كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

 

جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان په‌یامێكی له‌سه‌ر بۆردومانه‌كه‌ی باره‌گاكانی حزبی دیموكراتی كوردستان له‌لایه‌ن ئێران بڵاو کردەوە،

 

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی:

به‌ناوی‌ خوای‌ گه‌وره‌و میهره‌بان

كه‌سوكاری‌ سه‌ربه‌رزی‌ شه‌هیدانی‌ كاره‌ساتی‌ ٨ی‌ ئه‌یلوول

 

زۆر به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كۆیه‌ ئێران تۆپبارانی‌ باره‌گاكانی‌ هه‌ردوو حزبی دیموكراتی‌ كردو به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان سه‌ركرده‌و كادیری قاره‌مان شه‌هیدبوون و ژماره‌یه‌ك له‌ ژن و منداڵ و هاووڵاتی‌ سڤیل بریندار بوون، لێره‌وه‌ هاوكاتی‌ ئیدانه‌ كردنی‌ ئه‌م تۆپبارانه‌ ده‌رهه‌ق به‌ هه‌ردوو حزبی دیموكرات، پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌می‌ قووڵی خۆم ئاراسته‌ی‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدانی‌ كاره‌ساتی‌ 8ی‌ ئه‌یلوول ده‌كه‌م و هیوای‌ زوو چاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداره‌كان ده‌خوازم.

 

مێژوو سه‌لماندوویه‌تی‌، كه‌ نه‌ شه‌ڕی چه‌كداری‌، نه‌ تۆپباران و بۆمباران، نه‌ راگواستن و زیندانی‌ كردن و له‌سێداره‌دان ناتوانێ كۆتایی به‌داوا ره‌واكانی‌ گه‌لی‌ كورد بێنی‌، بۆیه‌ تاكه‌ چاره‌سه‌ری‌ راسته‌قینه‌و شاڕێگای‌ گه‌یشتنی‌ كورد به‌ مافه‌كانی‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ دۆخی سه‌قامگیر و ئاشتی‌ بۆ ناوچه‌كه‌، ته‌نهاو ته‌نها گفتوگۆو كۆبوونه‌وه‌ی‌ هه‌مووانه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ ئاشتیانه‌.

داواكاریشین لە هەموو لایەك كە هەرێمی كوردستان نەكەنە گۆڕەپانی ململانێ سیاسی و سەربازییەكان لە ناوچەكە، كوردستان خۆی بە دۆخێكی هەستیاردا تێپەڕدەبێ.

 

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی‌

جێگری سكرتێری گشتی‌

یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved