نا بۆ کاڵای تورکی

هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵای تورکی تا وەدەرنانی کۆمپانیاکانیان دەست پێدەکات

 

دەستەیەک لە نوسەر و ئەکادمیسیان و کەسانی ناسراوی باشووری کوردستان هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵای تورکیان لەهەموو دەڤەرەکانی باشوور ڕاگەیاند.

دەقی بەیاننامەکە:

  لەناوەڕاستی ئابی ساڵی رابردوە وە دەوڵەتی تورکیا تا ئێستا ٥٦ جار لە ١٨ قەزای ٧ هەرێمی کوردستانی باکوردا حاڵەتی نائاسایی راگەیاندوە کە تێیدا کورد خۆسەریی-دیموکراسیی راگەیاندوە.  ١٦٢ هاوڵاتیی مەدەنیی لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکیاوە کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتەن. دەوڵەت بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵسانی جەماوەریی باکوری کوردستان زیاد لە ١٠٠٠٠ دە هەزار سەربازی هێناوەتە ناوچە کوردییەکان. سوپای تورکیا بێڕەحمانە تۆپبارانی ماڵ و منداڵ دەکات. تا ئێستا زیاد لە ١٥٠٠٠٠ سەد و پەنجا هەزار کەس ئاوارە بوە. حکومەتەکانی رابردو گوندنشینانی ناچارکرد کۆچبکەن بۆ شارەکان، هەمان ئەو ئینسانانە ئەمڕۆ لەلایەن حکومەتەکەی پارتیی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە)وە ناچاردەکرێن شارەکانیش جێبهێڵن.

لە بەرانبەر توندوتیژییەکاندا کوردان خەندەقیان لێداوە بۆ بەرگریکردن لەخۆیان، گەنجانی شۆڕشگێڕی وڵاتپارێز هێزێکی نوێی شارییە کە دژ بە دەوڵەت لەناو شارەکانەوە خەبات دەکەن و بەرگریی لە راگەیاندنی خۆسەریی دیموکراسیی دەکەن. دەوڵەت رێیگرتوە خواردن و ئاو بۆ وڵاتییان بڕوات. کارەبا و هێڵی تەلەفۆنی پچڕێندراوە. ژیان وەستاوە و دڵڕەقیی بەشار ئەسەد لە سوریا ئەمڕۆ گواستراوەتەوە بۆ باکوری کوردستان و جێبەجێکارەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیایە.  لەکۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیی کە نوێنەرایەتیی تەواوی سازی و رێکخراو و گروپ و خەڵکی باکوری کوردستان دەکات، هاوسەرۆکی پارتیی کۆمەڵگەی دیموکراتیی (هەدەپە) سەڵاحەدین دەمیرتاش دەڵێت: “ئێمە هەمو رێبازەکانی دیالۆگ و دانوسانمان کرد، بەڵام ئەوان هەمویان رەتکردەوە و بڕیاری لەناوبردنیان داوین، ئەوان دەیانەوێت بە تانک، تۆپ و پێگە و ئیرادەی گەلی کورد رەتبکەنەوە، بەڵام گەلی کورد پێگە و خۆبەڕێوەبەریی دەوێت".

ئێمە لە باشوری کوردستانەوە، لە لایەکەوە دڵڕەقیی تورکیا ئیدانە و شەرمەزاردەکەین، بەوپەڕی خۆشحاڵی و شانازیشەوە پشتیوانیی لە خۆسەریی دیموکراسیی و بزوتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان دەکەین. ئێمە، وەک نوسەر، ئەکادیمیی، رۆژنامەنوس، چالاکی مەدەنیی، خەڵکی باشوری کوردستان، رای خۆمان لە چوار خاڵدا کورتدەکەینەوە:

١- پشتیوانیی راگەیاندنی خۆسەریی دیموکراسیین و داوا لە برایانمان لە باکور دەکەین هەر جۆرە پشتیوانییەکیان لە ئێمە پێویست بێت، ئێمە ئامادەین.

٢- دەوڵەتی تورکیا پێویستە بەزوترین کات باری نائاسیی هەڵبگرێت و لە پارلەمانی ئەو وڵاتەدا، پرسی کورد چارەسەربکرێت.

٣- حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە بەزوترین کات رای خەڵکی باشوری کوردستان دژ بە دەوڵەتی تورکیا رابگەیەنێت، داواش لە لایەنەکانی بەشداریی ناو حکومەت دەکەین، ئەم بێدەنگییە دەرهەق بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کۆتایی پێبهێنێت.

٤- هەروەها داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەکەین، بەتایبەت ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا، بەدەنگ بانگەوازییەکەی هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستانەوە بێن و  ئەوان ببنە لایەنی سێیەم لە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا. ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەیەوێت سوریایەکی دی لە ناوچەکە دروستنەبێت، ئەوا دەبێت بێدەنگیی دژی تورکیا بشکێنێت.

  لەکۆتاییشدا رایدەگەیەنیین، ئێستا لەهەرێمی کوردستان، چەند دەستەیەک لەخەڵکی ناوچە جیاجیاکان بۆ هەڵوێست وەرگرتن پێکهێنراوە بەرامبەر هێرش و پەلاماردانەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر باکور، وەک هەنگاوی یەکەمیش داوا لەهاوڵاتیانی کوردستان دەکەین بایکۆتی بەکارهێنان و کرینی کاڵای تورکی بکەن، ئەگەر تورکیا لە هێرشەکانی بەردەوام بوو، هەنگاوی دووەممان بە هەڵمەتی دەرکردنی کۆمپانیا تورکییەکان دەست پێدەکات تارادەی دروستکردنی مەترسی لەسەر بەرژەوەندییە ئابورییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، تکا لەهاوڵاتیان دەکەین بۆ پشتیوانی خوشک و براکانی باکور، دوودڵ نەبن و بەئیرادەیەکی بەهێزەوە بەگژ شەرەنگێزی حکومەتی تورکیا بچننەوە و پابەندبن بە هەڵمەتەکەوە.

 

دەستەی سەرپەرشتی شارەکان

 

١- دهۆک و زاخۆ

٢- هەولێر

٣- سلێمانی

٤- خانەقین

٥- دەڤەری پشدەر

٦- شارەزوور

٧- دەربەند

٨- دەڤەری گەرمیان

٩-  دەڤەری پشدەر

١٠- کەرکوک و چەمچەماڵ

 

Qadirzada.com @ 2016. All rights reserved