| ||
|
||
كورد حكومه‌تی عێراق جێده‌هێڵێت
ئارا ئیبراهیم/هاوڵاتی وه‌زیر‌و به‌رپرسانی باڵای كورد حكومه‌تی عێراق جێده‌هێڵن‌و ده‌گه‌رێنه‌وه بۆ هه‌رێم دوای كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی هه‌رێمیش له‌به‌غدا رێككه‌وتوون هێڵی سور بۆ مالیكی دابنێن‌و به‌توندی دژی هه‌نگاوه‌كانی له‌حوكمڕانیدا بوه‌ستنه‌وه. دوێنێ شه‌ممه ٩/٣، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كورد له‌حكومه‌تی عێراق‌و په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان كۆبووه‌وه، بڕیاریشیانداوه به‌توندی به‌رانبه‌ر هه‌نگاوه “هه‌ڵه‌كانی” مالیكی بوه‌ستنه‌وه‌و كورد له‌حكومه‌ته‌كه‌ی بكشێته‌وه تاوه‌كو له‌هه‌رێم تاوتوێی كێشه‌كان ته‌واو ده‌بێت. به‌پێی زانیارییه‌كانی هاوڵاتی، وه‌زیره كورده‌كان‌و فراكسیۆنه‌كانی هاوپه‌یمانی كوردستان، گۆڕان‌و یه‌كگرتوو به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه بوون، ته‌نیا كۆمه‌ڵ بایكۆتی كردووه. د. خه‌یروڵا حه‌سه‌ن، وه‌زیری بازرگانی عێراق له‌پشكی یه‌كێتی‌و ئاماده‌بووی كۆبوونه‌وه‌كه، به‌هاوڵاتی وت “هه‌موو پرسه‌كانی عێراق به‌گشتی گفتوگۆ كرا‌و هه‌مووشمان كۆكبووین ده‌بێت بۆ له‌مه‌ودوا هێڵێكی سور بۆ هاوپه‌یمانی شیعه‌كان‌و ده‌وڵه‌تی قانون به‌سه‌رۆكایه‌تی مالیكی‌و هه‌موو ئه‌و هێزه شیعانه دابنێت كه پشگیری ده‌كه‌ن”. كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بارزانی دوای په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی ئه‌مساڵی عێراق دێت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه به‌بێ ئاماده‌بوونی كورد، كه كاردانه‌وه‌ی توندی هه‌رێمی لێكه‌وته‌وه. له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردراوه سه‌رجه‌م وه‌زیر‌و به‌رپرسه‌كانی كورد له‌حكومه‌تی به‌غدا بگه‌رێنه‌وه هه‌رێم تائه‌وكاته‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسان‌و نوێنه‌رانی لایه‌نه سیاسیه‌كان گفتوگۆی كێشه‌كان ده‌كه‌ن. وه‌زیره كورده‌كه وتی “ئێمه‌ی وه‌زیر‌و نوێنه‌رانی كورد ته‌ها یاسین ره‌مه‌زان‌و ته‌ها محێدینی سه‌رده‌می سه‌دام حوسێن نین، بۆ موچه نه‌چووین بۆ به‌غدا بۆ ئه‌وه چوون كار بۆ مافه‌كانی گه‌لی كورد بكه‌ین، به‌رای من كورد به‌شدار نه‌بێت له‌حكومه‌تێكدا كه داواكارییه‌كانی جێبه‌جێناكرێت، بكشێنه‌وه باشتره، ئه‌سڵه‌ن به‌رده‌وامیمان له‌و حكومه‌ته به‌عه‌یبه ده‌زانم”. به‌ڵام، په‌رله‌مانتارێكی یه‌كگرتوو له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بارزانی، پێیوایه كشانه‌وه له‌حكومه‌تی عێراق دیراسه‌ی وردی ئه‌منی‌و سیاسی‌و ئابووری ده‌وێت. به‌كر حه‌مه‌سدیق، ئاڵۆزیه‌كانی بۆ كێشه كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانی هه‌رێم‌و به‌غدا گه‌رانده‌وه‌و به‌هاوڵاتی وت “جا هه‌ر كه‌سێك لێی به‌رپرسیار بێت ده‌رهاویشته‌ی ئه‌م وه‌زعه‌ی ئێستایه، به‌داخه‌وه كورد زۆر رارایه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كان‌و نه‌یتوانیوه بڕیار بدات”. وتیشی “سه‌رۆكی هه‌رێم وتی من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام ئێستا راپرسی بكرێت بۆ سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵام ئێوه هاوكارم نه‌بوون، زۆر به‌توندیش قسه‌ی له‌سه‌ر مالیكی كرد”. هاوكات، مه‌حمود عوسمان په‌رله‌مانتاری كورد له‌به‌غدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه كۆبوونه‌وه‌كانی بارزانی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غدا به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان. به‌شداربوانی كۆبوونه‌وه جه‌ختیان له‌وه‌كردووه‌ته‌وه له‌كاتێكدا ئه‌وان به‌شدارن له‌ده‌سه‌ڵاتی عێراقدا، ئه‌وا نابێت رێگه بده‌ن به‌شێوازی ئێستا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت. د.خه‌یروڵا حه‌سه‌ن وتی “نابێت لێیان قبوڵ بكه‌ین به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ داواكارییه‌كانی كوردا بكه‌ن، چونكه سه‌دامان روخاند بۆ ئه‌وه بوو دیكتاتۆریه‌ت كۆتایی پێبهێنین”. ئاشكراشیكرد كه بڕیاره به‌یاننامه‌یه‌كی توند بۆ مالكی‌و ده‌وڵه‌تی قانون ده‌ربكه‌ن، ئه‌گه‌ر “به‌رێزه‌وه وه‌ڵامنه‌درێته‌وه هه‌ڵوێستی توندتر ده‌گرینه‌به‌ر”. موئه‌ید ته‌یب، وته‌بێژی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان، به‌هاوڵاتی وت “ده‌وڵه‌تی قانون بڕیاری تاكڕه‌وانه‌یان داوه‌و ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ش ئه‌نجامی باشی لێده‌كه‌وێته‌وه”. هاوكات، په‌رله‌مانتارێكی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌به‌غدا ده‌ڵێت به‌هۆی بێ ئه‌نجامیه‌وه بایكۆتكردنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بارزانیان كردووه. فاتیح دارۆغایی به‌هاوڵاتی وت “هه‌موو مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه‌كان له‌مه‌كته‌بی سیاسی پارتی‌و یه‌كێتیدا بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت، بۆیه به‌گرنگ‌و پێویستمان نه‌زانی به‌شداری بكه‌ین چونكه سوودی نابێت”.
|
||
Qadirzada.com © 2009. All rights reserved
|
||