| ||
|
||
پیرۆزبایی نەورۆز و وتەیەکی کورتی ناوەندی کرماشان دیالوگ
نهورۆز و سهری ساڵی تازهتان پیرۆز! کۆتایی هاتنی ساڵی کۆن و دهسپێکردنی ساڵی نوێ به نهورۆز، واتە رۆژی نوێ بوونەوە ناودێرکراوە. ئەم نوێ بوونەوەیە دەتوانێ هەم ئاماژە بە ژیانەوەی سروشت بێ و هەم گۆڕین و نوێ بوونەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەر کۆمەڵگایەک. وەک دەبینین سروشت ئەرکی خۆی زۆر بە جوانی ئەنجام دەدا و ژیانەوەی گیا و دار و بوونەوەر، هەموو ساڵێک لە نەورۆز و لە کاتی خۆیدا ڕوودەدا. بەڵام ئەوە ژیانەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگایە، کە بە داخەوە لە لایەن دەسەڵاتە زاڵم و زۆردارەکان و دەست و پێوەندەکانیانەوە پێشی پێدەگیرێ و ناتوانێ ڕەوتی سروشتی خۆی بپێوێ. نەورۆز له لایهن کورد و زۆر نهتهوهی تریشهوه جهژن دهگیرێ. بهڵام کورد زیاتر له ههر نهتهوهیهکی تر نهورۆز به هی خۆی دهزانێ و رێزی زۆری لێدهگرێ. ئەمەش بۆ ئەو دۆخە نالەبارە دەگەڕێتەوە کە بە درێژایی مێژوو کوردی تێدا ڕاگیراوە و هەروەها بۆ ئەوەی کە تا ئێستا هەوڵەکانی کورد بۆ خۆڕزگارکردن بە ئاکامی مەبەست نەگەیشتووە. زۆر گرنگ نییە نەورۆز کەی و چۆن دەستی پێکردووە، بەڵکوو لای کورد گرنگ فەلسفەی نەورۆز و هیوا بە نوێ بوونەوەیە و هەر هیوایەکیش پێویستی بە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوامە. بەبۆنهی جهژنی نهورۆزی کوردهواری و دەستپێکردنی ساڵی 2713ی کوردیهوه، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان پێشکهش دهکهین به ههموو کوردێک، به تایبهت کوردانی سەر بە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام. هیوادارین ساڵی تازه، ساڵێکی پڕ له خۆشی و بهختهوهری و سهرکهوتن بێت و کوردی ئەم دوو پارێزگایە وشیارانە و لێزانانە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە مافە هاوبەشەکانیان یەک بخەن. هاوکات ئەوە وەبیر خۆمان بێنینەوە کە بۆ ئێمەی کورد، گەیشتن بە ئامانجەکانی نەورۆز، پێویستیان بە یەکگرتوویی و هەوڵی بێوچان و بەردەوام هەیە. هەوڵدان بە شێوەی گونجاو بۆ خۆڕزگارکردن لە دەس زوڵم و ژێردەستی و گەیشتن بە ژیانی شایانی مرۆڤی ئەم سەردەمە. ئەو هەوڵانە دەتوانن لە چەندین بواردای هاوتەریب (موازی)دا، هەم بەشێوەی تاک و هەم بە کۆمەڵ بەڕێوە بچن. لەم سەردەمەدا نابێ پرش و بڵاوی هێزە سیاسییەکانی کوردی پارچەیەک لە کوردستان لە سەردەمێکی کورتدا، ببێ بە هۆی دڵساردی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە لە هەوڵدان بۆ ڕزگاری. لەم بوارەدا خۆپێگەیاندنی تاکی کورد مەرجێکی سەرەکییە و، بەشێکی ئێجگار زۆری ئەو هەوڵانە دەتوانن لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵگاکەوە جێبەجێ بکرێن. تاکی وشیار و پێگەیشتوو و توانا، کۆمەڵگا و نەتەوەی بەهێز پێک دێنێ و دەبێ بەو هێزەی کە لە بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیەکدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێ. هیوادارین تاکی کورد ئاگاداری ئەوە بێ کە ئێمە نابێ تەنیا چاوەڕوانی ڕێکخراوە سیاسییەکان بین و بەم شیوەیە ئەرک و بەرپرسایەتی لەسەر خۆمان لا بدەین. ئەمڕۆکە ئەگەر ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەم بوارەدا دەرفەتی باشیان هەبێ کاری گەورەیان لەدەس دێ.
ههموو رۆژێکتان نهورۆز و نهورۆزتان پیرۆز! ناوەندی کرماشان دیالوگ ـ کومیتەی نورویژ، چوارشەممە 20.03.2013ی زایینی بەرانبەر بە 30.12.2712ی کوردی |
||
Qadirzada.com © 2009. All rights reserved
|
||