| ||
|
||
پێشمه‌رگه ناڕازییه‌كان سزاده‌درێن
فه‌رمانده‌كان ده‌ڵێن ئه‌گه‌رچی دۆخی پێشمه‌رگه خراپه به‌ڵام ده‌توانن به‌پێی یاسای سه‌ربازی فه‌سڵیان بكه‌ن له‌كاتی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕیندا.
هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌چه‌مچه‌ماڵ‌و میحوه‌رێكی كه‌ركوك خۆپیشاندانیان سازكرد بۆ چه‌ند داواكاریه‌ك، له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌كانیانه‌وه روبه‌ڕوی لێپرسینه‌وه‌ی سه‌ربازی كراونه‌ته‌وه. پێشمه‌رگه‌كان سێشه‌ممه 26ی ئه‌م مانگه خۆپیشاندانه‌كه‌یان سازكرد، تێیدا داوای پێدانی موچه‌كانیان‌و باشتركردنی گوزه‌رانیان ده‌كرد، له‌وانه پێدانی موچه‌و دابینكردنی خواردن بۆ میحوه‌ره‌كان. به‌پێی ئه‌و وێنانه‌ی له‌تۆڕه كۆمه‌لایه‌تیه‌كان بلاوكراوه‌ته‌وه، ژماره‌ی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی خۆپیشاندانیان كردوه زیاتر له 100 پێشمه‌رگه ده‌بن‌و داوای پێدانی موچه‌كانیان ده‌كرد. به‌شێك له‌پێشمه‌رگه‌كان ئه‌و پاره كه‌مه‌ی گیرفانیان به‌رزكردبویه‌وه، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ سه‌ختی گوزه‌رانیان. به‌ڵام دواتر روبه‌ڕوی “سزا”بونه‌وه، به‌رپرسانی سه‌ربازی ئه‌و میحوه‌رانه ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی كه به‌رامبه‌ریان كراوه رێوشوێنی سه‌ربازیی بوه، به‌ڵام هه‌ندێك له‌پێشمه‌رگه‌كان ده‌ڵێن هه‌ڕه‌شه‌ی زیندانیكدرنیان لێكراوه.
كاروان محه‌مه‌د، یه‌كێك له‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌لیوای 9ی پیاده‌یه له‌سنوری چه‌مچه‌ماڵ، ده‌ڵێت كه ئامر لیوا عه‌مید روكن ئاراس عه‌بدولقادر دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ كه‌ركوك، هه‌مو ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی سزاداوه كه خۆپیشاندانیان كردوه.
كاروان محه‌مه‌د به‌هاولاَتی وت “سزاكه ته‌ئخیركردنمانه له‌واجبدا، ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی زیندانیكردنیشی لێكردین ئه‌گه‌ر دوباره‌ی بكه‌ینه‌وه”. پێشمه‌رگه‌كانی بنكه‌یه‌كی مه‌شقكردن له‌نزیك چه‌مچه‌ماڵ ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن كه خواردنی پێویستیان بۆ دابینناكرێت‌و خواردنی سه‌ره‌كییان ته‌ماته‌ی سوره‌كراوو په‌تاته‌و برنجه. كاروان محه‌مه‌د وتی “ئێمه داوامانكرد خواردنمان چاكبكه‌ن‌و به‌هۆی نه‌بونی موچه‌شه‌وه نه‌مانێرن بۆ مه‌شقكردن، به‌لاَم به‌سزادان وه‌لاَمیان داینه‌وه، بۆیه ئێمه ناتوانین هیچ بكه‌ین چونكه سزامان ده‌ده‌ن”. له‌به‌رانبه‌ردا، عه‌مید روكن ئاراس عه‌بدولقادر ئامر لیوای 9ی پیاده ئه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه كه هه‌ڕه‌شه‌ی زیندانیكردنی كردبێت له‌پێشمه‌رگه‌كان، به‌هاوڵاتی وت “ئه‌وه‌ی كراوه ته‌نیا رێوشێوێنی سه‌ربازی بوه، من له‌بارودۆخی تایبه‌تی ئه‌وان تێده‌گه‌م، ئیتر چۆن ده‌بێت كارێك له‌و شێوه‌یه بكه‌م”. جه‌ختیشیكرده‌وه “منیش وه‌كو پێشمه‌رگه‌كانی تر هه‌مان ئه‌و مه‌عاناته‌م هه‌یه كه ئه‌وان هه‌یانه، چۆن ده‌بێت هه‌ڕه‌شه‌یان لێبكه‌م، چونكه پێشمه‌رگه كۆڵه‌كه‌ی ئه‌م ولاَته‌یه‌و ده‌بێت هه‌رچی زوه كاربكرێت بۆ باشتركردنی ژیانیان”. یه‌كێك له‌خۆپیشاندانه‌كان له‌میحوه‌رێكی كه‌ركوك بووه، هه‌روه‌ها خۆپیشاندانه‌كه‌ی تر له‌بنكه‌ی مه‌شقی سه‌ربازی مه‌نیله بوه له‌نزیك چه‌مچه‌ماڵ، كه تێیدا هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان مه‌شق به‌پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن، سه‌ره‌تا خۆپیشاندانه‌كه بۆ پێدانی مۆڵه‌ت بوه پێیان، به‌لاَم دواتر گۆڕاوه‌و داوای پێدانی موچه‌یان كردوه. عه‌مید روكن ئاراس عه‌بدولقادر ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، ئه‌و پێشمه‌رگانه هه‌فتانه سێ رۆژ مۆڵه‌تیان هه‌یه‌و رۆژه‌كانی تر مه‌شقده‌كه‌ن، به‌لاَم ئه‌وان داوایانكردوه كه رۆژه‌كانی سێشه‌ممه‌و چوارشه‌ممه بكرێت به‌پشوو وه‌كو پارێزگای سلێمانی بڕیاری له‌سه‌ردا به‌هۆی بارینی به‌فره‌وه. هاوكات، فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری رۆژئاوای كه‌ركوك باس له‌وه‌ده‌كات، ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی لای ئه‌وان خۆپیشاندانیان كردوه ته‌نیا حه‌وت كه‌س بون به‌لام ژماره‌یه‌كی تری پێشمه‌رگه لێیان كۆبونه‌ته‌وه‌و دواتر قه‌ره‌باڵغ بون. لیوا محه‌مه‌د قادر به‌هاولاَتی وت “ئه‌و پێشمه‌رگانه وتویانه مادام دوو رۆژ كراوه‌ته پشوو له‌سلێمانی بائێمه‌ش مه‌شق نه‌كه‌ین، به‌لاَم له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌ره‌كانه‌وه پێیانوتراوه ئه‌گه‌ر نه‌ڕۆنه‌وه بۆ مه‌شقه‌كانتان ئه‌وا فه‌سڵده‌كرێن”. وتیشی “به‌پێی یاسا ده‌توانرێت ئه‌و كه‌سانه فه‌سڵبكرێن كه واجبه‌كانیان به‌جێده‌هڵێن چونكه سه‌ربازی یاسای خۆی هه‌یه”. لیوا محه‌مه‌د قادر باسی له‌وه‌شكرد كه له‌هه‌موو سه‌نگه‌ره‌كاندا وه‌زعی پێشمه‌رگه “خراپه”، ئه‌وان له‌هۆڵدا ده‌خه‌ون‌و “به‌لاَم ئه‌وه له‌زاخۆوه تاوه‌كو خانه‌قین به‌و شێوه‌یه‌یه، هه‌موانیش موچه‌كانیان دواده‌كه‌وێت، خۆ هه‌رلای ئێمه نیه”. ماوه‌ی زیاتر له‌دوو ساڵه موچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش وه‌كو سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی دیكه‌ی هه‌رێم له‌واده‌ی خۆیدا نادرێت، له‌ئێستادا حكومه‌ت چوار موچه‌ی پێشمه‌رگه قه‌رزاره‌و چوار موچه‌و نیوی مامۆستا له‌گه‌ڵ پیێنج موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌گشتی. به‌هۆی سه‌ختی باردۆخی ژیانیانه‌وه له‌ماوه‌ی رابردودا، چه‌ندین گه‌نج كه له‌ریزی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا بون كۆچیان كردوه‌و چونه‌ته ولاَتانی ده‌ره‌وه‌و داوای مافی په‌نابه‌رییان كردوه. سەرچاوە/ هاووڵاتی
|
||
Qadirzada.com @ 2016. All rights reserved
|
||