شكێنەری پەیكەرەكەی سەدام پەشیمانە: لەڕابردوودا ئارامی‌و ئاسایش هەبوو ئەمڕۆ لەدەستمانداوە

 

هاوڵاتی/وەرگێرانی: نەوشیروان فەتاح

 “لەڕابردوودا تەنها یەك دیكتاتۆر  هەبوو بەڵام ئەمڕۆ سەدانی لێپپەیدابووە، لانی كەم لەرابردوودا ئارامی‌و ئاسایش هەبوو، بەڵام ئەمڕۆكوشتن‌و دزی‌و ئاژاوە لەشەقامەكانی وڵاتدا تەشەنەی سەندووە”، ئەمانە پوختەی قسەكانی كازم جبوریە پاڵەوانی عێراق لەبەرزكردنەوەی قورسایی، كازم پەشیمانە لە روخانی پەیكەری سەدام حسەین بە حەسەرەتەوە بیر لە ڕۆژانی ژێر دەسەڵاتی سەدام دەكاتەوە لەكاتی بەراوردكردنی بە ئەمڕۆ.

كاتێك كازم جبوری بە چەكوشەكەی دەستیەوە بەرەو پەیكەرەكەی سەدام حسەین رۆشت تاكو بیڕوخێنێت، لەكاتی رزگاركردنی بەغداد لەلایەن ئەمریكا، بووە جێگەی گرنگیپێدانی ڕاگەیاندنەكانی هەموو جیهان، بەڵام ئەمڕۆ ئاواتەخوازە یەك هەنگاو بەرەو ئەو جێگایە نەرۆشتایە.

بەرلە دەساڵ، كازم بووە پاڵەوانێكی دیاری‌و دروشمی روخانی بەغدا، لە هەموو دەزگاكانی ڕاگایاندنەوە تیشكی خرایەسەر لەنێو ئەو جەماوەرەی لەدەوری پەیكەرەكەی سەدام كۆبوبونەوە، كازم چەكوشێكی قورسی بەدەسەتەوە بوو بەڕقەوە پەیكەری گەورەی سەدام حسەینی لە گۆڕەپانی فیردەوەس شكاند، وێنەی كازم بووە لاپەڕەی یەكەمی رۆژنامە بەناوبانگەكانی جیهان.

  بێ‌ هیوایی

پاش دەساڵ لەو روداوە ئەم پیاوە (٥٢ساڵە) پەشیمانە، ئەو كات كاری میكانیكی چاكردنەوەی ماتۆڕسكیلی دەكرد، باسی ئەو ساتەی روخانی دیكتاتۆرەكەی عێراق دەكات‌و دەڵێت “رقم لەسەدام بوو، ماوەی پێنج ساڵ بوو خەونم بەوە دەبینی ئەو پەیكەرە بشكێنم، بەڵام ئەمڕۆ هەست بە پەشیمانیەكی زۆر دەكەم.”

“لەرابردوودا، یەك دیكتاتۆرمان هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ سەدان”، جبوری باس لەگوزەرانی خەڵك دەكات كە”چۆن نوقم بووە لە قەیرانە سیاسی‌و ئابووری گەندەڵیەكانی وڵاتدا، وتی “هیچ شتێك نەگۆڕاوە.”

چاككردنەوەی ماتۆڕسكیلی عودەی بەخۆڕایی

پاڵەوانی پێشووی بەرزكردنەوەی قورسایی ماوەی ١١ ساڵ لە زیندانی ئەبو غرێب زیندانی كراوە، وتی تاوانەكەم تەنها ئەوە بوو سكاڵام لەعودەی كوڕی سەدام كردبوو چونكە ماتۆڕسكیلەكەی چاككردبوویەوەو پارەی نەدابوو.

جبوری ئەو ڕۆژەی “زۆرباش” لەیادەوەریدا ماتەوە وتی “بەتەنها لەدوكانەكەم بووم، كات نزیكی نیوەڕۆ بوو، بیستم ئەمریكیەكان لەم دەوروبەرەن، چەكوشەكەم هەڵگرت‌و بەرەوە گۆڕەپانی فیردەوس بەڕێكەوتم.”

بەردەوام بوو وتی “بیرم لە روخانی ئەو پەیكەرە دەكردەوە، زۆر بەخێرایی رۆشتمە گۆڕەپانەكە، هەرچەندە ئاگاداربووم پۆلیسی نهێنی‌و فیداییەكان دەیان بینیم چی دەكەم، بەڵام كۆمەڵێك هاوڕێم بۆ پاراستنم لەدەورم كۆبوونەوە، نەوەك پۆلیس بیەوێت تەقەم لێبكات.”

ئەمریكیەكان یارمەتیان دام

جبوری وتی “پاش ٤٥ خولەك ئەمریكیەكان گەشتن. یەكێكیان پرسیاری لێكردم ئایا پێویستیت بەیارمەتی هەیە، پەیكەرەكەیان بە زرێ پۆشێكەوە بەستەوە تاكو یارمەتیم بدەن لە كەوتنیدا، سەرەتا تەنها خۆم بووم، پاشان بووین بە ٣٠ كەس دواتر بووینە ٣٠٠، پاشان هەزاران. بیرم لە هیچ شتێك نەدەكردەوە جگە لە تۆڵەسەندنەوەی ئەو ساڵانەی لەزیندان بەسەرم بردبوو”.

 سەردەمی سەدام كەمترین نرخ‌و زۆرترین ئارامی‌و ئاسایش هەبوو

جبوری وتی “لەسەردەمی سەدامدا ئاسایش هەبوو، ڕاستە گەندەڵی هەبوو، بەڵام هەستمان بە ئاسایش دەكرد، سەرجەمی خزمەتگوزاریەكان وەك كارەباو غاز بەنرخێكی زۆركەم دەستدەكەوتن، بەڵام دوای روخانی سەدام، كردەوەی كوشتن‌و دیاردەی چەكداری‌و توندوتیژی تایفی سەری هەڵدا.”

جبوری سەرزەنشتی سیاسیە عێرقی‌و ئەمریكیەكان دەكات لەوەی لەعێراق رودەدات، دەڵێت “ئەمریكیەكان ئەمەیان دەستپێكرد، پاشان دوای ئەوان زۆرێك لە سیاسیە عێراقیەكان تەواویان كردوو عێراقیان وێران كرد. دۆخەكە بەرەوخراپی رۆشت، داهاتوویەك بوونی نیە، چونكە پارتە سیاسیەكان دەسەڵاتی ئەم وڵاتەیان بەدەستەوەیە.”

سەرچاوە ئیلاف

 

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved