له‌ 48 كاتژمێردا 51%ی خاكی كوردستان له‌ده‌ست درا

 

 ته‌نها له‌ ماوه‌ی‌ 48 كاتژمێردا سه‌دا 51ی‌ خاكی‌ كوردستان كه‌ پارێزگایه‌ك و 16 قه‌زاو 44 ناحیه‌یه‌ له‌ده‌ست درا و گه‌ڕایه‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ عیراق.

 

رۆژنامه‌ی‌ ئاوێنه‌ له‌ ژماره‌ "597"یدا كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ "له‌ماوه‌ی 48 كاتژمێری رابردوودا سوپا و حه‌شدی شه‌عبی ته‌واوی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كۆنترۆڵكرده‌وه‌ كه‌ سه‌دا 51ی كۆی خاكی باشوری كوردستان ده‌كات، كه‌ له‌ 10ی حوزه‌یرانی 2014 ه‌وه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌دایه‌".

رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت: "روبه‌ری گشتی باشوری كوردستان ( 86269 ) كم2 و سنوری ئیداری هه‌رێم روبه‌ره‌كه‌ی ( 41939 )كم2 به‌رێژه‌ی ( 48.6% ) سنوری ناوچه‌ی جێناكۆك (44330) كم2 به‌رێژه‌ی ( 51.4% )".

 

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "ئه‌و ناوچانه‌ش پێكهاتووه‌ له‌ یه‌ك پارێزگا و 16 قه‌زا و 44 ناحیه‌، كه‌ ره‌نگه‌ بۆ ده‌یان ساڵی دیكه‌ هه‌لی دیكه‌ به‌ده‌ست نه‌یه‌ته‌وه‌ بۆ رزگاركردنی ئه‌و ناوچانه‌".

 

پارێزگای كه‌ركوك روبه‌ره‌كه‌ی ( 9679 كم2 ) له‌ چوار قه‌زا پێكهاتووه‌ ئه‌ویش ( قه‌زای ناوه‌ند ، داقوق ، دبس ، حه‌ویجه‌)، له‌گه‌ڵ 12 ناحیه‌، له‌كۆی ئه‌و قه‌زا و ناحیانه‌ له‌دوای هاتنی دعشه‌وه‌، قه‌زاكانی ناوه‌ندی كه‌ركوك و دبس و داقوق له‌ژێر كۆنترۆڵی پێشمه‌رگه‌دا بووه‌ له‌گه‌ڵ 8 ناحیه‌، واتا ( 6500) كم2، ته‌نها قه‌زای حه‌ویجه‌و ناحیه‌كانی زاب و ره‌شاد و ریازو عه‌باسی له‌ژێر كۆنترۆڵی داعشدابووه‌ و له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ رزگاركرا، كه‌ روبه‌ره‌كه‌ی (3156) كم2 .

 

ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كۆنترۆڵكردنی پێنج كیڵگه‌ی نه‌وتی له‌ پارێزگای كه‌ركوك (هاڤانا، بای حه‌سه‌ن، جه‌مبور، بابه‌گوڕگوڕ، خه‌باز) كه‌ كۆی گشتی به‌ هه‌رپێنج بیره‌كه‌ 425 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنن، كه‌ له‌و كێڵگانه‌وه‌ زیاتر له‌ ( 350 هه‌زار ) به‌رمیل نه‌وتی له‌رێگه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ كراون، به‌تایبه‌تیش زۆرینه‌ی له‌ژێر ده‌ستی پارتیدا بووه‌، به‌تایبه‌تیش "هاڤانا و بای حه‌سه‌ن) كه‌ به‌هه‌ردوكیان زیاتر له‌ 265 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌مده‌هێنن. له‌گه‌ڵ سه‌ربازگه‌ی كه‌ی وه‌ن و فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوك. 

 

له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، كه‌ قه‌زای دوزخورماتوو خاكی كوردستانیه‌ روبه‌ره‌كه‌ی (3365) كم2 له‌گه‌ڵ سێ ناحیه‌، ناوه‌ندی قه‌زای دوزخورماتوو به‌ به‌شێكی زۆری ناوچه‌كانی ده‌وره‌به‌ری له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌دابوو، ئه‌ویش له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ كۆنترۆڵكرا به‌ نزیكه‌ی 3000 كم2 .

 

له‌ پارێزگای دیاله‌ كه‌ روبه‌ری ناوچه‌ی كوردستانی ( 13884 )كم2، به‌تایبه‌تیش ناحیه‌كانی ( جه‌له‌ولا، قه‌ره‌ته‌په‌، جه‌باره‌، سه‌عدیه‌) له‌ قه‌زای خانه‌قین، كه‌ كۆی روبه‌ره‌كه‌ی زیاتر له‌ 3000 كم2 ده‌بێت، جگه‌ له‌ ناحیه‌ی سه‌عدیه‌ هه‌مووی له‌ژێر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌بوو ئه‌وانی دیكه‌ به‌ رێكه‌وتن ده‌كه‌ونه‌ ژێر كۆنترۆڵی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقی.

 

به‌و پێیه‌ش له‌ماوه‌ی ته‌نها 5 كاتژمێردا كورد یه‌ك پارێزگا و پێنج قه‌زا و 12 ناحیه‌ و زیاتر له‌ 12000 كم2 له‌ده‌ستیدا كه‌ ده‌كاته‌ 27%ی كۆی خاكی ناوچه‌ی جێناكۆك و 14%ی كۆی خاكی كوردستانی باشوری له‌ده‌ستداوه‌.

 

دوێنێ‌ سێشه‌ممه‌ش هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ مه‌خمور، گوێر، شه‌نگال، سنونێ‌، باشیك به‌نداوی موسڵ كشانه‌وه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان چوونه‌ ئه‌و ناوچانه‌، هاوكات هێزه‌ عیراقییه‌كان چوونه‌ ناو خانه‌قین و جه‌له‌ولا و ئاڵای‌ عیراقیان له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ هه‌ڵكرد.

حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق ده‌یه‌وێت ده‌ستور بچه‌سپێنێت له‌و ناوچانه‌، كه‌ به‌پێی ده‌ستوریش سنوری ئیداری هه‌رێمی كوردستان تا یه‌كه‌م لێدانی هاوپه‌یمانانه‌ له‌ رژێمی به‌عس كه‌ به‌پێی بڕگه‌ی ئه‌لف له‌ماده‌ی 53ی ده‌ستوری كاتی عیراق سنوری ئیداری هه‌رێمی كوردستان تا 19/3/2003یه‌، واتا سوپای عیراق ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ته‌واوی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، كه‌ روبه‌ری گشتی باشوری كوردستان ( كوردستانی عێراق ) بریتیه‌ له‌ ( 86269 ) كم2 و دابه‌ش بووه‌ به‌سه‌ر سنوری ئیداری هه‌رێمی كوردستان كه‌ روبه‌ره‌كه‌ی ( 41939 )كم2 به‌رێژه‌ی ( 48.6% ) سنوری ناوچه‌ی جێناكۆك ( 44330) كم2 به‌رێژه‌ی ( 51.4% ) ، ئه‌و ناوچانه‌ش پێكهاتووه‌ له‌ یه‌ك پارێزگاو 16 قه‌زا و 44 ناحیه‌، به‌و پێیه‌ش ئه‌گه‌ر سوپای عێراق بگه‌رێته‌وه‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ئه‌وا كورد رێژه‌ی 51%ی كۆی خاكه‌كه‌ی له‌ باشوری كوردستان له‌ده‌ست ده‌دا. 

 

 

سەرچاوە: وێستگه‌ نیوز

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved