|
ئه‌و گه‌ریلایانه كه به‌چه‌كی كیمیایی كوژراون
مه‌رگی كیمیایی
محه‌مه‌د عه‌لی كه‌مال: ژماره‌یه‌ك داموده‌زگای ئه‌وروپی لێكۆڵینه‌وه له‌وێنه‌ی ئه‌و گه‌ریلایانه ده‌كه‌ن كه به‌چه‌كی كیمیایی كوژراون، به‌پێی گۆڤاری نیوزویك به‌ڵگه‌كانی ئه‌مجاره به‌هێزترن له‌وانه‌ی پێشووتر، له‌ئه‌گه‌ری سه‌لمانی راستی ئه‌و كاره‌دا حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره توشی سزای ئابووری ده‌بێته‌وه.
چاپی روسیای گۆڤاری نیوزویك له‌هه‌واڵێكدا له‌ژێر ناوی "مه‌رگی كیمیایی" ئه‌وه ئاشكراده‌كات به‌ڵگه‌كانی ئه‌مجاره زۆر به‌هێزن، ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌وه به‌سه‌ر توركیادا ساغبێته‌وه كه‌چه‌كی كیمیایی له‌دژی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان به‌كارهێناوه، ئه‌وا كێشه‌ی گه‌وره چاوه‌ڕێی توركیا ده‌كات كه له‌وانه‌یه خۆیان له‌سزا ئابوورییه‌كاندا ببیننه‌وه. هه‌روه‌ك له‌هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه "كورده‌كان ئه‌مجاره سه‌لماندیان كه‌سوپای توركیا چه‌كی كیمیایی له‌دژیان به‌كارهێناوه".
هه‌ر له‌هه‌واڵه‌كه‌دا كه‌باسی هێرشه‌كه‌ی سوپای توركیای له‌ناوچه‌ی چوكورجا كردووه كه به‌چه‌كی كیمیایی له‌ئه‌یلولی ساڵی 2009دا كردوویانه‌ته سه‌ر یه‌كه‌یه‌ك لهگهریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه كه‌به‌رپرسانی پزیشكی دادوه‌ری شوێنه‌واره‌كانی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاییان له‌خانه‌واده‌ی گه‌ریلاكان شاردووه‌ته‌وه‌و زانیاری‌یان له‌وباره‌یه‌وه نه‌داونه‌تێ.
ئه‌و گۆڤاره كه له‌پاڵ ئه‌وه‌دا كه‌باسی كوشتنی گه‌ریلاكانی به‌چه‌كی كیمیایی كردووه، ئه‌و دڕهندهییو وهحشیهتهشی خستووه‌ته‌ڕوو كه‌به‌رانبه‌ر ته‌رمه‌كانیان كراوه‌و نوسیویه‌تی "وێنه‌ی ئه‌و هه‌شت كورده‌ی كه‌كوژراون، بینینیان موچڕك به‌گیانی مرۆڤدا ده‌هێنێ، كاسه‌ی سه‌ریان پارچه پارچه كراوه‌و چاویان ده‌رهێنراوه، سكیان ههڵدڕاوهو شوێنه‌واری سوتان‌و برینداری بهلهشیانهوه دیاره".
ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه كه‌ژماره‌یه‌ك پزیشك له‌زانكۆی هامبۆرگی وڵاتی ئه‌ڵمانیا لێكۆڵینه‌وه‌ی وردیان له‌سه‌ر وێنه‌كان كردووه، لهڕاپۆرتهكهیاندا وێڕای ئه‌وه‌ی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه‌چه‌كی كیمیایی له‌دژی گه‌ریلاكان به‌كارهێنراوه، ئه‌شكه‌نجه‌و ئازاری جه‌سته‌ییش دراون.
هه‌ر له‌هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه به‌كارنه‌هێنانی چه‌كی كیمیایی رێككه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌وه واژۆكراوه‌و توركیاش له‌ساڵی 2003دا ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ی واژۆكردووه. ئه‌وه‌شی روونكردووه‌ته‌وه كه‌پارتی ئاشتی‌و یه‌كسانی (به‌ده‌په) سه‌رگه‌رمی ئاماده‌كردنی راپۆرتێكه له‌و باره‌یه‌وه‌و سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی مافی مرۆڤ له‌توركیاش ئه‌وه راده‌گه‌یه‌نێت كه‌توركیا چه‌ندان ساڵه چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو له‌به‌رانبه‌ر كورده‌كاندا به‌كارده‌هێنێ، به‌ڵام تا ئێستا هیچ كهسو لایه‌نێك باسی بابه‌تێكی له‌و جۆره‌ی نه‌كردووه‌و خۆی له‌قه‌ره نه‌داوه.
هه‌روه‌ك رۆبه‌رت لۆی شاره‌زا له‌خانه‌ی چاتهامی به‌ریتانی رایدهگهنێت ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌وه له‌سه‌ر توركیا ساغبێته‌وه كه‌چه‌كی كیمیایی له‌دژی په‌كه‌كه به‌كارهێناوه، ئه‌وا كێشه‌ی گه‌وره چاوه‌ڕوانی ئه‌نقه‌ره ده‌كات.
لۆی له‌هه‌واڵه‌كه‌ی نیوزویكدا باس له‌وه ده‌كات له‌وانه‌یه ئه‌و كێشانه‌ی ئه‌نقه‌ره توشیان دێت سزا‌و گه‌مارۆ بن، ئه‌و كاته‌ش ته‌نانه‌ت ئه‌مریكای هاوكارو هاوپه‌یمانیشی ناتوانێت یارمه‌تی بدات. چونكه له‌ئێستادا توركیا داوای چهكو فڕۆكه‌ی پێشكه‌وتوو له‌ئه‌مریكا دهكاتو ئه‌گه‌ر ئه‌م كه‌یسه له‌به‌رژه‌وه‌ندی په‌كه‌كه ساغبوویه‌وه، ئه‌وا زیانی هه‌ریه‌ك لهئهمریكاو توركیای تێدایه‌و چیدیكه ئه‌نقه‌ره ناتوانێ چه‌ك له‌واشنتن بكڕێت.
هاوكات‌و له‌شاری ئامه‌د پارێزه‌رانی شاره‌كه به‌نیازن كه‌یسی ئه‌و زیندانییه نه‌خۆشانه‌ی له‌لێواری مهرگدانو حكومه‌ت ئازادیان ناكات، ببه‌نه دادگای باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا.
پارێزه‌انی شاری ئامه‌د به‌مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی مافی ئه‌و زیندانییه سیاسییانه‌ی لهزیندانهكاندا به‌ندن‌و به‌پێی راپۆرته پزیشكییه‌كان له‌سه‌ره‌مه‌رگدان، به‌ڵام تا ئێستا حكومه‌تی توركیا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئازادكردنیان نیشاننه‌داوه، به‌نیازن سه‌ردانی دادگای مافه‌كانی مرۆڤ له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا بكه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زیندانه‌كان پێشێلی ماده‌كانی 13و 14و 3یان له‌دژی ئه‌و كه‌سانه كردووه‌و پێشتریش چه‌ند زیندانییه‌كی سیاسی به‌و جۆه گیانیان له‌ده‌ستداوه. ئه‌و كه‌سانه‌شی له‌ئێستادا به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه له‌لایه‌ن پزیشكه‌وه راپۆرتیان بۆ كراوه، ده‌بێت ئازاد بكرێن كه‌ژماره‌یان ده‌یان كه‌سه.
وا بڕیاره له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا سكاڵاكه ببرێته ئه‌و دادگایه‌و چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت به‌هۆی پێشێلكردنی ماده‌ی 13 كه‌تایبه‌ته به‌خراپ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ زیندانییهكانو ماده‌ی 3 كه‌هه‌موو زیندانیان له‌به‌رانبه‌ر یاسادا بێ گوێدانه بیروباوه‌ڕی سیاسی‌یان یه‌كسان دهكاتو ماده‌ی 14 له‌یاسای سزادانی توركی، حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره به‌ره‌و رووی سزادان‌و لێپێچینه‌وه ببێته‌وه.
ده ستوور
|