پاتریك كۆبێرن: ئەوەی رویدا، گەورەترین كارەساتە لە مێژوی گەلی كورد ا

بارزانی دەستی دایە روبەروبونەوەیەك كە توانای بردنەوەی نەبو.

 

رۆژنامەی ئیندی پێندينت بەریتانی ، لەسەر روداوەكانی ئەم دوایەی ناوچەكە، وتارێكی رۆژنامەنوس و شارەزای رۆژهەڵاتی ناوەراست، “پاتریك كۆبێرن” ی بڵاوكردۆتەوە كە تێیدا روداوەكانی چەند رۆژی رابردوی بە گەورەترین كارەساتی مێژویی كورد لەقەڵەم دەدات، هەروەها نوسیویەت” بارزانی دەستی دایە روبەروبونەوەیەك كە توانای بردنەوەی نەبو”.

پاتریك كۆبێرن دەڵێت” كورد لەماوەی 2 رۆژی رابردو، لەسەدا 40 ی ئەو خاكەی بە پاشەكشەكردن لەبەرامبەر هێزەكانی عێراق لەدەستداوە”.

ئەم رۆژنامەنوسە، پێی وایە هێدی هێدی رون دەبێتەوە ، كە پارتی و یەكێتی حزبە سەرەكیەكانی كوردستان ، رێككەوتبون لەسەر ئەوەی هیچ بژاردەیەكی دیكەیان نیە جگە لەكشانەوەیان لەكەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، هەروەها نوسیویەتی” ئەوان دەیانزانی، زۆر لەوە لاوازترن روبەروی هێزەكانی عێراق بوەستەوە و هاوپەیمانیان نیە داوای هاوكاری لێبكەن.

 

لەبەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا “پاتریك كۆبێرن” ئاماژە بەوەدەكات ئێستا سەركردە كوردەكان لۆمەی یەكتر دەكەن بۆ ئەم شكستە، كە یەكێكە لەكارەساتەكانی مێوی كورد.

پوختەی وتارەكەی پاتریك كۆبێرن ، رۆژنامەنوس و شارەزا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست

 

ئەوەی لەچەند رۆژی رابردو رویدا ، گەورەترین كارەساتی مێژوی گەلی كورد بوە، كورد لەماوەی 2 رۆژی رابردو لەسەدا40 ی ئەو خاكەی لەدەستدا ،بە پاشەكشەكردنی لەبەردەم هێزەكانی بەغدا.

هێدی هێدی، رون دەبێتەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی، پێشتر رێككەوتنیان كردبو لەسەر ئەوەی هیچ بژاردەیەكیان نیە، جگە لەپاشەكشەكردن لەكەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، ئەوەیان دەزانی زۆر لاوازترن لە روبەروبونەوەی هێزەكانی عێراق و هەروەها هاوپەیمانیشیان نیە تا پارێزگارییان لێ بكات.

ئێستا سەركردەكانی كورد، بۆ شاردنەوەی ئەم شكستە، كە یەكێكە لەكارەساتەكانی گەلی كورد ، لۆمەی یەكتر دەكەن.

لەبەرامبەریشدا بەغدا بەبۆنەی ئەم سەركەوتنەی ئاهەنگ دەگێرێت،وەك دوەمین سەركەوتنی گەورەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، یەكەمیان گرتنەوەی موسڵ، دوەمیش ئەو شكستە ئاسانەی كوردەكان ، پاش ریفراندۆمە خۆ وێرانكەرەكەی 25ی ئەیلولی ئەمساڵ.

رۆژی دوشەمە بارزانی و حزبەكەی هەوڵیاندا لۆمەی پێشمەرگەكانی یەكێتی بكەن، بۆ بەرگری نەكرن لەهاتنە پێشەوەی هێزە عێراقیەكان، تۆمەتباریشیانكردن، بەوەی لەرێگەی رێكەوتنێكەوە خیانەتیان لە كورد كرد، بەڵام سەرچاوە كوردیەكان بە رۆژنامەی ئیندی پێندينت – يان راگەیاندوە، پارتی و یەكێتی رێككەوتون، ئەوان زۆر لاوازترن لەوەی شەر لەسەر كەركوك بكەن، بۆیە فەرمانەكە لەكاتی خۆی نەگەیشتۆتە هەمو فەرماندەكانی پێشمەرگە لەسەنگەرەكان.

بارزانی خۆی ئۆباڵەكەی خستۆتە ئەستۆی بریاری تاك لایەنەی هەندێك سیاسەتمەداری كورد ، بۆ ئەوەی خۆی بپەرێنێتەوە لەو بریارەی بە ناحەكیمیانە سەبارەت بەریفراندۆم دەریكرد و بو بەهۆی روبەروبونەوەی لەگەڵ بەغدا.

بۆ دەیان ساڵی دیكە، بەرپرسیارەتی ئەم كارەساتە دەبێتە مشتومری نێوان كوردەكان، ئەوەی رویدا ئەوەی دەرخست لە ئەنجامی پێهەڵبرینی بارزانی و دابەشبونی لایەنە كوردیەكان بوە.

 

بەهۆی ریفراندۆمەوە كوردەكانی عێراق نەك هەر شكستیان لەسەربەخۆیی هێنا، بەڵكوبۆیان دەردەكەوێت، تەنانەت ئەو ئۆتۆنۆمیەی پێشتر هەیان بو، لەژێر هەرەشەی بەغدایە كە هەوڵ دەدات كۆنترۆڵكردنەوەی سەر پارێزگا كوردیەكان تونتر بكاتەوە.

هەندێك لەكوردەكان، دەستی ئێران لەم روداوە دەبینن، بۆ گەیشتنیان بەو ئەنجامەی ئەمرۆ، ئێستاش ئێران خۆشحاڵە بەوەی حكومەتی عێراق بەهێز بوە و بارزانیش كە لەئەمریكاوە نزیك بو لاوازبوە.

بۆ زانینی ئەوەی رویدا پێویست بە تیۆری پیلانگێری ناكات، چونكە لەبنەرەتدا بارزانی دەستی دایە روبەروبونەوەیەك كە توانای بردنەوەی نەبو.

 

سەرچاوە: ئاوێنە

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved