پێویستی بە سیفاتی ترە وەک سەرکردایەتی.. کەسوکارە ئەمەوییەکانی عوسمان، ئەم سیفەتانەی عوسمانیان قۆستەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، لە بەرامبەردا نەوەی ھاوەڵەکان و ئەوانی تر ڕۆڵیان نەما، لە کاتێکا پێویستیان بە ڕۆڵی ئەوان ھەبوو، ئەمەش بووە ھۆی دروستبوونی جۆرێک لە ناڕەزایی لە جێگەی دەزگایەکی ڕاوێژ کە ئەبووایە بنیات بنرایە.

 

خەلیفە عوسمان (خوای لێ رازی بێت) زۆربەی نزیکەکانی خۆی کردە والی شوێنەکان و گرنگی نەدا بەو ھاوەڵانەی کە شیاو بوون، کە ئەمەش گرنگترین ھۆکار بوو بۆ کوژرانی عوسمان، ئەو والیانەی کە عوسمان داینان لە نزیکەکانی خۆی بوون، ئەمانەن؛

 

والیەکانی عوسمان کە لە نزیکەکانی بوون

 

معاویەی کوڕی ئەبوسوفیان

عەبدولڵای کوڕی عامر

وەلیدی کوڕی عەقەبە

سەعیدی کوڕی عاس

عەبدولڵای کوڕی سەعد کوڕی ئەبوسەرح

مەڕوانی کوڕی حەکەم.

 

 

فەتح لە سەردەمی عوسماندا

یەکێک لە کۆنترین نوسخەکانی قورئان، کە ئەگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی عوسمان كوڕی عه‌فان

 

لە گرنگترین ئەو ئیشانەی لە سەردەمی عوسماندا کران فەتحی مەرو و تورکیا و فروان بوونی دەوڵەتی ئیسلامی بوو، و لە ڕۆژانی خەلافەتی عوسماندا فەتحی ئەسکەندەریە و ئەرمینیا و قەوقاز و خۆراسان و کرمان و سجستان و قوبرس کرا، ھەروەھا لە سەردەمیا مزگەوتی پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فراوان کرا، و یەکەم کەشتی دەریایی ئیسلامی دروست کرا بۆ پارێزگاری کەنارە ئیسلامیەکان لە ھێرشی بیزەنتیەکان، و لە گرنگترین ئیشەکانی کۆکردنەوەی قورئان بوو لە یەک کتێبدا دوای ئەوەی کە لە سەردەمی ئەبوبەکردا دەستکرا بە کۆکردنەوەی.

 

کۆکردنەوەی قورئان لە یەک بەرگدا

 

لە سەردەمی فراوانبوونی ئیسلام و بڵاو بوونەوەی لە زۆر وڵاتدا، ھاوەڵەکان جیابوونەوە، ئەمەش بووە ھۆی دەرکەوتنی خوێندنەوەی جیاواز بۆ قورئان و لە ترسی جیاوازی لە نوسینەوەی قورئان، و گۆڕینی زمانەکەی، عوسمان (خوای لێ رازی بێت) ھەموو موسڵمانانی کۆکردەوە لەسەر زمانی قوڕەیش یان دیالێکتی قوڕەیش کە ئەویش دیالێکتی عەرەبە، و قورئانی نوسیوە بە زمانی عەرەبی، و ناونرا (قورئانی عوسمان) یان قورئانی ئیمام.

 

کۆچی دوایی

 

عوسمانی کوڕی عەفان (خوای لێ رازی بێت) کوژرا لە ساڵی ٣٥ی کۆچی و بە شێوەیەکی ناشیرینانە، لە کاتێکا لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا بوو و کوژرانی لەسەر دەستی کۆمەڵێک لە ناڕازیەکان بوو لە دەسەڵاتی، ئەوانی کە دواتر لە ئایین لایاندا و دوورکەوتنەوە لە کۆبوونەوە بۆ چارەسەرکردن و ڕیکەوتن، و لە بەقیع نێژرا. و کوژرانی عوسمان پێشەکیەک بوو بۆ ڕووداوە دیارەکانی مێژووی موسڵمانان وەک شەڕی جەمەل و سەفین.

 

لە وتەکانی پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) لەسەر شهیدبوونی عوسمان

 

لە ئیبن عومەرەوە (خوای لێ رازی بێت)، ئەڵیت، پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فەرموویەتی ئاژاوەیەک ڕوو ئەدات، پیاوێک ڕۆیشت لەبەردەماندا، وتی؛ ئەم پیاوەی تیا ئەکوژرێت بە زوڵم لێکراوی، کە سەیرم کرد پیاوەکە عوسمانی کوڕی عەفان بوو.

 

Qadirzada.com ©2009 - 2022. All rights reserved