| ||
|
||
مه‌كته‌بی سیاسی ڕاگەیەندراوێکی بلاو کردەوە
راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌باره‌ی بۆردومانی شه‌وی رابردووی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی حكومه‌تی توركیا، له سنوری قه‌زای چۆمان راگه‌یه‌ندراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌و.
دە‌قی راگه‌یه‌نراوەكەی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان:
له‌درێژه‌ی په‌لاماره‌كانی بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری خاكی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، شه‌وی ڕابوردوو، فرۆكه جه‌نگییه‌كانی حكومه‌تی توركیا، بوردومانی گونده‌كانی دۆڵی باڵه‌یان-یان،له سنوری قه‌زای چۆمانكردووه. به‌داخه‌وه‌به‌هۆیه‌وه، له‌گوندی سه‌ركان(٤) هاوڵاتی مه‌ده‌نی، به‌ناوه‌كانی (كاكه مسته‌فا وه‌رتی، كاكه سمایل ئاغا وه‌رتی، ده‌رباز محه‌مه‌دیونس، شه‌رۆ مه‌حمود)، كه ئه‌ندامی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوون و له‌گونده‌كه‌یاندا،به‌بێ ئه‌وه‌ی تاكه چه‌كدارێكی تیابێ، سه‌رقاڵی ژیانی ئاسایی خۆیان و به‌رێكردنی جه‌ژنی نه‌ورۆز بوون، بوون به قوربانی سیاسه‌تی شه‌ڕنگێزی له ناوچه‌كه‌دا. سه‌رباری ئیدانه‌كردنی ئه‌م كرده‌وه تاوانكارییه و په‌زاندنی سه‌روه‌ری خاكی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و به‌ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌و گوندانه‌ی، كه هیچ جۆره جموجۆلێكی چه‌كداری تیانیه. پێویسته ده‌وڵه‌تی توركیا كۆتایی به‌م په‌لامارانه بیهێنێت. بێگومان له‌رووی یاساییه‌وه به‌رپرسیارێتی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ماددی و مه‌عنه‌وی كه‌سوكاری شه‌هیدان و زیانلێكه‌وتووه‌كان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی حكومه‌تی توركیا، كه به‌ئاشكرا تیرۆری ئاسمانی به‌سه‌ر هاوڵاتیانی مه‌ده‌نیدا ده‌سه‌پێنێ. ئه‌م كرده‌وانه له‌كاتێكدایه، ئاماژه‌كانی داگیركردنی عه‌فرین و هه‌ڕه‌شه‌كان له‌سه‌ر كۆبانی و منبج و رمێلان و قامیشلۆ، بوردومانی گونده‌كانی هه‌رێمی كوردستان، نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن له‌دوای سه‌ركه‌وتن له‌شه‌ڕی به‌ره‌یی به‌رامبه‌ر به داعشه تیرۆریسته‌كان، به‌رنامه‌ی تری ئیقلیمی له‌ئارادایه و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه، به‌ره‌و رووبه‌رووبونه‌وه‌و ته‌قینه‌وه‌ی گه‌وره ده‌چێت، سه‌ره‌نجام مه‌ترسی گه‌وره له‌م هه‌لومه‌رجه مێژووییه‌دا ئه‌وه‌یه، كێشه‌كان له‌نێوان زڵهێزه‌كان و ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمی، به زیان بۆ سه‌ر ستراتیژی چاره‌سه‌ری دیموكراسی و خه‌باتی چاره‌نوسخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد بشكێته‌وه و رێكه‌وتنێكی تری وه‌ك (لۆزان) له‌ناوچه‌كه‌دا بسه‌پێنرێته‌وه. سیاسه‌تی په‌ره‌پێدانی شه‌ڕ له‌لایه‌ن حكومه‌تی توركیاوه، به‌و ئامانجه‌یه كه نه‌خشه‌ی سیاسی و جوگرافی ناوچه‌كه، له به‌رژه‌وه‌ندی ئاكپارتی بشكێته‌وه. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م دۆخه مه‌ترسیداره‌دا، دیسانه‌وه دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه، به‌داخه‌وه تائێستا سیاسه‌تی هێزه سیاسیه‌كانی به‌شه‌كانی كوردستان،نه‌ك ده‌ركی ئه‌م پیلانگێڕانیه مه‌ترسیدارانه‌یان دژبه ئیرده‌ی كورد نه‌كردووه. به‌ڵكو كێشه سیاسیه‌كانی نێوان هێزه كوردستانیه‌كان له رۆژئاوا‌و باشور زیاتر لێكترازاوه. ئه‌مه له‌كاتێكدایه له‌دوای كاره‌ساتی (١٦)ی ئۆكتۆبه‌ر، تائێستا حكومه‌تی عێراقی ئاماده‌نیه سه‌رجه‌م كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكات وماده‌ی (١٤٠) و ته‌واوی ده‌ستور جێبه‌جێ بكات. هه‌روه‌ها رۆژئاواش له‌به‌رده‌م پیلانێكی عه‌سكه‌ری ترسناكدایه، باشوری كوردستانیش له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نوسازدایه. به‌ڵام به‌داخه‌وه جگه له به‌یاننامه و سۆز ده‌ربرین، له‌به‌رامبه‌ر قوربانیه‌كان، هیچ جۆره ستراتیژێكی نوێ بۆ چارسه‌ری كێشه و ناكوكی له‌نێوان هێزه سیاسیه‌كانی به‌شه‌كانی كوردستان، بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌م پیلانه مه‌ترسیدارانه له‌ئارادانیه. یه‌كێتی، دیسان جه‌ختده‌كاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیانی ئێمه له هیچ به‌شێكی كوردستان دووچاری زیاتر له‌م كاره‌ساتانه نه‌بنه‌وه‌و پیلانه گه‌وره‌كان به‌دڵی ئه‌و حكومه‌تانه نه‌سه‌پێنرێ، كه مافه دیموكراسیه‌كانی گه‌له‌كه‌مان ناسه‌ڵمێن، دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه، چاره‌سه‌ری ناوخۆیی هێزه كوردستانیه‌كان له‌لایه‌ك و ده‌سته‌به‌ركردنی پشتیوانیه‌كی زیاتری نێوده‌وڵه‌تی له‌لایه‌كی تر. هه‌روه‌ها كات له‌ده‌ست نه‌درێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ناو عێراق به‌پێی ده‌ستورو به‌زووترین كات چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه داراییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان باشه. له‌كۆتاییدا پرسه و سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی كه‌سوكاری شه‌هیده‌كان و خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری ناوچه‌ی دۆڵی باڵه‌یان ده‌كه‌ین و شه‌هیدكردنی ئه‌و پۆڵه كادره گه‌نجه‌ی یه‌كێتی، به‌زیانێكی گه‌وره ده‌زانین.
راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ٢٢/٣/٢٠١٨
|
||
Qadirzada.com © 2018. All rights reserved
|
||