|
هێشتا عیراق قه‌ره‌بووی كیمیابارانی نه‌كردووه‌ته‌وه
"هه‌موو خێزانه‌كه‌م له‌ده‌ستدا، ئه‌گه‌رچی خۆشه‌ویستی و ڕۆحی ئه‌وان بۆ من قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی نییه، به‌ڵام كاتی ئه‌وه هاتووه قه‌ره‌بووی ماددی من و سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی شاره وێرانه‌كه‌م بكرێته‌وه". ئاراس عابد، له‌پاش 22 ساڵ تێپه‌ڕین به‌سه‌ر كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه، هێشتا وێنه‌ی ئه‌و تاوانه‌ی بیرنه‌چووه‌ته‌وه.
عابید تاكه ئه‌ندامی خێزانه 13 كه‌سییه‌كه‌یه‌تی كه له كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی ساڵی 1988 ڕزگاری بووه، ئه‌و له‌و كاتدا ته‌مه‌نی (21) ساڵ بووه، به‌نیقاشی ڕاگه‌یاند؛ "تائێستا هیچ هه‌وڵێكی جدی له‌ئارادا نییه بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی ده‌ستی ڕژێمی به‌عس".
له مانگه‌كانی كۆتایی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان عیراق و ئێران، وردتر له ڕۆژی 16ی ئاداری 1988، فرۆكه جه‌نگییه‌كانی سه‌دام حسێن، شاری هه‌ڵه‌بجه‌یان كیمیاباران كرد كه ده‌كه‌وێته دووری 81 كم باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی سلێمانی (364 كم باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غدا). به‌گوێره‌ی خه‌مڵاندنه‌كان زیاتر له (5) هه‌زار هاوڵاتی مه‌ده‌نی شاره‌كه به‌هۆی گازی ژه‌هراویه‌وه گیانیان له‌ده‌ستدا و زیاتر له 10 هه‌زاری تریش برینداربوون، ئه‌مه جگه له بێسه‌روشوێنبوونی چه‌ندینی تر.
دوای پرۆسه‌ی ئازادی عیراقه‌وه له ساڵی 2003، دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراق به‌مه‌به‌ستی دادگاییكردنی سه‌رانی ڕژێمی پێشووی به‌عس پێكهێنرا. ده‌سته‌ی دووه‌می ئه‌و دادگایه له 21/12/2008دا یه‌كه‌مین دانیشتنی خۆی له‌سه‌ر كه‌یسی كیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه سازكرد، دوای 37 دانیشتنی تایبه‌ت به‌و كه‌یسه و گوێگرتن له سكاڵای 38 قوربانی، دادگا له 17/1/2010دا بڕیاری كۆتایی خۆی ده‌ركرد و سزای له‌سێداره‌دانی بۆ تاوانبار عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید ده‌ركرد و هه‌ریه‌ك له تاوانباران سوڵتان هاشم، فه‌رحان موتڵه‌گ و سابیر دووری سزای زیندانی هه‌تاهه‌تاییان به‌سه‌ردا سه‌پا كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا له گه‌وره به‌رپرسانی ڕژێم بوون.
ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ره‌تادا دادگای باڵا، تاوانی كیمیابارنكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌تاوانێكی دژی به مرۆڤایه‌تی وه‌سفكرد، به‌ڵام دواتر پاش پێداچوونه‌وه‌ی كه‌یسه‌كه، دادگای ته‌میزی عیراقی تاوانی هه‌ڵه‌به‌بجه‌ی به "جینۆساید" له‌قه‌ڵه‌مدا.
له‌و دادگاییه‌دا كه نزیكه‌ی ساڵێك و یه‌ك مانگی خایاند، جگه له بڕیاره سزاییه‌كانی سه‌ر تاوانباران، بڕیاری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیانی ئه‌و كاره‌ساته‌ش درا. له حوكمی كۆتایی دادگادا هاتبوو "هه‌موو ئه‌وانه‌ی دووچاری قوربانیدان هاتوون له‌كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه، مافی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان هه‌یه".
له‌مباره‌یه‌وه به‌كر حه‌مه سدیق كه ئه‌و كات ئه‌ندامی ده‌سته‌ی داكۆكی له مافی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه بوو له دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراق و ئێستا ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراقه، ڕایگه‌یاند؛ "به‌پێی دوابڕیاری دادگا، هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌هۆی كاره‌ساتی 16/3/1988ی هه‌ڵه‌بجه‌وه قوربانیان داوه، مافی قه‌ره‌بوویان هه‌یه".
حه‌مه سدیق بۆ نیقاشی ڕوونكرده‌وه: "قه‌ره‌بوو دووجۆره، یه‌كه‌م قه‌ره‌بووی ماددیه و ته‌واوی ئه‌و زیانه ماددیانه ده‌گرێته‌وه كه كه‌سێك به‌هۆی ئه‌و كاره‌ساته‌وه لێی كه‌وتووه. دووه‌میشیان مه‌عنه‌ویه كه به‌داوای لیبووردنی حكومه‌تی به‌غدا دێت به خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه و به‌ڵێندان به دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی كاره‌ساتی له‌وشێوه‌یه، ئه‌مه جگه له بنیاتنانی ڕه‌مز و سیمبول بۆ كاره‌ساته‌كه".
ئاراس عابید كه كه تائێستا دایك و باوك و خوشك و براكانی له‌یاد نه‌چووه و كه له‌به‌رچاوی خۆی له‌كاتی كیمیابارانه‌كه‌دا گیانیان سپارد، ده‌ڵێت: "ده‌بێت هه‌رچی زووه په‌له بكرێت له جێبه‌جێكردنی بڕیاری قه‌ره‌بووی كاره‌ساته‌كانی ده‌ستی ڕژێم له عیراق، چونكه دواكه‌وتنی هێنده‌ی تر زیان به قوربانیان ده‌گه‌یه‌نێت".
له‌باره‌ی دواكه‌وتنی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ئه‌و پرۆسه‌یه، به‌كر حه‌مه سدیق ڕوونیكرده‌وه "جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره له‌ئێستادا گرانه، چونكه ده‌بێت داوای قه‌ره‌بوو له دادگای به‌دائه بكرێت كه دادگه‌یه‌كی تایبه‌ته به‌وانه‌ی قه‌ره‌بوو ده‌یانگرێته‌وه"، ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه ئه‌و كه‌سانه یه‌ك و دوان نین، به‌ڵكو "به‌هه‌زاران كه‌سن، بۆیه پێویسته یاسایه‌كی تایبه‌ت له‌وباره‌یه‌وه ده‌ربكرێت به مه‌به‌ستی ڕێكخستنی پڕۆسه‌كه".
ناوبراو ئاشكرایكرد "ئێمه له‌هه‌وڵی نووسینی پرۆژه یاسایه‌كین بۆ په‌رله‌مانی عیراق تاكو له‌وێ بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت و ببێته یاسا و پڕۆژه بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیان".
له‌لایه‌كی تره‌وه سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، لوقمان عه‌بدولقادر، كه له كیمیابارانه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك له خزم و كه‌سوكاری له‌ناوچوون، وتی: "قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیان یه‌كێكه له‌و خاڵانه‌ی له سه‌ره‌تای دروستبوونمانه‌وه كارمان بۆ كردووه".
كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، ڕێكخراوێكی ناحكومییه و له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك كه‌سوكاری قوربانیان كاره‌ساتی 16/3/1988 دامه‌زراوه.
عبدالقادر جه‌ختی له‌وه كرده‌وه "پێویسته په‌له‌بكرێت له كاری قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه و ته‌واوی كاره‌ساته‌كان"، هه‌روه‌ها ده‌بێت حكومه‌تی عیراقیش "داوای لێبووردن له هه‌ڵه‌بجه بكات".
یه‌كێك له پرسه گرنگه‌كانی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه، قسه‌كردنه له‌سه‌ر ئه‌و كۆمپانیا بیانیانه‌ی چه‌كی كیمیاویان به‌سه‌دام فرۆشتووه. له‌مباره‌یه‌وه سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارن وتی؛ "پێویسته له پرۆسه‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌دا ئه‌و كۆمپانیایانه په‌لكێشبكرێن و به‌شی گه‌وره‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه‌یان بخرێته ئه‌ستۆ".
ئێستا به‌رپرسه ئیدارییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ش له خه‌می پرسی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌دان و به‌جدی داوای قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه ده‌كه‌ن. گۆران ئه‌دهه‌م قائیمقامی هه‌ڵه‌بجه، كه له پرۆسه‌ی دادگاییكردنی تاوانبارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی داكۆكی له مافی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه بوو له دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراق، به‌نیقاشی ڕاگه‌یاند؛ "ئێمه ئێستا به‌جدی كار له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه یاسایه ده‌كه‌ین كه بۆ قه‌ره‌بووی هه‌ڵه‌بجه ده‌ینووسینه‌وه و دواتر ده‌یده‌ینه په‌رله‌مانی عیراق". ئه‌دهه‌م وتیشی: "ئێستا له چاوه‌ڕوانیداین، چونكه هێشتا په‌رله‌مان نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه سه‌ر سكه‌ی خۆی و حكومه‌ت پێك نه‌هاتووه، به‌دڵنیایه‌وه دوای پێكهێنانی حكومه‌ت ئه‌و پرۆژه‌یه ده‌ده‌ینه په‌رله‌مان و هه‌موو قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه".
قائیمقامه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه ئه‌وه‌شی خسته‌روو "ڕاسته پرۆژه یاساكه بۆ قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه نووسراوه، به‌ڵام ده‌توانرێت بكرێته بنه‌مایه‌كی یاسایی بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی هه‌موو قوربانیانی عیراق".
خه‌بات نه‌وزاد- خه‌ندان
|