|
| ||
|
|
||
|
تائێستاش بەهەزاران دیلكراوی كوردو عەرەب لەزیندانەكانی ئێراندان
دڵشاد ئەنوەر پلەدارێكی باڵای سوپای عێراق، ئاشكرایدەكات تائێستاش بەهەزاران دیلكراوی عەرەب و كورد كە لەنێوان ساڵانی 1980-1988 لەشەڕی نێوان عێراق و ئێراندا دەستگیركراون لەگرتووخانەكانی ئێران ژیان دەگوزەرێنن. لەسەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران لەنێوان ساڵانی 1980-1988 عێراق و ئێران بەهەزاران سەربازی یەكتریان بەدیلگرت، بەشێك لە دیلەكان لەساڵانی رابردوودا لەلایەن هەردوو وڵاتەوە ئاڵوگۆڕیان پێكرا، بەشێكی زۆریشیان تائێستا چارەنووسیان نادیارە. ژمارەیەكی زۆر دیلی عێراقی لە زیندانەكانی ئێراندان پلەدارێكی باڵای سوپای عێراق، كە عەرەبێكی شیعە مەزهەبە و باوكی یەكێكە لەبێسەروشوێنكراوەكانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، بەهاوڵاتی وت «باوكم لەژیاندا ماوە، لەزیندانێكدایە كە سێ هەزار بەدیل گیراوی عێراقی سەردەمی شەڕەكەی تێدایە كە هەموویان لەساڵی 1982 گیراون«. پلەدارەكەی سوپای عێراق، بەسودوەرگرتن لەوەی شیعە مەزهەبە و بەهۆی نزیكایەتییەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقدا، هەوڵێكی زۆری داوە باوكی ببینێت بەڵام هەوڵەكانی بێ سوود بوون. پلەدارەكەی سوپای عێراق كە پۆستێكی هەستیاری لەپارێزگای دیالە هەیە و ئامادەنەبوو ناوی بهێنرێت، وتی«دوو بەدیلگیراوی خەڵكی شارەبان ئازاد كراون كەباوكمیان لەزینداندا بینیووە«. دەربارەی بوونی كورد لەزیندانەكانی ئێران، پلەدارەكە جەختیكردەوە، بەپێی زانیارییە هەواڵگیرییەكانیان بەهەزاران بەدیل گیراوی كورد و عەرەب لەزیندانەكانی ئێراندان، كە ئێران لای خاچی سوری نێودەوڵەتی بەمردوو لەقەڵەمی داون. هاوكات، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، مانەوەی ژمارەیەكی زۆر بەدیلگیراوی عێراقی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق لەزیندانەكانی ئێران پشتراست دەكاتەوە. د. مەحمود عوسمان، بەهاوڵاتی وت«هەموو لایەنە عێراقیەكان یەكدەنگن لەسەر مانەوەی ژمارەیەكی زۆر بەدیلگیراوی سەردەمی شەڕەكە لای ئێران، بەڵام ئێران ئەمە رەتدەكاتەوە«. هەروەها وتی«پێموایە ژمارەیەكی زۆر لەو دیلە عێراقیانە لای ئێران ماون، بەڵام ژمارەیان چەندە و لەكوێن ئەوە روون نییە«. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەپێویستی دەزانێت خاچی سوری نێودەوڵەتی بچێتە ناو ئەو مەسەلەیەوە و هەوڵی ئاشكراكردنی چارەنووسی دیلكراوە عێراقیەكان بدات. راوێژكارێكی مالیكی: دەبێت بەدواداچون بكرێت راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەپێویستی دەزانێت حكومەتی عێراقی و حكومەتی هەرێم بەدواداچوون بۆ چارەنووسی بەدیلگیراوە عێراقیەكانی سەردەمی شەڕی نێوان ئێران و عێراق بكەن. عادل بەرواری، وتی«ئەو زانیاریەی پلەدارە عێراقیەكە پێیداون نوێیە، بەڵام حكومەتی پێشوو بەدیلگیراوەكانی بە بێسەروشوێن لەقەڵەمداوە، واتە مردوون یان لەژیاندا ماون«. بەوتەی راوێژكارەكەی مالیكی، ئەو زانیاریەی لەسەر لەژیاندا بوونی بەدیلگیراوە عێراقیەكان دراوەتە رۆژنامەی هاوڵاتی، دەبێت حكومەتی ناوەند و هەرێم بەهەند وەریبگرن «دەبێت ناوەند و هەرێم لەرێگەی باڵیۆزخانە و كونسوڵگەری ئێرانەوە بەدواداچوون بۆ چارەنووسی دیلكراوەكانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق بكەن«. لای خۆیەوە، سكرتێری یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم، جەخت لەسەرئەوەدەكاتەوە هەر زانیاریەك لەسەر چارەنووسی دیلكراوە كوردەكانی سەردەمی شەڕی نێوان ئێران و عێراق هەبێت، حكومەتی هەرێم بەهەند وەریدەگرێت. محەمەد قەرەداغی، وتی«حكومەتی ناوەندی جێنیشینی حكومەتی پێشووی عێراقە، دەبێت داوای ئازادكردنی دیلكراوە عێراقیەكان لەئێران بكات گەر لەژیاندا مابن«. قەرەداغی ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر دیلكراوی كورد لای ئێران هەبێت و مابێت لەژیاندا، دەبێت حكومەتی هەرێمیش هەوڵەكانی بخاتەگەر. هاووڵاتی |
||
|
Qadirzada.com © 2009. All rights reserved
|
||