یەكێتی نیگەرانە لەسەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا

 

 

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نیگەرانە لە سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا‌و پێشی وایە لەگەڵ یەكریزی نێوماڵی كوردی نایەتەوە، بە پێی زانیارییەكانیش چاوەروان دەكرێت شاندێكی باڵای یەكێتی بە سەرۆكایەتی بەرهەم ئەحمەد ساڵەح بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق سەردانی بەغدا بكەن.

 

 

دەقی راگەیەنراوەكە…

راگەیانراوێك لە راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

 

 لەڕۆژی یەكەمی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوای یەك هەڵوێستی و چوونە بەغدا بە یەك تیمی لەلایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان كردوە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئیستحقاقاتی میللەتەكەمان بە پێی دەستوری هەمیشەیی عێراق.

 

 بەڵام بە پێچەوانەی یەك هەڵوێستی، رۆژی ٢٢/٩/٢٠١٨ لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوەگوێبیستی هەواڵی چوونە بەغدای وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بووین كە بەسەرۆكایەتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان تاك لایەنە چوونەتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی عێراق لەسەر كۆمەلێك بابەتی پەیوەست بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوی عێراق و بە تایبەت پۆستی سەرۆك كۆمار، پاش ئەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەربژێری خۆی دیاریكردوە بۆ ئەم پۆستە كە (دكتۆر بەرهەم صالح)ە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەكاتی هەڵبژاردنی سەرۆك پەرلەمان و جێگرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان تاك لایەنە گفتوگۆی كردبوو لەگەڵ هێزە سیاسیەكانی ناو پەرلەمان.

 

هەرچەندە یەكێتی نیشتمانی كوردستان تا ئەم ساتەش ڕێكارە یاساییەكانی نەگرتۆتەبەر بەمەبەستی تۆماركردنی بەربژێرەكەی بە پێی یاسایی پەیڕەو كراو وەكو چاوەڕوانیەك بۆبەدەست خستنی یەك هەڵوێستی، بەڵام ئەم كارەی برایانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ یەك ریزی ناو ماڵی كورد و یەك هەڵوێستی نایەتەوە، بۆیە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سۆنگەی باوەڕی بە ئیستحقاقاتی سیاسی گەلەكەمان هەڵئەسێ بەكاری پێویست بۆ ڕاییكردنی سەرجەم كارە سیاسی و یاساییەكان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ بەربژێرەكەی خۆی و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی نوێ لە بەغدا، هەرچەندە هەوڵماندا پێكەوە بكەوینەوە گفتگۆ بۆ ئەم مەبەستە بەڵام جێگای سەرسوڕمانە كە برایانی پارتی هیچ جۆرە ئامادەییەكیان بۆ ئەو مەبەستە دەرنەبڕی، لەگەڵ ئەوەشدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان تا هەنوكەش سورە لەسەر سیاسەتی كاری پێكەوەیی و یەك هەڵوێستی لایەنە كوردستانیەكان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی باڵای میللەتەكەمان و بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان لەبەغدا، وە دیارە كە ڕووداوەكانی ڕابردووش ئەو ڕاستیەیان سەلماندوە كە هیچ كات كاری تاك لایەنە لەبەرژەوەندی باڵای میللەتكەماندا نەبوەو نابێت.

 

ڕاگەیاندنی مەكتەبی سیاسی

یەكێتی نیشتمانی كوردستان

 

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved