بێدەنگی حوکمەتی هەرێم لە دەستدرێژیەکانی تورکیا

 

 

دەنگی ئەمریکا

بێ دەنگی حكومەتی هەرێمی کوردستان لەمەڕ بۆردومانەکانی تورکیا نیگەرانی لای هاووڵاتیان دروست دەکات

 

هێرشە بەرفراوانەکەی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بێ دەنگی و هەڵوێستی کاربەدەستە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی لای بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە و داوای هەڵوێستی جدی لە حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

 

بۆردومانی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆری لای پەنابەرانی نێو كەمپی روستەم جۆدی لە مەخمور دروست دەكات.

 

بێوار ئەمین بەرپرسی كۆمیتەی دەرەوەی كەمپی ڕۆستەم جودی لە مەخمور بۆ دەنگی ئەمەریكا لەبارەی ئەو هێرشەی توركیا بۆ سەر نزیك كەمپەكەیان گووتی" فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا بە چڕی بۆردومانی دەوروبەری كەمپەكەیان كردووە و زیانێكی زۆری مادی هەبووە، باخچە و بێستان و رەز و باغێكی زۆر سوتاوە پێنج فڕۆكە بۆ ماوەی یەك كاتژمێر لەسەر ئەو كەمپە سوڕانەوە تا بیست جار بۆردومانی دەوروبەری باشوری كەمپەكەیان كرد ئەو شوێنەی كە خەڵکی ئاژەڵەکانیانی تێدا بەخێو دەكەن بۆردومان كرا."

 

هونەر باڵەیی چاڵاکوانی مەدەنی سەبارەت بە هێرش و زیانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانیان لە دەڤەری سۆران بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی" ناکرێت ئەمە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە قەبوڵ بکرێت کە فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا دەڤەرەکانیان بۆردومان دەکەن و زیانێکی زۆری مادی و تەنانەت ماوەکانی ڕابردوو گیانیشی گەیاندووەتە خەڵکی بێتاوانی دەڤەرەکانیان هەروەها زیانێکی زۆریشی بە سروشت و باغ و موڵکی خەڵک گەیاندووە، و ئەوەی جێگەی پرسیارە بێ هەڵوێستی و نا بەرپرسیاریەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە وەک بڵێیت ئەم خاکە پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمەوە نەبێت، داوا دەکەین ئەم بابەتە بدرێتە نەتەوە یەکگرتوەکان تاکۆ چیتر تورکیا بۆردومانی ناوچەکانیان نەکات."

 

ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكانی سەر بە قەزای سۆران لەبارەی بۆردومانی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆ سەر دەڤەرەكەیان بۆ دەنگی ئەمەریكا گووتی" فڕۆكە سەربازیەكانی توركیا دەوروبەری گوندەكانی شێلكان و كۆنەلە و لێلكان بە ئامانجی لێدانی بارەگاكانی پەكەكە بۆردومانكرد بەڵام هیچ بنكە و بارەگایەكی پەكەكە بە ئاشكرا لەو دەڤەرە نییە، لەم ساڵانەدا كۆی گشتی ئەو گوندانەی لە دەڤەری سیدەكان چۆلبوون 118 گوندە هەمیشە دڵەڕاوكێ لە لایەن گوندنشینانەوە هەبووە و مەترسی چۆڵبوونی نزیكەی 20 گوندی تریش هەیە كە سنوورین و نزیكن لە بنكەكانی توركیا، چەند جار لە لایەن موختارەكانەوە داوا لە پەكەكە كراوە كە شەڕەكانی خۆی بباتە سنوورەكانی باكور بەڵام تا ئێستا پەكەكە گوێیان بەو قسانە نەداوە و هۆكاری هاتنە ناوەوەی توركیاش بە 30 كیلۆمەتر بۆ سنووری هەرێمی كوردستان لە ناحیەی سیدەكان بە شێوەی سەرەکی هۆكارەكەی پەكەكە بووە."

 

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان زیاتر دەڵێت" لە لایەن سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتەوە چەند جار داوا كراوە كە ئەو شەڕە رابگیرێت بەڵام ڕانەگیراوە ناكرێت ئەوەش لە بیر بكەین بەو پێیەی كە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە حكومەتی عێراق پاراستنی سنوورەكان دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عێراق بەڵام تاكو ئێستا نەیتوانیوە بەرگری لە پاراستنی سنوورەكان بكات كە لە ڕووی قانونیشەوە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عێراقیەوە."

 

شایەنی باسە بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆ سەر دەوروبەری كەمپی ڕۆستەم جودی لە سنووری قەزای مەخمور و هەروەها بۆردومانی دەڤەری شنگال و سیدەكان و باڵەیان و قەندیل زیانێكی زۆری مادی بەر بە خەڵكی ئەو دەڤەرانە گەیشتووە بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە.

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved