|
جه‌لالیزاده: ئیسماعیل ته‌ته‌ری هۆگرییه‌كی زۆری بۆ ئه‌ده‌بیات و فه‌رهه‌نگی كوردی هه‌بوو
مه‌نسوور جیهانی / تاران
دكتۆر جه‌لال جه‌لالیزاده رایگه‌یاند: "ئیسماعیل ته‌ته‌ری هۆگری و خۆشه‌ویستییه‌كی زۆری بۆ ئه‌ده‌بیات و فه‌رهه‌نگی كوردی هه‌بوو، زۆر شیعری كوردی به زاراوه‌ی جۆراوجۆر له‌به‌ر بوو".
دكتۆر جه‌لال جه‌لالیزاده په‌رله‌مانتاری شاری سنه له خولی شه‌شه‌می په‌رلمانی ئێران له دیدارێكی تایبه‌ت به ئاژانسی هه‌واڵی په‌یامنێر سه‌باره‌ت به كه‌سایه‌تی په‌رله‌مانتاری كورد "ئیسماعیل ته‌ته‌ری" نوێنه‌ری پێشووی شاری كرماشان له خوله‌كانی چواره‌م و شه‌شه‌می په‌رله‌مانی ئێران، گوتی: "به‌ڕێز ته‌ته‌ری به وتای ته‌واو كورد بوو، دڵسۆزی و خه‌مخۆری زۆری هه‌بوو، له دامه‌زراندنی فراكسیۆنی كورد له خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی ئێران‌دا رۆڵێكی به‌رچاوی بوو و به‌ڕاستی یه‌كێك له ئه‌ندامانی چالاكی ئه‌و فراكسیۆنه بوو."
هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌موو كاتێك هۆگری و خۆشه‌ویستییه‌كی زۆری بۆ ئه‌ده‌بیات و فه‌رهه‌نگی كوردی هه‌بوو، زۆر شیعری كوردی به زاراوه‌ی جۆراوجۆر له به‌ری بوو، هه‌میشه بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه و بونیادنانی كوردستان و ئه‌و ناوچانه‌ی كه دانیشتووانی كوردن زه‌حمه‌تی زۆری ده‌كێشا."
جه‌لالیزاده له درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: "زۆر بۆ ژینگه پارێزی و ته‌نانه‌ت له‌ناوبردنی دارستانه‌كانی كوردستان هه‌موو كاتێك به‌داخ بوو، بۆ داكۆكیكردن له مافی گه‌لی كورد به ناونیشانی جۆراوجۆراو و له وتوووێژه‌كانی و هه‌روه‌ها په‌یامه‌كانیدا به‌ڕاستی هه‌وڵیده‌دا و زه‌حمه‌تی ده‌كێشا."
گوتیشی: "ته‌نانه‌ت بۆ گۆڕینی ناوی پارێزگای "باخته‌ران" بۆ "كرماشان" له خوله‌كانی چواره‌می په‌رله‌مانی ئێران‌دا زۆر تێكۆشی و له ئاكامیشدا توانی كه ناوی كرماشان دووباره بێنێته‌وه سه‌ر جێگای خۆی."
نوێنه‌ری پێشووی شاری سنه سه‌باره‌ت به به‌شداری ئیسماعیل ته‌ته‌ری له فراكسیۆنی كورددا، گوتی: "له خولی شه‌شه‌می په‌رلمانی ئێران كه پێكه‌وه بووین هه‌میشه هه‌واهه‌نگییه‌كی زۆری باشی له گه‌ڵ ئه‌ندامان و به‌رنامه‌كانی فراكسیۆنی كورددا هه‌بوو، هه‌موو كاتێك له كۆبوونه‌وه‌كانی فراكسیۆن به‌شدارییه‌كی چالاكانه‌ی هه‌بوو. هه‌روه‌ها له به‌دواداچوونی مه‌سه‌له جۆراوجۆره‌كانی ناوچه كوردنشینه‌كاندا له راگه‌یاندراوه‌كان، ئاخاوتنه‌كان و هه‌روه‌ها چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ رێبه‌رانی كورد، له‌وانه: مه‌سعوود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی و كه‌سانی دیكه‌دا هه‌میشه به‌شداری ده‌كرد و تێروانینی خۆی هه‌بوو و ئاماژه‌ی به بیروبۆچوونه‌كانی خۆی ده‌كرد."
هه‌روه‌ها گوتی: "به‌ڕاستی ئیسماعیل ته‌ته‌ری مرۆڤێكی دڵسۆز بوو، هه‌میشه سه‌باره‌ت به كوردایه‌تی به‌رپرسیارییه‌تی هه‌بوو و هه‌میشه بۆ هه‌ر ناڕه‌حه‌تی كوردێك دڵسۆزی ده‌كرد و غه‌م و په‌ژاره‌ی خۆی ده‌رده‌بڕی. من پێموایه كه كۆچی خوالێخۆشبوو ته‌ته‌ری كۆچێكی ناواده بوو، كۆچێكی زۆر زوو بوو، كاتی ئه‌وه نه‌بوو كه بمرێت و جێی داخه كه مرۆڤێكی ئاوا كه ئه‌و هه‌مووه عیشق و هۆگری و خۆشه‌ویستییه‌ی كه به فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب و زمانی كوردی هه‌یبوو به جێ‌مان بێڵێی."
دكتۆر جه‌لال جه‌لالیزاده له درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: "ئیسماعیل ته‌ته‌ری رۆڵێكی باشی بوو له مانه‌وه و پاراستنی شوناسی كوردی له كرماشان‌دا. هه‌میشه دووپاتی له‌سه‌ر كورد بوونی خه‌ڵكی كرماشان و پاراستنی كوردایه‌تی و په‌ره‌پێدانی ئه‌وین و هۆگری له كرماشان‌دا ده‌كرد."
گوتیشی: "ئێستا جێگای ئیسماعیل ته‌ته‌ری خاڵییه و هیوادارم كه هاوشارییه‌كانی ئه‌و و خه‌ڵكی ناوچه‌ی كرماشان، هه‌ر ئه‌و عیشق و هۆگرییه‌ی كه ئاغای ته‌ته‌ری به كوردایه‌تی هه‌یبوو ئه‌وانیش ئه‌و ئه‌وین و هۆگرییه بپارێزن، به‌تایبه‌ت بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و خۆشه‌ویسته."
مامۆستای زانكۆی تاران سه‌باره‌ت به هۆگری ئیسماعیل ته‌ته‌ری به زمان و ئه‌ده‌بیاتی كوردی، گوتی: "هه‌م زۆربه‌ی "شانامه‌ی فیرده‌وسی" و هه‌میش ته‌واوی "شانامه‌ی كوردی" له‌به‌ر بوو، هه‌روه‌ها شیعره‌كانی هه‌ورامی و شیعری كوردی به زاراوه‌ی جۆراوجۆر له‌به‌ر بوو، ئه‌وین و هۆگرییه‌كی زۆری به ئه‌ده‌بیاتی كوردی هه‌بوو. ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی كه هه‌ر دوكمان په‌رله‌مانتار بووین، به‌سه‌ردانێك چووین بۆ سعودیه و چه‌ند كۆمه‌ڵه شیعر له به‌رهه‌مه‌كانی خۆی هێنابوو كه پێشكه‌ش به "مه‌له‌ك فه‌هه‌د" و "مه‌له‌ك عه‌بدوڵا"ی كرد."
دكتۆر جه‌لال جه‌لالیزاده په‌رله‌مانتاری شاری سنه له خولی شه‌شه‌می په‌رلمانی ئێران له
كۆتایی ئه‌م دیداره‌دا گوتی: "مه‌له‌ك فه‌هه‌د و مه‌له‌ك عه‌بدوڵا" زۆر به رێزلێنان و حورمه‌ته‌وه دیارییه‌كه‌ی ئه‌ویان قه‌بووڵ كرد و زۆر دڵخۆش بوون و وه‌كوو په‌رله‌مانتارێكی كورد كه هه‌ستی شیعری هه‌یه و هۆگری به ئه‌ده‌بیاته، زۆریان پێی خۆش بوو. كه ئه‌وه‌ش نیشاندانی كه‌سایه‌تی ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگی ئیسماعیل ته‌ته‌رییه."
PNA
|