ڕاگەیەندراوێك لە ئەنجومەنی سەوزی چیاوە

 

 

جەماوەری بە شەرەفی نیشتیمان.

ئاشقانی ژیان و مرۆڤایەتی.

هۆگرانی ئاوەدانی و ئاشتی.

 

وەک ئاگادارن لە درێژەی بەرگری له بەرامبەر ئاگری ماڵوێرانکەری ڕق و قین، نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی گیانی چوار هاوڵاتی مەریوانی ستاند کە دوان لەوانە لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سەوزی چیا بوون. ئەمە خەسارێکی بەرچاوی لە ڕەوتی بزووتنەوەی مەدەنی ئەم کۆمەڵگایەدا کە بێ گومان قەرەبوو کردنەوەی ئێجگار ئەستمە.

 

تاریک پەرەستان و دوژمنانی ژینگە و ئاوەدانی هیچ ڕێگایەک نەماوە نەیگرنە بەر بۆ کاولکاری و خاپوور کردنی ئەم نیشتمانە و بنەڕەتەکانی مرۆڤایەتییان کردوەتە ئامانج. بێ ئاگا لەوەی کە سروشتی ژیانەوەی ئەم دەڤەرە پڕاوپڕە لە سەرهەڵدانی قەقنەس ئاسا و لە هەمان ساتدا کە خەیاڵی خاویان نایگاتێ لە خۆڵەمێش گڕمان سەر هەڵدەداتەوە و کەڵە سوارانێکی تری وەک “شەریف” و “ئومێد” بەدی دێنێتەوە. نازانن ئێرە لانکەی قارەمانان و کەڵە سوارانە، مەکۆی هەڵقوڵینی هزر و هەڵوێستی شێرانەیە، ئەوان قەد بە خەیاڵیشیان نایەت کە تەرمی بە جێماوی ئەو دوو فەرماندەیەی بەرگری، لە ژینگە تا چەندە گڕکانی دڵی ئاشقانی ژینگە و ژیان ئەبووژێتەوە و ڕووناکی ئەداتە ڕێگای پڕ لە شەرەفی ڕەوتی ماندوویی نەناسانەی خێڵی بەرگران. خۆڵەمێشی بە جێ ماویان ئەبێت بە سورمەی چاوی گلایەک و شەقەی هزریان باڵ ئەکێشێت بەسەر هەموو چەمکەکانی گەشەدا.

 

ئێستا زرێبار دەس لە ئەژنۆ هەڵکورماوە و لە باوەشی دارستان و چەم و ڕووباردا جەستەی بە جێماوی ڕۆڵەکانی ئەلاوێنێتەوە، چەم و دار و بەرد خاوەن پرسەن و دەستە دەستە وەڵامی سەرەخۆشی ئەدەنەوە، ئێستا کاتی سەرەخۆشی لە ژیانە، ژیان و مانەوە قەرزاری ئەو دوو پڵنگەن، پڵنگانێک کە تا هەتایە کاریگەرییان لەسەر هەناسە و ژیانی ئەم دەڤەرە ئەمێنێتەوە. ئەوان بوون کە جڵەوی بزووتنەوەی ژینگە و یەکسانییان گرتە دەست و لە ئاکامدا بوونە ئەستێرەیەکی پرشنگداری ئاسمانی ژینگە و پێکەوە ژیان. ئەوان بوون کە چۆکیان بە بوومەلەرزە دانەدا و ئاستی مرۆڤایەتییان چەن هەنگاو بردە سەرەوە و بوونە چرای هەمیشە داگیرساوی ڕێگای پیرۆزی ئاشتی و ئاوەدانی.

 

ئێمە وەکوو ئەنجومەنی سەوزی چیا وێڕای پرسە و سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەی ئازیزیان و هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، دیسانەوە جەخت ئەکەینەوە کە ئەو دوو شەهیدە بۆ هەمیشە ئەبنە چرای ڕێگای پیرۆزی چیا. چیا بۆ هەمیشە خۆی بە قەرزاری هزر و هەڵوێستی ئەو دوو بەڕێزە ئەزانێت و بیرەوەرییان بەشێکی بەرچاوە لە ڕێگامان.

 

ئەنجومەنی سەوزی چیا

 

خەرمانانی ١٣٩٧"

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved