مردن خۆی ترس نی یە !!!

 

 

وەهبی علی

 

ئەترسم بمرم و ئەوەی  لەدڵمدا بوو بەیانم نەکردبێ ، کێڵگەیەکم بۆ پەیدا نەبووبێ تا تێدا داچێنم ، بازاڕێکم ھەر شک نەبردبێ تا لە دوایدا بەرهەمەکەی تێدا ساغ بکەمەوەو خەڵک لێمی وەرگرێ بۆ تیماری دەردەکانی .

بگرە هەر لەوانە زیاتر ئەترسام کە لەناو دروشم و بەرگە جۆراو جۆرە جوان و بریقەدارەکانی وەک ئازادی و عەدالەت  و خۆشگوزەرانی و خزمەت بەخەڵکدا گوایە ئەژیان و پۆشابوو ، ترسم لەوانە زیاتر بوو  ، ترسناکیش بوون بەڕاستی ئەترسام ، ئەوانەی لەلایەک خەڵکیان بەو دروشمانە سار ئەکردەوەو دەماری غیرەتیان تیا دەرهێنابوون بە ئەنواعی فەلسەفەو وووووو ،  جەماعەتگەلێکی ژیر و لێزان و  فریودەر کە هەمووشیان تەنوین موگناتیسی شارەزابوون لە خەواندنی میللەتێکدا بەتایبەتی ، کە لە زاهیردا چاک و باش و دڵسۆزی خەڵک بوون ، ئەمما وە بەڵام لە ناوەرۆکدا پیاوی زاڵم کۆیلەی دنیاو دەستکەوتەکانی بوون ، پیاو گەلێک کە خەڵکیان بەملادا ئاڕاسته دەکرد کەچی ئاوی جۆگەی بەرهەموو ڕەنجی ڕەنجدەرانیان لە ژێرەوە و بە تونێلێکی تاریک و مەخفی ژێر زەوی بەرژەوەاندیەکانی خۆیاندا ئەخستەوە سەر ڕێچکەو جۆگەو ڕووباری زاڵمەکان .

بۆیە هەرچۆن و هەر چیت بکردایە ئەمانە یەکەم ڕێگرو بەر بەستت ئەبوون ، مەحاڵ بوو بتوانی سەددی ئەمانە بشکێنی تا دەستت بگاتە ستەمکارەکان  ، ئەمان چون لەخۆت و جنسی خۆت بوون وا خولقێنرابوون چارت نەئەکردن بۆیە زۆر ئاسان بەدەست ئەمانەوە ئەگلێنرای و سەرکوت و ڕیسوا ئەکرای .

 کوێرەکانیش چون گوێشیان لەدەست دابوو هەر بەو دمڵەکە هەڵئەپەڕین و سۆز گرتبوونی لە بێ ئاگایدا ، ئیتر هەر ڕۆژەو مارەکەی زوحاکیش چینێکیانی لەو بێ مێشکانە ئەخوارد . خۆ تۆش ، هەرچیت بووتایە چ بەملادا چ بەو لادا هەر تۆ تاوانبار بووی و ڕیسواش ئەکرای .

لەم کات و ساتەدا و لەم سەردەمەدا ئێمە ئێستا وەک براکەی حەزرەتی موسا علیه السلام مان لێهاتووە ئەگەر قسە ئەکەی هەر وەی ئەگەر قسە ناکەی هەر وەی لە هەردوو لاوە هەر تۆ تاوانبار ئەکرێی .  

ناوێری هیچ بدرکێنی ، ئای چ ناڕەحەتیشە چ دەردێکی بێ دەرمانە لەمە ناڕەحەتریش ئەوەیە  کە هاواکردنیشت بەشێت بوون بۆ ئەژمار ئەکرێ بێ دەنگیشت ئاگرێکە کزکز ئەتبرژێنێ و ئەتسوتێنێ ، ناوێری هەر هیچ بڵێی لەبەر چی و چی ،،،،

ئەترسم بچمە بەردەمی خواو وەک ئەو پێغەمەرەی کە کەسی بە شوێنەوە نەبوو تاقی تەنیا و هەناسە سارد ......

نازانم چی بڵێم ئەو ڕۆژە ؟!! بڵێم ترسام بڵێم گوێیەک نەبوو گوێم بۆ بگرێ دڵێک چاوێک ،  غیرەت و شەهامەتێکم نەبینی لە تاقەکەسێکدا کە ئازاد بێت و ئازادی بوێت ، بڵێم چی ئەو ڕۆژە بڵێم هەرچەندە پۆشتە بووم باخەڵم پڕی پارە بوو سکم تێر بوو بەڵام گەدایانە ئەژیام کەسم شک نەبەبرد تا دەرگام لێبکاتەوە  ، کزۆڵ کزۆڵ شانم دابوویە بەر ڕەوڕەوەی تەمنم ئەویش هەر نەئەڕۆیشت لەو هەمووە لێژگایانەشا هەر خلۆر نەئەبوویەوه ، ئاخر هەموو ساتێکم گیان کێشانێک بوو کاتێک ئەو خەڵکەم بەو حاڵەوە ئەبینی ، بڵێم هەموو خەڵکم ئەبینی لە ژێر ستەما ئەگریان کەچی خزمەتکاریشی بوون ، هاوریان بۆ عەدل و عەدالەت ئەکرد کەچی دژی هەڵگرانی ئەو پەیامەو  سەرکردەو و پیاوانی ئەو ڕێبازانەش و خودی عەدلەکەش بوون   ، یان بڵێم من لەدەستی هەردوولایان شێت بووم و کەوتمە هەردان لەبن داربەڕووەکاندا پێکەوە ستەمی ڕۆژگار هەڵی قرچاندین ووشکە ساڵی خاک و نەتەوەیەک ووشکی کردینەوەو لەخۆیانیان تۆراندین ، بڵێم ناسۆری و بێ ئومێدی لە قەومەکەم گیان کێشم بوون نەک ئیزرائیل ، ئاخر ئێستا ئێوە پێم بڵێن ئەو ڕوژە من چی بڵێم !!! ئاخر چی بڵێم !!! کە دەوری خۆم بەچۆڵ ئەبینم لەناو ئەم هەمووە حەشاماتەدا ،،،،

ئای دڵسۆزان جوتیارانی ئەم ووڵاتە هەرچیتان چاند سەوز نەبوو ئەویش کە سەوز بوو یان دڕک و داڵ یان گیا کەڵەبوو ، عومری سەختی  ژینتان بێ بەرهەم و بە زایە چوو من نازانم چۆن ئەم خاکە ئێوەی گلداوەتەوه چۆن ئەمانە ببینن ئێوەش ڕاناکەن و کۆچ ناکەن .

ماڵ بە قۆڕ گیران ئائەمەیە کە ئێستا گەورە و بچوک ژیر و شێت ، داناو زاناو و دڵسۆز و فێڵباز خەریکن بە هەموو عەقڵ و لێکدانەوەو فەلسەفەیانەوە بە گشت باوەڕو هێز و تینیانەوە بە هەر چوار پەلیانەوە بۆی ئەشێلین و بۆ ئەترشێنین تا هەتا هەتایە چیتر ئەو قوڕەی لێنەبێتەوه کە ئەمڕۆ وا ئەوانە بۆی ئامادە ئەکەن . 

خوایە هاوارمان بۆلای خۆتە ....

وا بزانم بە هانەکانیشمان مەقبولە ،  خوایە بەدەستێکی توندی بە هێز ڕیش و قژمان نەگریت و ڕاینەوەشێنی ، ملمان نەشکێنی ، و بڵێی ئەی تۆ کە لەناویاندا بووی لەوێ بووی بۆ هیچت نەووت بۆ هیچت نەکرد ؟!

 خۆت باشتر ئەزانی وا ئێستا  سامری یەکان زۆر زۆرن ، زۆرێکیش لە خەڵک یان هەر  گێل و کەڕەواڵەن  یان هێشتا حەزو خولیای گوێرەکە پەرستیان لەدڵدایەو تێیاندا ماوە .....

 گوێرەکەکانیش زۆر زۆرن و جۆراو جۆرن .... ئەترسین هەرچی بکەین و بڵێین فیتنەیەک و ئاشوبێکی گەورەتر بنێینەوە زۆر زیاتر لەمەی کە ئێستا هەیە . ....

بۆیە دەردی ترس و ئێش و ژانی کەمتر نی یە گەر سەختتر نەبێ لە دەردی مەرگ و ئێش و ژانی ، مەرگ ناخۆشە بەڵام لەوە ناخۆشتر ئەوەیە کە بە شوێنیدا بگەڕێیت و دەستت نەکەوێ ئەوەنە بێ ھیوایت نۆشی بێت لەناو گەلەکەتدا .

لە کۆتایدا ئەبینی کاتێک  ئەو پەیامەی کە پێتە کەس نەیەوێت و شوێنت  نەکەوێ چ دەردێکی سەختە ، وە ئەبێ چ دەردێکیان چەشتبێ ئەو پەیامبەرانە کاتێک خەڵک ئاگری سوتێنەری خۆیانیان پێ قبوڵ بێ زیاتر لەو ڕۆشنای یەی تۆ بانگیان ئەکەی بۆلای کە لە ئەسڵیشدا عەوداڵی بووبن بەڵام ڕێگایان لێ ھەڵە بووبێ و فریویان خواردبێ و دۆست و دوژمنیان لێ قاتی و تێکەڵاو بووبێ ،،،،

ڕاستیتان ئەوێ ھۆشیار کردنەوەی قەومێکی وا کارەساتێکی مەرگبارە ....

بۆیە ھارون ئاسا ئەبێ چاوەڕوانی گەڕانەوەی موساکەمان بکەین ئێمەیش .

تا ئەو دەمە خوا یارو یاروەرمان بێت .

.............................................

لەگەڵ ئەو پەڕی ڕێزم بۆتان

براتان  وەهبی عەلی

 

Qadirzada.com ©2009 - 2021. All rights reserved