هەرەس

 

ماچێك لەدەروونما توایەوە

پارچەیەك رۆحمی هەلگرت و

لەروومەتتا نەخشەی زام و

مۆری تاوانێكی دانا

نیگات توورەو

چاوانت رقی لێباری

زویربوون و ماڵاوایی

كردە دیاری

لەو ساتەوە

بوویتە تنۆكێك بزربوون

بەگەلای شیعرەوە نووسای

لەكوێ وشەیەك رامووسم

بۆنی گللەیی و تۆ

لەئاورنگی بەزەییدا

هەرەس بەپینووسم دینن

لاپەرەیەك

دەروونیم بۆ ناكاتەوە

هەلبەستیك

پەنجەكانم ناناسێ

عەشق ئەنگوستی غەدر

بۆ چاوانم رادەكێشێ

جێژوانمان

نەفرەت بەباڵام دەدوورێ

دل و ناخ و

بیر و ویژدانم لێم نابوورێ

ئێستا تۆ

سەرزەنشتی ماچێك دەكەی

رۆحی تینوومی پاراو كرد

دەزانم لەدوورەوە

چەمۆڵەی خۆم و

شیعرو ئەوینداران دەنێی

منیش دەم و

پەنجەو دەستم

قەڵەم و چەندە شیعرمە

زویر بوونەو

دڵنەواییم نادەنەوە

تەنیایی و غوربەت

پرسیاری تۆو

كووچەو شەقامم لێدەكەن

ئەو ماچەی من .. چ ژەهرێ بوو

نەخشەی برینێكی قووڵی

لەسەر روومەتی تۆ هەڵكەن

ستار ئەحمەد

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved