|
ده‌قی وه‌رگێڕدراوی وتاره‌که‌ی بێشکچی که به‌هۆیه‌وه درایه دادگا
ئیسماعیل بێشکچی
کـــــورد و مــافـــی چـــاره‌ی خــۆنــوسیـــــن
کێشه‌ی کورد، یان کێشه‌ی کوردستان، گرینگ‌ترین کێشه‌ی تورکیایه.به‌هه‌مان شێوه‌ش کێشه‌ی کورد یه‌کێک له هه‌ره فاکته‌ره سه‌ره‌کیه‌کانی دیاریکردنی سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه و په‌یوه‌ندیه ئابوریه‌کانه.
عه‌بدوڵا گول-ی سه‌رۆک کۆمار له هاوینی 2009 دا له گه‌لێک له لێدوانه‌کانی خۆیدا باسی له‌وه کرد که کێشه‌ی کورد گرینگ‌ترین کێشه‌ی وڵاته و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه که بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی تر،وا پێویسته سه‌ره‌تا کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکرێت.
وادێته به‌رچاو که حکومه‌تی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌مڕۆی تورکیه که له‌ژێر ده‌ستی پارتی داد و گه‌شه‌پێداندایه،به به‌راورد له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌کانی پێش خۆی، له نزیکه‌وه و به‌شێوه‌یه‌کی جددیتر له کێشه‌ی کورده‌وه بڕوانێ.هه‌وڵه‌کانی بۆ پڕۆژه-پلانێک له ژێر ناوی کرانه‌وه‌ی به‌ڕووی کێشه‌ی کورد دا یان کرانه‌وه به‌ڕووی دیموکراتیدا له ئارادان. وا دێته به‌ر چاو که حکومه‌ت له هه‌وڵی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد دا بێت.
گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕه‌گی مێژوویی ئه‌و کێشه‌یه که پێی ده‌ڵێین کێشه‌ی کورد یان کێشه‌ی کوردستان،شتێکی پێویست و به‌سوده.ده‌کرێ له‌م باره‌وه ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه بخرێنه به‌ر چاو.
هه‌وڵدانی کورده‌کان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌نوس به چه‌ک وه‌ڵام ده‌درێته‌وه.
له دوای شه‌ری یه‌که‌می جیهانیه‌وه،وڵاتانی سه‌رکه‌وتوی شه‌ر،ئینگلته‌ره،فه‌ره‌نسا و ئیتالیا،هه‌وڵێکی زۆریاندا تا وڵاته داگیرکراوه‌کانی ژێر ده‌ستی وڵاته شکستخواردوه‌کان،واته ئیمپڕاتۆریه‌تی ئه‌ڵمانی و ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی له ناو خۆیاندا دابه‌ش بکه‌ن.له کۆنگره‌ی پاریس-ی 1919 و له کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان که له‌ژێر بڕیاره‌کانی هه‌مان کۆنگره‌دا پێکهات،یه‌کێک له باسه هه‌ره گرینگه‌کان ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بوو.بڕیاری دانانی مه‌ندوب له سه‌ر ناوچه‌کانی پاشماوه‌ی ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی و ئیمپڕاتۆڕی ئه‌ڵمانی،یه‌کێک له بڕیاره گرینگه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان بوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که (مه‌ندوب) شێوازێکی به‌رێوه‌به‌ریه،به‌ڵام له هه‌مان کاتدا ده‌کرێ وه‌ک جۆرێک له داگیرکاری سه‌یر بکرێت.
له‌سه‌ر خاک و ناوچه جێماوه‌کانی پاشماوه‌ی عوسمانی مه‌ندوبی پله یه‌ک(ێ) دامه‌زرێنران، مه‌ندوبی پله‌ی دوو(ب) له‌سه‌ر خاکه داگیرکراوه‌کانی ئیمپڕاتۆریه‌تی ئه‌ڵمانی و له ناوچه‌کانی باشوری ئه‌فریقادا دامه‌زرێنران.هه‌رچی مه‌ندوبی پله سێ(ج) بوو له خاکه‌کانی پاشماوه‌ی ئیمپڕاتۆریه‌تی ئه‌ڵمانی له ناوچه‌کانی باشووری ڕۆژئاوای ئاسیادا سه‌ری هه‌ڵدا.
له چوارچێوه‌ی مه‌ندوبه پله یه‌که‌کاندا، مه‌ندوبه‌کانی عراق،ئوردن و فه‌ڵه‌ستینی سه‌ر به به‌ریتانیا بنیات نران.مه‌ندوبه‌کانی سه‌ر به فه‌ره‌نساش بریتی بوون له مه‌ندوبه‌کانی سوریه و لوبنان.به‌مجۆره‌ش ناوچه‌کانی پاشماوه‌ی ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی له نێوان دوو ده‌وڵه‌تی سه‌رکه‌وتو له جه‌نگدا واته به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسادا دابه‌شکران.
ئه‌وه‌ی له‌و نێوه‌نده‌دا په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه هه‌یه بریتیه له‌و پرسیاره‌ی که؛له کاتێکدا له چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لاندا،په‌یوه‌ندی نێوان گه‌لان سه‌رله‌نوێ بنیات ده‌نرایه‌وه و هه‌وڵێکی زۆر بۆ به‌جێکردنی ئاشتیه‌کی ناونه‌ته‌وه‌یی له ئارادابوو،بۆچی وه‌ڵامیک به دواکاری کورد نه‌درایه‌وه؟ له‌و کاته‌دا له باشوری کوردستاندا شێخ مه‌حمودی به‌رزنجی له هه‌وڵ و کۆششدا بوو بۆ بنیاتنانی شانشینی کوردستان.داواکاری له به‌ریتانیای گه‌وره ئه‌وه بوو که وه‌ک مه‌لیکی کوردستان بیناسێنن.به‌ڵام ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه،به‌ریتانیای گه‌وره و فه‌ره‌نسا،نه‌ک هه‌ر به کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ ڕازی نه‌بوون،به‌ڵکو ته‌نانه‌ت کوردستانێکی داگیرکراو(مه‌ندوب)یشیان قه‌بوڵ نه‌کرد.هه‌رگیز بیریش له کوردستان وه‌ک مه‌ندوبێکی ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیای گه‌وره یان فه‌ره‌نسا نه‌کرایه‌وه.کورد و کوردستان له‌ت له‌ت کرا،پارچه پارچه و دابه‌شکرا. بێگومان ئه‌و شته‌ش سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایه‌تی کورد و به به‌کارهێنانی زه‌خت و زۆر جیبه‌جێ کرا،چونکه کورده‌کان بۆ دامه‌زراندنی شانشینی کوردستان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیادا له‌شه‌ڕ دابوون. له نێوان به‌ریتانیا که گوێی به داوای کورده‌کان نه‌ده‌دا و کورده‌کاندا شه‌ر له ئارادا بوو.
گه‌وره‌ترین ئۆپه‌راسیۆنێک که کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به ئه‌نجامدانی هه‌ڵسابێ،بریتی بوه له له‌ت له‌ت کردن و دابه‌شکردنی کورد و کوردستان له ساڵانی 1920 دا.دابه‌شکردن،له‌ت له‌تکردن و پارچه پارچه‌کردنی کوردستانی هه‌ڵکه‌وتوو له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا،گه‌وره‌ترین و به‌رفراوانترین و درێژخایه‌نترین ئۆپه‌راسیۆنی ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کان بووه. ئاشکراشه که ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کان ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌یان به هاوکاری و کۆمه‌کی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کانی تورک و عه‌ره‌ب و فارس ئه‌نجام داوه.
بێگومان له‌ت له‌ت بوون و دابه‌شکردن کاریگه‌ریه‌کی زۆرقورسی له‌سه‌ر کورده‌کان دانا. ئه‌وه وه‌ک له‌تله‌تکردن و لێکجیاکردنه‌وه‌ی ئێسقانه‌کانی له‌شی مرۆڤێک،یان وه‌ک لێک‌بڵاو کردنه‌وه‌ی مێشک وایه.
که‌وابوو ده‌بێ پرسه سه‌ره‌کیه‌کان ئه‌مانه بن.هۆکاره‌کانی سه‌پاندنی ئه‌و سیاسه‌ته به شێوه‌یه‌کی سیستماتیک به‌سه‌ر کورده‌کاندا چین؟ ئه‌م سیاسه‌ته چۆن چۆنی پێک هات؟ پێکهاتنی سیاسه‌تێکی له‌م چه‌شنه به چ قۆناخگه‌لێکدا تێپه‌ڕی؟ئه‌م سیاسه‌ته چۆن چۆنی جێبه‌جێ کرا و چۆن چۆنی خرایه واری جێبه‌جێکردنه‌وه؟ لایه‌نه به‌شداره‌کانی جێبه‌جێکاری ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه کێن و په‌یوه‌ندیان به‌یه‌که‌وه چیه؟ ڕوبه‌ڕوو بونه‌وه و هه‌ڵوێستی کورده‌کان سه‌باره‌ت به‌و سیاسه‌ته و جێبه‌جێکردنی چی بووه؟ وا پێویسته له ڕێگه‌ی کۆنسێپت و مه‌فهومی زانستی و سیاسی و دیپلۆماسیه‌وه بۆ وه‌ڵامی سه‌رجه‌می ئه‌و پرسیارانه بگه‌رێین.
له دوای شه‌ری یه‌که‌می جیهانیه‌وه عه‌ره‌به‌کانیش دابه‌شکران.به‌ڵام ئه‌وان له شێوه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی جیا جیا،یانیش به شێوه‌ی ده‌وڵه‌تی مه‌ندوب ئۆرگانیزه کران.هه‌رچی کورده‌کان بوون، له نێوان ده‌وڵه‌ته مه‌ندوبه تازه دروستکراوه‌کاندا(ده‌وڵه‌ته ژێرده‌سته‌کان) واته،عراقی ژێڕ داگیرکاری بریتانیای گه‌ره،سوریای سه‌ر به فه‌ره‌نسا،کۆماری تورکیه‌ی درێژکراوه‌ی ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی و دوڵه‌تی شاهه‌نشاهی ئێرانی پاشماوه‌ی ئیمڕاتۆڕی ئێران‌دا دابه‌ش و پارچه پارچه کران.
له ساڵانی 1920 دا،کورد یه‌کێک له لایه‌نه‌کانی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه پێک ده‌هێنێ.هه‌رچی لایه‌نی به‌رامبه‌ره،به‌ریتانیای گه‌وره که مه‌ندوبی عێراقی له ژێر ده‌ستدایه،فه‌ره‌نسا که مه‌ندوبی سوریای له ژێر ڕکێفدایه،کۆماری تورکیا و حکومه‌تی شاهه‌نشای ئێرانن. ئه‌م چوار زلهێزه،واته ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کانی ئه‌وکات که به‌ریتانیای گه‌وره و فه‌ره‌نسا بوون،له‌گه‌ڵ دوو ده‌وڵه‌ته به‌هێزه‌که‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که کۆماری تورکیه و حکومه‌تی شای ئێران بوون،گه‌ر لێره و له‌وێش دژایه‌تی و ناکۆکیه‌کیان هه‌بووبێ،له به‌رامبه‌ر کورده‌کاندا یه‌کده‌نگ و یه‌ک هه‌ڵوێست وه‌ستاونه‌وه.
پێویسته له چوارچێوه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌دا هه‌ڵوێسته‌یه‌ک له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌تیش بکرێ.یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت له ساڵانی 1920 دا و له سه‌رده‌می کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لاندا،یه‌کێکه له‌و ده‌وڵه‌تانه‌یه که له هه‌موو لایه‌ک زیاتر باسی له مافی چاره‌ی خۆنووسین بۆ گه‌لان کردوه.به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش و سه‌رباقی هه‌موو ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی کورد ئه‌و کاته ده‌ریبڕی،له‌به‌رامبه‌ر له‌ت له‌ت کردن و دابه‌شکردنی کورد و کوردستاندا بێده‌نگ مایه‌وه.مۆسکۆش،هه‌ر وه‌ک له‌نده‌ن و پاریس،سیاسه‌تێکی ئه‌نتی-کوردی گرته به‌ر.له هاوکێشه و په‌یوه‌ندیه‌کاندا پێویسته پێداگری له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش بکرێ.ئه‌وه‌ش که بۆچی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت له‌ڕێگه‌ی ئه‌و بنه‌ما و بنچینه سه‌ره‌کیانه هیچ هه‌ڵوێستێکی وه‌رنه‌گرتوه،مایه‌ی لێ ڕامان و لێوردبونه‌وه‌یه.
هه‌ر کاتێک پرسیاری ئه‌وه ده‌کرێ که بۆچی وه‌کو عیراق،ئوردن،فه‌ڵه‌ستین،سوریا و لوبنان کوردستانیش دانه‌مه‌زرا،یه‌کسه‌ر ئه‌و وه‌ڵامه ده‌درێته‌وه که "باشه،به‌ڵام له ناو کورددا شێخ و ده‌ره‌به‌گایه‌تی و سیسته‌مێکی فێئۆدالی جیگیره،چۆن چۆنی له پێکهاته‌یه‌کی ئاوا ده‌وڵه‌ت دروست ده‌کرێت؟". ئه‌م وه‌ڵامه هه‌رگیز وه‌ڵامێکی ڕاست و ڕازیکه‌ر نیه.
با بیرێك له ساڵانی 1920 بکه‌ینه‌وه. ئایا له ناو عه‌ره‌به‌کانیشدا سیسته‌می شێخ و عه‌شیره‌ت و ئه‌میرایه‌تی وجودی نه‌بوو؟ ته‌نانه‌ت ئه‌م سیسته‌مانه تاکو رۆژگاری ئه‌مرۆش له ناو عه‌ره‌به‌کاندا درێژه‌یان هه‌یه.ئه‌مرۆکه له نۆکه‌ندی به‌سره‌وه بگره تا ده‌گاته مه‌غریب، 22 ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی عه‌ره‌ب هه‌ن.کۆمکاری عه‌ره‌بی 22 ئه‌ندامی هه‌یه.به ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی فه‌ڵه‌ستینه‌وه ئه‌م ژماره‌یه ده‌گاته 23 ده‌وڵه‌ت.به‌ریتانیای گه‌وره و فه‌ره‌نسا که ئه‌و کاته دوو له ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره هه‌ره به‌رچاوه‌کان بوون،سیاسه‌تی دژه کورد-ی خۆیان له سه‌ر داوای فارس و عه‌ره‌ب و تورک‌دا،به پارچه پارچه کردن و دابه‌شکردنی خاکه‌که‌یان خسته ڕوو.بێگومان سیاسه‌ت و پیلانه‌کانی دژ به کوردی ئه‌وان و خواست و داوای تورک و عه‌ره‌ب و فارسه‌کانیش باس و بابه‌تگه‌لێکی شایه‌نی هه‌ڵوێسته له‌سه‌رکردنن.
له دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیه‌وه،مه‌سه‌له‌ی مافی چاره‌ی خۆنوسینی گه‌لان له لایه‌ن سه‌رۆکی ئه‌و کاته‌ی ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا. و.ویڵسن-یشه‌وه دانی پێدانرابوو.دوازده‌هه‌مین خاڵی ئه‌و (به‌یاننامه‌ی چوارده خاڵی)یه‌ی له لایه‌ن سه‌رۆکی ئه‌مریکای ئه‌وکات ویڵسنه‌وه پێشکه‌ش کرابوو،سه‌باره‌ت به، به‌سه‌ربه‌خۆیی ژیانی ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه بوو که له سه‌ر خاکه‌کانی پاشماوه‌ی ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی ده‌ژیان.سه‌ره‌ڕای ئه‌و به‌ندانه،کوردستان و کورده‌کان له ساڵانی 1920 دا له‌ت له‌ت،پارچه پارچه و دابه‌شکران.مه‌سه‌له‌ی نه‌بوونی هیچ جۆره ستاتۆیه‌ک له کوردستان و له ناو کورد دا یه‌کێک له‌و خاڵه هه‌ره گرینگانه‌یه که ده‌بی هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بکرێ.(موسته‌عمه‌ره) خۆی له‌خۆیدا ستاتۆیه‌که.بۆ نمونه ده‌گوترێ:"هیندستانی موسته‌عمه‌ره‌ی به‌ریتانیای گه‌وره"،"جه‌زائیری موسته‌عمه‌ره‌ی فه‌ره‌نسا"،"مۆزه‌مبیقی موسته‌عمه‌ره‌ی پورتوگال" و هتد..
. موسته‌عمه‌ره پێناسێکی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه.به‌ر له هه‌موو شتێک موسته‌عمه‌ره سنورێکی هه‌یه. موسته‌عمه‌ره پێناسێکی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه.ده‌وڵه‌تێکی موسته‌عمه‌ره‌ی خاوه‌ن سنوری دیاریکراو...سنوره‌کانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته موسته‌عمه‌ره‌یه، له‌لایه‌ن وڵاتی ئیمپه‌ریال و داگیرکه‌ره‌وه دانی پێدانراوه.سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تیش ئه‌م شته به‌ڕه‌سمی ده‌ناسێ.بۆ نمونه له دوای شه‌ڕی دوهه‌می جیهانیه‌وه و له ساڵانی 1960 دا وڵاته داگیرکراوه‌کانی ئه‌فریقا، له ڕێگه‌ی ئه‌و سنورانه‌ی له 1885 ه‌وه بۆیان کێشرابوو سه‌ربه‌خۆیی خۆیان به‌ده‌ست هێنا. مه‌سه‌له‌ی ژیان و بوونی گه‌لێکی جیاواز له ناو ئه‌و سنورانه‌دا،واته گه‌لێکی جیاواز له ئینگلیز،فه‌ره‌نسی و پورته‌گالی ،له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ر و وڵاتانی تریشه‌وه دانی پێدانراوه.که‌چی له کوردستاندا هیچ کامێک له‌و تایبه‌تمه‌ندیانه بونیان نیه.شتیک به ناو سنور بوونی نیه.ناسنامه‌ی کورد و کوردستان دانی پێدا نه‌نراوه.کوردستان ته‌نانه‌ت موسته‌عمه‌ره‌یش نیه.ئه‌مه شتیکی ڕوون و ئاشکرایه.حاڵه‌تێکی تری له مجۆره و به‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌وه له هیچ کوێی دونیادا بوونی نیه.
له دوای ڕوخانی ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی،تاکه گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ک که نه‌یتوانیوه چاره‌نوسی خۆی دیاری بکات،گه‌لی کورد بوه. ئه‌و گه‌لانه‌ی له ناو ئیمپڕاتۆریه‌تدا بوونه،له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی نۆزده‌ه‌هه‌مه‌وه،به پێی مافی دیاریکردنی چاره‌نووس،ده‌ستیان به خه‌بات و تێکۆشانی خۆیان کردوه.له چاره‌کی یه‌که‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا،یۆنانیه‌کان،دواتریش رۆمانیه‌کان،سربه‌کان،کرواتیه‌کان وبولگاریه‌کان له ئیمپڕاتۆریه‌ت جیابونه‌وه و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان دامه‌زراند.هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی شه‌ری یه‌که‌می جیهانی،ئه‌رنه‌ڤوت و عه‌ره‌به‌کانیش که‌وتنه هه‌وڵ و خه‌باتی به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌ی خۆنوسینی خۆیان.تاکه گه‌لێک که چه‌ندین سه‌ده‌یه له‌سه‌ر خاکی خۆیان ده‌ژین و نه‌یانتوانیوه مافی چاره‌نوسی خۆیان به‌ده‌ست بێنن کورده‌کانن.ئاشکرایه که له 1915 و پێشتریش،بۆ نمونه له 1894-1895 دا ، له 1909 دا له ئه‌رمه‌نستانی ڕۆژئاودا و له دژی ئه‌رمه‌نیه‌کان قه‌تڵوعام وقه‌ڵاچۆکردن ئه‌نجام دراوه.ده‌کرێ بڵێین که له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌رمه‌نستاندا و له 1921 دا و له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی به بۆلشه‌ڤیک بوندا ئه‌رمه‌نیه‌کانیش توانیویانه مافی چاره‌یخۆنوسین به‌ده‌ست بێنن.به‌بۆلشه‌ڤیکبونی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌رمه‌نستان، ڕێگه‌گر بووه له ده‌سبه‌سه‌رداگرتن و نفوزی ئیتتیحادیه‌کان له ئه‌رمه‌نستانی رۆژهه‌ڵاتدا.
کوردستان: موسته‌عمه‌ره‌ی پله دوو(ژێر)
گه‌لێک که ته‌نانه‌ت مه‌سته‌عمه‌ره‌ش نیه
ئه‌مڕۆکه له تورکیه‌دا مه‌سه‌له‌ی کێشه‌ی کورد زیاتر به ئاقاری "چاره‌سه‌ر"دا باسی لێوه ده‌کرێت.له کاتێکدا کێشه‌ی کورد،کێشه‌ی کوردستان،به‌ده‌ر له مه‌سه‌له‌ی "چاره‌سه‌ر"پێویسته له ڕێگه‌ی مه‌فهوم و تێگه‌یشتنی زانستی،سیاسی و دیبلۆماسیه‌وه سه‌رله‌به‌ری لایه‌نه‌کانی به وردی بخرێته ژێر لێکۆڵینه‌وه‌وه. پێویسته بزانین چۆن چۆنی سیاسه‌تی له‌ت له‌تکردن،پارچه‌پارچه‌کردن و دابه‌شکردن داهێنراوه و چۆن چۆنی خراوه‌ته واری جێبه‌جێ کردنه‌وه.له دارشتن و پیاده‌کردنی ئه‌و سیاسه‌تانه‌دا چ که‌س و لایه‌نگه‌لێک ده‌وریان هه‌بوه؟کامانه‌ن ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ی له ئه‌نجامی پیاده‌کردنی ئه‌و جۆره سیاسه‌ته‌وه هاتونه‌ته ئاراوه و به شێوه‌یه‌کی فراوان و له رێگه‌ی ڕاستیه زه‌ق و به‌رچاوه‌کانه‌وه لێی بکۆڵدرێته‌وه.بێگومان مه‌سه‌له‌ی لاوازی کورده‌کانیش له‌م ڕه‌وته دا لایه‌نێکی ئێجگار گرینگه و ده‌بێت لێوردبونه‌وه‌ی قوڵی بۆ بکرێ.گه‌ر بێت‌و ئێوه له ئاستێکی نێوده‌وڵه‌تیدا که‌وتبنه ژێر کاریگه‌ری سیاسه‌تێکی له چه‌شنی(دابه‌شکردن-به‌ڕێوه‌بردن-له‌به‌ینبردن)ئه‌وه ئه‌و ڕاستیه ده‌رده‌خات که ئێوه بێهێز و بێ‌توانا بونه.هێزه‌کانی دژتان،که‌ڵکیان له‌و بێهێزیه‌ی ئێوه وه‌رگرتوه‌و سیاسه‌تێکی له‌و چه‌شنه‌یان داڕشتوه و به‌سه‌ریاندا پیاده‌کردوون.که‌وابێ،لاوازی و بێهێزی کوردیش پێویسته له ڕێگه‌ی مه‌فهومه‌کانی زانستی ئه‌نترۆپۆلۆژیه‌وه لێی بکۆڵرێته‌وه.
له‌ت له‌ت بوون،پارچه پارچه‌بوون و دابه‌شکردنی کورد و کوردستان له چاره‌گی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ڕاستیه‌کمان بۆ ده‌رده‌خات.ئه‌ویش بریتیه له‌وه‌ی؛ گه‌ر بێت و گه‌لێک یان وڵاتێک له سه‌رده‌مێکی دیاریکراوی مێژوویدا ڕووبه‌ڕووی دابه‌ش بوون،پارچه‌پارچه بوون و له‌تبوون بێت،ئه‌و گه‌له ناتوانێ جارێکی تر خۆی کۆ بکاته‌وه و ڕاست بێته‌وه.ئه‌م دابه‌ش بوون و که‌رتکه‌رت بوونه تا دێت زیاتر په‌ره ده‌ستێنێ و به‌رده‌وام ده‌بێت.له درێژه‌ی ئه‌و ڕه‌وته‌شدا،دابه‌ش بوون ده‌گاته ناو عه‌شیره‌ته‌کان و ناو بنه‌ماڵه‌ش ده‌گرێته‌وه.ته‌نانه‌ت له ناو یه‌ک بنه‌ماڵه‌شدا براکان له ناو دوولای دوژمن و دژ به‌یه‌کدا خۆ ده‌بیننه‌وه.
ئه‌رمه‌نیه‌کانیش کێشه‌یه‌کی ئاوایان هه‌یه.به‌لام ئاشکرایه که کورده‌کان زۆر به سه‌ختتری توشی ئه‌و کێشه‌یه بوونه.له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌رمه‌نستان که له سه‌ده‌ی 17 دا له نێوان ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی و ئیمپڕاتۆریه‌تی ئێران و له سه‌ده‌ی 19 شدا له نێوان ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی و ئیمپڕاتۆریه‌تی ڕوسیدا مابوه‌وه،چه‌ندی هه‌وڵیاندا نه‌یانتوانی چوارچێوه‌یه‌کی دیاریکراو بۆخۆیان پێک بێنن.سیسته‌می پاشایه‌تی(قه‌یسه‌ر)ی ڕوسیا و به‌ڕێوه‌به‌رێتی عوسمانی بۆ نانه‌وه‌ی ناکۆکی و به‌یه‌کدادانی ئه‌رمه‌نه‌کان له ناو خۆیاندا ، هه‌موو ڕێوشوێنێکیان گرته به‌ر.هه‌رچی کوردستان و کورده‌کانن،یه‌که‌مین دابه‌ش بوونی کاریگه‌ریان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی 1415 که له نێوان ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی و ئیمراتۆڕیه‌تی سه‌فه‌وی ئێرانی‌دا بوو.له‌و شه‌ڕه‌دا که له نێوان یاڤوز سوڵتان سه‌لیم و شا ئیسماعیل دا ڕویدا،کورد و کوردستان به‌سه‌ر دوو پارچه‌دا دابه‌شکرا.هه‌ڵکه‌وتی کوردستان که گۆڕه‌پانی سه‌رکی ئه‌و شه‌ره بوو ڕۆڵێکی کاریگه‌ری له‌م دابه‌شبوونه‌دا گێڕا.هه‌رچی لایه‌نه کاریگه‌ره‌که‌ی تری سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌یه،هه‌وڵی هه‌ردوو لایه بۆ په‌لکێشکردنی هه‌رچی زیاتری کورده‌کان بۆ ناو مه‌یدانی ئه‌و شه‌ڕو پێکدادانه.ئه‌م دابه‌شکردن و پارچه‌پارچه‌کردنه،له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی 17 دا و له ساڵی 1639 و به په‌یمانی (قه‌سری شیرین) ڕه‌سمیه‌تی پێ ده‌به‌خشرێ.
له چاره‌کی یه‌که‌می سه‌ده‌ی 19 دا و له کۆتای شه‌ڕی نێوان ڕوسیا و ئێران‌دا له ساڵانی 1828-1829 دا کوردستانی به‌شی ئێران،دابه‌ش ده‌کرێته سه‌ر دوو به‌ش.به‌شی باکوری ناوچه دابه‌شکراوه‌کان ده‌که‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیمپڕاتۆریه‌تی ڕوسیا.کوردستان و کورده‌کان هه‌ر له سه‌ده‌ی 11 هه‌مه‌وه و بگره له زووتریشه‌وه له ناوچه‌ی قه‌فقاسیادا بوونیان هه‌بوه.بۆ نمونه حکومه‌تی شه‌دادی و ڕه‌وادیه‌کان ده‌م نا ده‌مێک چه‌ند ناوچه‌یه‌کی دیاریکراوی قه‌فقاسیایان خستۆته ژێر ڕکێفی خۆیانه‌وه.هه‌ر ئه‌م سه‌رزه‌مینانه‌ن که له چاره‌کی دوه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ده‌که‌ونه ژێر ده‌سه‌لاتی حکومه‌تی قه‌یسه‌ری ڕوسیا.
به‌ڵام ئه‌و سه‌رده‌مه دیاریکراوه‌ی ئه‌مڕۆکه‌ی لێوه به‌رهه‌م هاتوه،ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ڕوداوانه‌ی له دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و دوابه‌دوای ڕوخانی ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی هاتنه ئاراوه.له 16ی مایسی 1916 دا په‌یماننامه‌ی سایکس-بیکۆ،که له نێوان به‌ریتانیای گه‌وره،فه‌ره‌نسا و قه‌یسه‌ری روسیای دا ئیمزا کرا،له‌گه‌ڵ په‌یماننامه‌ی( St.Jeanne de Maurienne) و به هاتنه ناوه‌وه‌ی ئیتاڵیاش بۆ په‌یمانه‌که بۆمان ده‌ر ده‌که‌وێ که چۆن چۆنی پیلانی پارچه پارچه‌کردن و دابه‌شکردنه‌که ئاماده کراوه.
په‌یماننامه‌ی (سیڤه‌ر)که له 10ی ئۆگۆستی 1920 دا ئیمزاکراوه،په‌یمانێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی تری ئه‌و ڕه‌وته‌یه،به‌ڵام په‌یماننامه‌یه‌کی ته‌واو نیه و نه‌که‌وتۆته واری جیبه‌جێکردنه‌وه.دوایین په‌یماننامه‌ش که 24ی ته‌موزی 1923 دا ئیمزا کراوه،په‌یماننامه‌ی لۆزان-ه. ئه‌مه‌یان په‌یماننامه‌یه‌که که له‌تله‌تبوون ،پارچه‌پارچه بوون و دابه‌شبوونی کورد و کوردستانی به‌تاوه‌تی به‌ڕه‌سمی ناساند. یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندیه به‌رچاوه‌کانی سیڤه‌ر ئه‌وه که به ئاشکرا باس له کورد و کوردستان ده‌کات.
ئه‌مرۆکه رێژه‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستتدا زیاتر له 40 ملیۆن که‌سه و کورده‌کان له سه‌ره‌تاکانی مێژووی مرۆڤایه‌تیه‌وه، بۆ نمونه له4000 ساڵ به‌ر له هاتنی عیساوه،له‌سه‌ر خاک و وڵاتی خۆیان ده‌ژین.هه‌رچی هاتنی تورکه‌کانه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست،ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی ده‌هه‌م و یازده‌هه‌می زایینی.به‌ڵام کورده‌کان،سه‌رباقی ئه‌و ڕێژه زۆره‌ی دانیشتوانیان،سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ئه‌و وڵاته پان و به‌رینه‌ن،تا ئێستاش له کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا خاوه‌نی قه‌واره‌یه‌کی بچوکی دانپیانراوی سیاسی نین. له‌گه‌ڵ گوتنی ئه‌م شته‌دا،وا هه‌ست ده‌که‌م پێویسته به شێوه‌یه‌کی جیا سه‌باره‌ت به‌و پێکهاته‌ی له باشوری کوردستاندا به ناوی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێکهاتوه،و ڕۆژ له دوای ڕۆژ نادیاری و ناڕوونی ئاسۆ و مه‌وداکانی زیاتر و زیاتر ده‌بن، بکۆڵرێته‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و ژماره زۆره،کورده‌کان نه له نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کاندا،نه له کۆنسه‌ی ئه‌وروپا،نه یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا و نه له ڕێکخراوی کۆنفرانسی ئیسلامی‌دا خاوه‌نی هیج پێگه و قه‌واره‌یه‌کی سیاسی ره‌سمی نین. ته‌نیا کاتیک باسی "تیرۆر" ده‌کرێ،ناوی کورده‌کان دێته سه‌ر زمان.بۆ نمونه کاتیک ده‌ڵێن" ڕه‌گ و ڕیشه‌ی تیرۆر هه‌ڵده‌که‌نین،تیرۆر له به‌ین ده‌به‌ین،تیرۆر ناهێڵین و له ناوی ده‌به‌ین...."
کاتێکیش باس له تیرۆر کرا،ته‌نیا ناوی کورده‌کان له‌سه‌ر زاره.بۆ نمونه؛میلیتانێکی سوننی مه‌زهه‌ب به‌خۆی و به‌و بۆمبایانه‌ی له خۆی به‌ستوه،خۆ به‌ناو مزگه‌وتێکی شیعه‌کاندا ده‌کات،له‌ناو ئه‌وانه‌دا که خه‌ریکی عیباده‌ت و ئیماندارین خۆی ده‌ته‌قێنێته‌وه.60-70 کوژرا و 150-160 بریندار...چه‌ند ڕۆژێک دواتر میلیتانیکی شیعه هه‌مان کردوه له مزگه‌وتێکی سونیه‌کاندا ئه‌نجام ده‌دات. راگه‌یاندنی نێوده‌وڵه‌تیش،بۆ نمونه ڕاگه‌یاندنی تورک،ئه‌وانه به خۆڕاگر و به‌رهه‌ڵستکار ناو ده‌بات.هه‌مان ئه‌و شتانه بۆ نمونه له پاکستانیش دوباره ده‌بنه‌وه.به‌وانیش هه‌ر ده‌ڵێن خۆراگر.هه‌رچی جیهانی ئیسلامیشه له ئه‌نده‌نوزیاوه تا ده‌گاته مه‌غریب،که به‌رامبه‌ر کاریکاتۆره‌کانی پێغه‌مبه‌ر موحه‌مه‌د یه‌ک پێ هه‌ستان و ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕی،ئه‌م کرده‌وانه به کرده‌وه‌ی زۆر ئاسایی و سروشتی لێک ده‌ده‌نه‌وه.
به‌راوردکردنه‌کان
ئه‌مڕۆکه 207 وڵات له دونیادا هه‌ن.204 وڵات به‌شداری یاریه‌کانی ئۆڵۆمپی 2004ی ئه‌تینا-یان کرد.بۆ یاریه‌کانی ئۆڵۆمپی 2008یش 206 وڵات به‌شداریان کرد.ژماره‌ی ده‌وڵه‌ته‌کان ئه‌مڕۆکه 207 دانه‌یه.192 ده‌وڵه‌ت له مانه،ئه‌ندامی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کانن....
له ناو ئه‌و 207 ده‌وڵه‌ته‌دا،به ده‌یان ده‌وڵه‌ت هه‌ن که رێژه‌ی دانیشتوانیان که‌متر له ملیۆنیکه.بۆ نمونه هه‌ر له‌وانه‌ی ئه‌ندامی یه‌کیه‌تی ئه‌وروپان،ده‌کرێ ئاماژه به هه‌ریه‌که له لوکسامبورگ،قبرس،ماڵتا بکه‌ین که ژماره‌ی دانیشتوانیان له خوار ملیۆنێکه.هه‌رچی سلۆڤینیا،ئه‌ستۆنیا،لاتڤیا و لیتوانیا شن،ڕێژه‌ی دانیشتوانیان نزیکه‌ی 2 تا 3 ملیۆنه.ئه‌وه‌ش که کورده‌کان به‌و هه‌موو ڕێژه زۆره‌ی دانیشتوانه‌وه نه‌بونه‌ته خاوه‌نی هیچ یه‌که‌یه‌کی سیاسی،ئه‌و ڕاستیه‌مان بۆ ده‌رده‌خات که هه‌ر له سه‌ره‌تای ساڵانی 1920 و له‌گه‌ڵ دامه‌زرانی کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لانه‌وه چ ناحه‌قی و نادادپه‌روه‌ریه‌ک له‌به‌رامبه‌ر کورده‌کان دا کراوه و چۆن چۆنی خراونه‌ته په‌راویزه‌وه.
ئه‌ندۆرا،سان مارینۆ،مۆناکۆ،لیشتنشتاین ئه‌ندامانی کۆنسه‌ی ئه‌ورپین که سه‌رجه‌م 53 ئه‌ندامی هه‌یه.سه‌رجه‌می ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌م چوار وڵاته 40-50هه‌زار که‌سه.له‌کاتێکدا ئه‌م ده‌وڵه‌تانه به‌م ڕێژه که‌مه‌ی دانیشتوانه‌وه که‌هه‌یانه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیان هه‌یه، بیگومان وا پێوست ده‌کات مه‌سه‌له‌ی نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و ته‌نانه‌ت ئۆتۆریته‌یه‌کی بچوکی سیاسی بۆ گه‌لێکی 40 ملیۆنی وه‌ک کورد، ببێته بابه‌تێکی گرینگی جێگه‌ی باس و گه‌نگه‌شه‌ی سیسته‌می نێونه‌ته‌وه‌یی دونیا.له یه‌کیه‌تی ئه‌ورۆپادا ته‌نیا ڕیژه‌ی دانیشتوانی ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا و ئیتالیا و ئینگلته‌ره و ئیسپانیا له ڕێژه‌ی کورده‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستتدا زیاتره.ڕه‌نگه ڕێژه‌ی دانیشتوانی وڵاتی پۆڵۆنیا هێنده‌ی کورده‌کان بێت،ئه‌و 20 ده‌وڵه‌ته‌ی ده‌مێننه‌وه،رێژه‌یه‌که له نێوان 50-10 بۆ 15-20 ملیۆن.
له کۆنسه‌ی ئه‌وروپاشدا حاڵه‌تێکی له‌هه‌مان شێوه له ئارادایه.تا به‌ر له ساڵی 1974 و "ئۆپه‌راسیۆنی ئاشتی" له قبرسدا ته‌نیا نزیکه‌ی 160 هه‌زار تورک ده‌ژیان.له‌دوای "ئۆپه‌راسیۆنی ئاشتی" به‌رده‌وام تورک گوازرایه‌وه بۆ قبرس.ئه‌مرۆکه رێژه‌ی تورک تیایدا نزیکه‌ی 200 هه‌زاره.تورکیه له سه‌رجه‌می په‌یوه‌ندیه‌کانی خۆیدا له نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان،کۆنسه‌ی ئه‌وروپا،یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا و په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ کۆنگره‌ی ئیسلامی و په‌یوه‌ندیه دوقۆڵیه‌کانیدا له‌گه‌ڵ وڵاتاندا داوای به‌ڕه‌سمی ناسینی"کۆماری تورکیه‌ی باکوری قبرس" ده‌کات.هه‌ر ئه‌و تورکیایه‌ی بۆ تورکه‌کانی قبرس ئه‌م داوایه‌ی هه‌یه،هه‌ر که باس دێته سه‌ر کورده‌کان،به‌رده‌وام له ڕێگه‌ی سیاسه‌تی ئینکاری و پاکتاوکردن مامه‌ڵه‌ده‌کات و هه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ش لایه‌نی سه‌ره‌کی سیاسه‌تی سه‌قه‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا پێکدێنێت.
مه‌ودا‌ی ئه‌خلاقی په‌یوه‌نده نێوده‌وڵه‌تیه‌کان
ده‌گوترێ که له په‌یوه‌ندیه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا،به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ت له پێشه‌وه‌ی هه‌موو پیلانێکدا جێ ده‌گرێ و هه‌موو ده‌وڵه‌تێک له ڕه‌وتی ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌دا،هه‌وڵ ده‌دات به‌ر له هه‌موو شتێک به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی له‌به‌رچاو بگرێت.ده‌گوترێ که به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ت یه‌کێکه له‌و دینامیک و پاڵنه‌ره سه‌ره‌کیانه‌ی دارێژه‌ری په‌یوه‌ندیه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانه.ئه‌مه شتێکی ئاشکراو مایه‌ی تێگه‌یشتنه. به‌ڵام دیسانیش ده‌بێ هه‌ندێک لایه‌ن و پره‌نسیپی ئه‌خلاقی وه‌به‌ر چاو بگیرێ.
ئه‌وه‌ی لێره‌شدا ده‌مێنێته‌وه و شایه‌نی هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر کردنه،ئه‌ویه که کورده‌کان 200 ساڵه درێژه به خه‌بات و تێکۆشانیان ده‌ده‌ن له پێناوی ئازادی و به‌ده‌ست هێنانی وڵاتێکی ئازاد دا و به‌رده‌وامن له قوربانیدان له‌و پێناوه‌دا.ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێکردن،ته‌نانه‌ت ئه‌و قوربانی و فیداکاریانه‌شیان نه‌کردوه.لێره‌دا جێگه‌ی خۆیه‌تی که ئاماژه‌یه‌کیش به‌و لایه‌نه بکرێت.ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ناویان هاتوه،ڕوبه‌ڕووی هیچ پێشگیریه‌ک نه‌بوونه‌وه بۆ به‌ده‌ست هێنانی مافی به‌ده‌وڵه‌ت بونیان،ته‌نیا کورده‌کانن که ته‌نانه‌ت باس له‌و ناحه‌قیه‌ش ناکرێ که ده‌رهه‌قیان کراوه.
هێنانه به‌ر باسی ئه‌و مه‌سه‌له‌ی که له کێشه‌ی کورد و له کێشه‌ی کوردستاندا هیچ چه‌شنه بنه‌مایه‌کی ئه‌خلاقی وه‌به‌ر چاو نه‌گیراوه،لایه‌نێکی گرینگی تری مه‌سه‌له‌ک پێک ده‌هێنێت.ئاخۆ بێده‌نگی جیهان سه‌باره‌ت به‌و قڕکردنه‌ی له 16ی مارسی 1988 دا سه‌باره‌ت به کورده‌کانی باشوری کوردستان ئه‌نجام درا،هه‌ڵوێستێکی ئه‌خلاقی بوو؟ئاخۆ فرۆشتن و فه‌راهه‌مکردنی که‌ره‌سته و ماده‌ه‌ی خاو بۆ به‌رهه‌م هێنانی گازی ژه‌هراوی بۆ سه‌ددام حوسێن له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانه‌وه حاڵه‌تێکی ئه‌خلاقیه؟ئاخۆ گۆڕینه‌وه‌ی زانیاری و ئاڵوێری ته‌کنه‌لۆژی بۆ به‌رهه‌مهێنان و به‌کارهێنانی گازی ژه‌هراوی له لایه‌ن ده‌وڵه‌تگه‌لێکه‌وه که بوونه ئالیکاری سه‌ددام حوسێن له‌م کاره‌دا شتێکی ئه‌خلاقیه؟ سه‌رباقی ئه‌وه‌ی ئه‌وێ رۆژێ کۆنگره‌ی ئیسلامی له کوه‌یتدا له کۆبونه‌وه‌ی ئاسایی خۆیدا بوو.ئاخۆ بێده‌نگی نواندنی کۆنگره‌ی ئیسلامی سه‌باره‌ت به‌و قڕکردنه‌ی کورده‌کان له‌گه‌ڵ بنه‌ما ئه‌خلاقیه‌کاندا یه‌ک ده‌گرێته‌وه،هه‌ر ئه‌و کۆنگره‌یه‌ی ڕاگه‌یاندراو و به‌یاننامه ده‌رده‌کات سه‌باره‌ت به‌و زوڵمه‌ی ده‌رحه‌ق به تورکه‌کانی یۆنان،سه‌باره‌ت به گۆڕینی ناوی تورکه‌کان له بولگاریادا بڵاو ده‌کاته‌وه!! له به‌ڕێوه‌بردن و هێنان و بردنی کورده‌کاندا هیچ بنه‌مایه‌کی ئه‌خلاقی وه‌به‌رچاوناگیرێ.بێگومان له شوێنێکدا که ته‌واوی بنه‌ما ئه‌خلاقیه‌کان ده‌که‌ونه ژێر پێ و تا خاڵی سفر داده‌به‌زن،باسکردن له ماف و دادپه‌روه‌ری هیچ مانایه‌کی نیه.هه‌رچی به‌ره‌نگار بونه‌وه و خۆڕاگریشه به‌رامبه‌ر ئه‌و زوڵم و زۆریه و سه‌باره‌ت به مانه‌وه به‌و بارودۆخه‌یه،حه‌ق و مافێکی سه‌ره‌کیه.
هه‌ر یه‌که له یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا و کۆنسه‌ی ئه‌وروپی،چه‌ند بڕیارێکیان سه‌باره‌ت به کورد هه‌یه.له‌م بڕیارانه‌دا ده‌گوترێ که "کورده‌کان ده‌بێ له چوارچێوه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی تیایدا ده‌ژین،هه‌ندێک مافی گشتی و چه‌ند مافێکی تاکه‌که‌سیان هه‌بێت.پێویستیشه وڵاته په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌م پێوه‌نده‌دا رێوشوێنی پێوسیت بگرنه به‌ر." ئه‌م بیروڕایانه له ڕسته‌ی دوهه‌مدا شی ده‌کرێنه‌وه.هه‌رچی ڕسته‌ی یه‌که‌میشه ده‌ڵێ؛" ئێمه دژی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆین بۆ کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا." هه‌م یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا و هه‌م کۆنسه‌ی ئه‌وروپی له‌م په‌یوه‌ندیه‌دا چه‌ند بڕیارێکیان هه‌یه. یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا و کۆنسه‌ی ئه‌وروپی ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ی باس له هه‌ندێک له مافه سروشتی و بنچینه‌ییه‌کانی کوردیش ده‌که‌ن،به پله‌ی یه‌که‌م مه‌سه‌له‌ی مافی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی به‌یه‌که‌وه کوردستانیان خستۆتیه ژێر زه‌بری زوڵم و زۆری خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌وان ڕه‌چاو ده‌که‌ن،ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێکی مایه‌ی هه‌ڵوێسته له‌سه‌رکردنه. له‌لایه‌کی تریشه‌وه،که باس له "ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست" ده‌کرێت،ئاشکرایه که مه‌به‌ست لێی ته‌نیا کورده‌کانن.ئه‌گینا مه‌سه‌له‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی فه‌ڵه‌ستینی چ له لایه‌ن یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا و چ له‌لایه‌ن کۆنسه‌ی ئه‌وروپیشه‌وه مایه‌ی بایه‌خپێدانه و ته‌نانه‌ت پشتیوانیشی لێ ده‌کرێ.
لێکۆڵینه‌وه و وردبونه‌وه له‌م په‌یوه‌نیانه کارێکی پێویست و به‌جێیه.ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌سه‌ره‌وه به کورتی باسیان لێوه کرا،له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تگه‌لی وه‌ک لوکسامبۆرگ،قبرس،ماڵته و هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ته‌کانی وه‌ک ئاندۆرا،سان مارینۆ،مۆناکۆ و لیشتنشتاین-یشه‌وه ئیمزا کراون.که‌وابوو پێویسته بپرسین: ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ژماره‌ی دانیشتوانیان 40-50 هه‌زار که‌سێک ده‌بێت،یان ئه‌وانه‌ی ژماره‌که‌یان له‌خوار ملیۆنێکه‌وه‌یه،چۆن چۆنی ئه‌و مافه به‌خۆیان ڕه‌واده‌بینن له کاتێکدا کورده‌کان به‌خۆیان و به رێژه‌یه‌کی 40-50 ملیۆنی له ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاستدا خاوه‌نی مافی چاره‌یخۆنوسین نین؟خاکی ئه‌و وڵاتانه ڕه‌نگه هێنده‌ی شارۆچکه‌یه‌کی کوردستانیش نه‌بێت. ئاخۆ هیج بنه‌مایه‌کی ئه‌خلاقی له‌م پێوه‌ندیانه‌دا بوونی هه‌یه؟ئاخۆ مرۆڤ ده‌توانێ له‌م په‌یوه‌ندیانه‌دا به‌دوای که‌مترین ئاستی ئه‌خلاقی سیاسی‌دا بگه‌رێت؟سه‌رله‌به‌ری ئه‌مانه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات،که سیسته‌می ناونه‌ته‌وه‌یی له ساڵی 1920 دا له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لانه‌وه چۆن چۆنی دژ به کورده‌کان داڕێژراوه.
کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان له هێنانه ئارای ئاشتیه‌کی ناونه‌ته‌وه‌ییدا سه‌رکه‌وتو نه‌بوه.کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان نه‌یتوانی پێش به شه‌ڕی دوهه‌می جیهانی بگرێت.له 1945 و دوابه‌دوای شه‌ڕی دوهه‌می جیهانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان دامه‌زرێنرا.به‌ڵام بۆ کورده‌کان هیچ گۆڕانکاریه‌ک نه‌هاته ئاراوه.ئه‌و بنه‌مایانه‌ی له ساڵی 1920 دا به بێ ڕه‌زامه‌ندی کورد داسه‌پێنران به‌هه‌مان شێوه دامه‌زرێنرانه‌وه و درێژه‌یان پێ درا.شه‌ره‌کانی شێخ مه‌حمودی به‌رزنجی ڕوداوگه‌لی دیار و به‌رچاوی ساڵانی 1920 بوون.دوابه‌دوای دامه‌زرانی نه‌ته‌وه‌یه کگرتوه‌کانیش له رۆژئاوای ئێران‌دا دامه‌زرانی کۆماری مه‌هاباد و ڕوخانی ڕوداوگه‌لی دیار و به‌رچاو ی ئه‌و سه‌رده‌مه بوون.
نه‌ته‌وه‌په‌رستی-ڕه‌گه‌زپه‌رستی
له ساڵانی 1960،1970 و 1980 دا به باشوری ئه‌فریقایان ده‌گوت"ڕه‌گه‌زپه‌رستترین ده‌وڵه‌تی دونیا".ولایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکاش به ڕه‌گه‌زپه‌رستی تاوانبار ده‌کرا.به‌رێوه‌به‌رێتی سپی پێسته‌کان له باشوری ئه‌فریقا و سپی پێسته‌کان به خه‌ڵکه خۆماڵیه‌که‌یان ده‌گوت؛"ڕه‌نگی ئێوه ڕه‌شه،تێکه‌ڵاوی ئێمه مه‌بن.با گه‌ڕه‌که‌کانتان، خوێندنگاکانتان، پاسه‌کانتان، هوتێله‌کانتان، سینه‌ماکانتان، پارک و پلاژه‌کانتان جودا بێت. " بۆ جیبه‌جێکردنی ئه‌و شته‌ش ناوچه‌ی به‌رفراوانی چوارده‌ور ته‌لبه‌ندکراویان پێکهێنا به ناوی (بانتوستان).هه‌ر له بنچینه‌دا "بانتوستان"به‌و شوێنه ده‌گوترێ که ڕه‌شپێسته‌کان تیایدا ده‌ژین.ڕه‌شپێسته‌کان له‌م شوێنانه‌دا و بێ ئه‌وه‌ی تێکه‌ڵاوی سپیپێسته‌کان بن ژیانیان به‌سه‌ر ده‌برد.خزمه‌تگوزاریه‌کانی وه‌ک ڕێگاوبان،کاره‌با،ئاو و ئاوه‌ڕۆ گه‌یاندن و په‌یوه‌ندی و به گشتی ژێرخانی ئابوری له‌و ناوچانه‌دا که پێیان ده‌گوترا "بانتوستان " گه‌لێک لاواز و له ئاستێکی نزمدا بوو. له‌م باره‌یه‌وه خه‌ڵکانی خۆماڵی ئه‌و ناوچانه له‌ژێر غه‌در و زوڵمێکی بێ ئه‌ندازه‌دا ژیانیان به‌سه‌ر ده‌برد.به‌ڵام خه‌ڵکانی خۆماڵی ئه‌و ناوچانه،به‌پاراستنی ناوچه خودموختاره‌کانی خۆیان وپاراستنی عورف و عاده‌ته‌کانی خۆیان درێژه‌یان به ژیان ده‌دا.خه‌ڵکه ڕه‌سه‌نه‌که خۆیان خۆیانیان به‌ڕێوه ده‌برد.
له ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکاشدا،سیاسه‌تێکی له‌و شێوه‌یه له دژی ڕه‌شپێسته‌کان به‌ڕێوه ده‌چوو.خوێندنگه و هوتێل و پاسی ڕه‌شپێسته‌کان جیاواز بوون.بۆ دورخستنه‌وه‌ی ڕه‌شپێسته‌کان له سپیپێسته‌کان سیاسه‌تێکی تۆکمه و ورد پیاده‌ده‌کرا.
هه‌رچی سه‌باره‌ت به تورکیایه،له‌وی به کورده‌کان ده‌گوترێ:تۆ له‌گه‌ڵ تورکه‌کاندا ده‌ژیت،به‌ڵام ده‌بێ وه‌کو تورکه‌کان بیت و به‌وێچونت به تورکه‌کانه‌وه بژیت.له‌م ڕه‌وته‌شدا گه‌ر بڵێی"ئه‌ی زمانی خۆم،که‌لتوری خۆم و...هتد" مایه‌ی قه‌بوڵکردن نیه.هیچ شانسێکی تر نیه جگه له‌وه‌ی به وێچون به تورکه‌وه بژیت.گه‌ر به پێداگریه‌وه باس له زمانی خۆت و که‌لتوری خۆت بکه‌یت،توشی زوڵم و زۆریه‌کی ئێجگار گه‌وره ده‌بیته‌وه....ئه‌مه‌شیان هه‌ر ڕه‌گه‌زپه‌رستیه،شێواز و ڕوخسارێکی تری ڕه‌گه‌زپه‌رستیه.ده‌مهه‌وێ ئه‌وه بڵێم؛ڕه‌گه‌زپه‌رستی له "تۆ له‌گه‌ڵ مندا،له‌گه‌ڵ تورکه‌کاندا ده‌ژیت،به‌ڵام به وێچونت به تورکێک" به‌رامبه‌ر به "تۆ مه‌یه ناو من، تێکه‌ڵاوی سپیپێسته‌کان مه‌به،له شوێن و جێگه‌یه‌کی تردا بژی.." له‌زۆر دیدگاوه،ڕه‌گه‌زپه‌رستیه‌کی توند و تۆختره.بۆ نمونه، سه‌رکرده‌ی گۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌فریقا،نیلسۆن ماندێلا، له 1990 له زیندان هاته ده‌ر و له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1994 دا وه‌ک سه‌رۆک کۆمار هه‌ڵبژێردرا.هه‌رچی (دێ کلێرک) سه‌رۆکی ده‌وڵه‌تی سپیه‌کان که بۆ ماوه‌ی 27 ساڵ نیلسۆن ماندێلای له زیندان دا هێشته‌وه،بوو به یاریده‌ده‌ری سه‌رۆک کۆمار.ئه‌مه ده‌ربڕی ئه‌و ڕاستیه گرینگه‌یه که بۆمان ده‌رده‌خات ئایدۆلۆژیای ڕه‌سمی له باشوری ئه‌فریقادا گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی تێدا پێک هاتوه. ئاشکراشه که ئایدۆلۆژیای ڕه‌سمی له تورکیادا چه‌نده توند و تیژ و نه‌گۆڕه. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و گۆڕانکاریه خێرا کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی له په‌یوه‌ندیه سیاسیه‌کاندا به‌رچاو ده‌که‌وێ هه‌وڵی به‌رده‌وامیش له ئارادایه بۆ کۆنترۆڵکردنی ئه‌و ئایدۆلۆژیا ره‌سمیه.بێگومان ئه‌و هه‌ڵوێست و ڕیچکه‌یه‌ی ڕژێمی تورکیا و سیسته‌می سیاسی له تورکیا گرتویه‌ته به‌ر هه‌ڵوێستێکی دیموکراتیانه نیه.
باس له‌وه ده‌کرێ که ڕه‌گه‌زپه‌رستی و هیچ جۆره هه‌ڵاوێردنێک له‌گۆڕیدا نیه،هه‌موو که‌سێک و ته‌نانه‌ت کورده‌کانیش ده‌توانن بگه‌نه هه‌موو پله‌و پایه‌یه‌کی سیاسی و له به‌ڕێوه‌به‌رێتی سیاسی‌دا شوێنی خۆیان بگرن.ده‌ڵێن که "کورده‌کانیش ده‌توانن پۆستی والی (پارێزگار) بگرنه ده‌ست،ده‌توانن ببن به ئه‌ندامی په‌رله‌مان،ببن به پڕۆفسۆر و سه‌رۆک وه‌زیر و سه‌رۆک کۆمار." ئه‌مه جۆرێک له ئیستغلال و دیمۆگۆژیه.حاشا هه‌ڵنه‌گره که کورده‌کان ته‌نیا کاتێک ده‌توانن ئه‌و پۆستانه بگرنه ده‌ست که ببن به تورک و و به پێناسی تورکه‌وه ده‌گه‌نه ئه‌و پله‌و پایانه و به ناسنامه‌ی کوردبونیانه‌وه ناتوانن بگه‌ن به هیچ شتێک.هه‌ر له ئه‌ساسدا هه‌موو که‌سێک و له‌وانه‌ش کورده‌کان،هه‌ر له گه‌ڵ له‌دایک بونیاندا له ناسنامه‌کانیان ده‌نوسرێ که تورک و هاووڵاتی تورکن.هه‌ر به‌م پێناسه‌شه‌وه،واتا وه‌ک تورکێک ده‌توانن به‌شداری له ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بکه‌ن.به‌ڵام هه‌ر له‌دوای هه‌ڵبژاردنیان وه‌ک ئه‌ندامی په‌رله‌مان،گه‌ر بێت و داوای مافه سروشتی و سه‌ره‌تاییه‌کانی کورد بکه‌ن و له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا پێداگری بنوێنن، توشی کاردانه‌وه و سزای گه‌لێک قورس ده‌بنه‌وه.ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی پارتی دیموکراسی،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ناسنامه‌کانیاندا وه‌ک تورک و هاوڵاتی تورک ناسێنراون توانیویانه به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ن،(ئۆکتۆبری 1991 )دوای ئه‌وه‌ی بوون به ئه‌ندام په‌رله‌مان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوتیان ئێمه کوردین،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دیفاعیان له مافه سروشتیه‌کانی کورد کرد،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێداگریان له‌م مه‌سه‌له‌یدا کرد،حه‌سانه‌یان لێ سه‌ندرایه‌وه و خرانه کونجی زیندانه‌وه(ئاداری 1994).هه‌ر به‌م پێیه‌ش له ژیانی سیاسی تورکیادا لێسه‌ندنه‌وه‌ی حه‌سانه‌ی نزیکه‌ی 15 ئه‌ندام په‌رله‌مان له ئان و ساتێکدا شتێکی مومکین و ئاسایی بوه.ئه‌م شته‌ش ته‌نیا له چوارچێوه‌ی کێشه‌ی کورددا جێبه‌جێ کراوه.
ئه‌مڕۆکه کورد‌و کوردستان،له ناوه‌ڕاستی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا،له‌به‌رامبه‌ر له‌ت له‌ت بوون،پارچه‌پارچه بوون و دابه‌شبووندا، له پێناو ژیان و مانه‌وه‌دا خه‌بات و به‌رخودانی خۆی ده‌کات.هه‌موو ئه‌و مافانه‌ی بۆ هه‌موان سروشتی و رێگه‌پێدراون،ئه‌و مافانه‌ی هه‌موو مرۆڤیک به مرۆڤ بوونی خۆیه‌وه خاوه‌نیانه،له کورده‌کان یاساخ کراون.ئه‌و مافانه بۆ کۆمه‌ڵگای کوردی یاساغن. کورده‌کانی سوریا و ئێران و تورکیه له ژێر به‌رێوه‌به‌ریه‌تیه‌کی گه‌لێک خراپدان و له‌ژێر زوڵم و زۆری‌دا ئیداره ده‌کرێن. له سه‌رده‌می سه‌ددام حوسێنیشدا به‌ڕێوه‌به‌ریه‌تیه‌کی گه‌لێک خراپ له عراقدا بوونی هه‌بوو.له سوریا نزیکه‌ی 300 هه‌زار کورد ناسنامه‌یان نیه.ئه‌م کورده بێ ناسنامانه،ناتوانن هیچ شتێک بکڕن،بفرۆشن و ناتوانن بچن بۆ خویندنگه و نه‌خۆشخانه و هتد.لای هه‌موان ئاشکرایه که له سه‌رده‌می سه‌ددامدا کورده‌کان به گازی ژه‌هراوی قڕکران.له‌م ساڵانه‌ی دوایشدا ئه‌وانه‌ی له ئێران له سێداره دراون زۆربه‌یان کوردن،کچ و کوڕی گه‌نجی کوردن.ئه‌مڕۆکه قه‌ندیل که په‌ناگاو باره‌گای گه‌ریللاکانی پ.ک.ک تیایدا جێگیره،رۆژێک له‌لایه‌ن تورکیاوه و رۆژی دواتریش له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه بۆردومان ده‌کرێت.رۆژی سێهه‌میش به‌هه‌ردوکیان بۆردومانی ده‌که‌ن.هه‌رچی حکومه‌تی عراقیشه هیچ ده‌نگێکی به‌رابه‌ر به‌و بۆردومانانه‌وه لێوه نایه‌ت.ئه‌و بۆردومانانه له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه مه‌حکوم کراون.خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ش زه‌ره‌رمه‌ندی ئه‌و بۆردومانانه بوونه.له نێوان ده‌وڵه‌ته‌کانی تورکیا و سوریا و ئێران وعراقدا ڕه‌نگه زۆر ناکۆکی له ئارادابن،به‌ڵام هه‌ر که کێشه‌ی کورد هاته به‌ر باس،هه‌موویان یه‌ک ده‌نگ به‌ره‌نگاری کورده‌کان ده‌بنه‌وه.
با بیرێک له" کۆبونه‌وه‌ی وڵاتانی درواسێی عێراق" بکه‌ینه‌وه.ئاخۆ ده‌بێ مانا‌و مه‌فهومی ئه‌م پێکهاته‌یه چی بێ که له کۆتاییه‌کانی 1999 و سه‌ره‌تاکانی 2000 دا دروست بوه؟له کوی دونیا کۆبونه‌وه‌یه‌کی له‌و جۆره به‌رچاو ده‌که‌وێ؟بۆ نمونه له ئه‌فغانستانیش کیشه‌یه‌کی له‌و جۆره هه‌یه.ئاخۆ پێکهاته و گردبونه‌وه‌یه‌ک له ژێر ناوی " کۆبونه‌وه‌ی وڵاتانی دراوسێی ئه‌فغانستان" هه‌یه؟ ئاخۆ کۆبونه‌وه‌ی له‌ژێر ناوی " کۆبونه‌وه‌ی وڵاتانی دراوسێی مه‌جارستان" هه‌یه؟ وا دیاره له کۆبونه‌وه‌ی وڵاتانی دراوسێی عراقدا باس له‌و چاکه و باشیانه ده‌کرێ که ده‌رهه‌قی کورد ده‌کرێ!!
له‌بیر مه‌که-مه‌هێڵه له‌بیرکرێ
له کێشه‌ی کوردستاندا حاڵه‌تێکی به‌رچاوی له‌بیرمه‌که-مه‌هێڵه له‌بیرکرێ هه‌یه.ئه‌و سه‌ختی و دژواریانه‌ی کورد له ساڵانی 1920دا تیایدا ژیاوه نه‌بونه‌ته هۆکاری شیواندنی زاکیره‌ی کورد.به بڕوای من باشترین هۆکارێک بۆ به‌رده‌وامی مه‌سه‌له‌ی له‌بیرمه‌که-مه‌هێڵه له‌بیرکرێ،ئایدۆلۆژیای ڕه‌سمیه.جێی وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه که ئایدۆلۆژیای ڕه‌سمی هیچ جۆرێکی ئایدۆلۆژیا نیه،جگه له‌و ئایدۆلۆژیایه‌ی که ده‌وڵه‌ت له رێگه‌ی سزادان و گه‌مارۆی جۆراوجۆری ئیداریه‌وه په‌ره‌ی پێ ده‌دات.له مه‌سه‌له‌ی پارچه‌پارچه‌کردن،له‌تله‌تکردن و دابه‌شکردندا له‌ده‌ستدانێکی گه‌وره‌ی یاده‌وه‌ری(زاکیره) به‌رچاو ده‌که‌وێ. دروشم و شوعاری "برایه‌تی"،یه‌کیکه له‌و دروشمانه‌ی نه‌مان و له‌ده‌ستدانی یاده‌وه‌ری پی داده‌پۆشرێ و درێژه به له‌یاد چونه‌وه و نه‌مانی ئه‌و زاکیره‌یه ده‌دات.له‌ده‌ستدانی یاده‌وه‌ری گشتی،ته‌نیا هه‌ر له ناو گه‌ل و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردا به‌رچاو ناکه‌وێ،به‌ڵکو به ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاویش له لێکۆڵه‌ره‌وه کورده‌کان و ڕۆشنبیرانی کورد دا به‌دی ده‌کرێت. ئه‌م له‌ده‌ستدانی یاده‌وه‌ریه له نێو لیکۆڵه‌ره‌وه ڕۆژئاواییه‌کاندا،له ناو ڕاگه‌یاندنی رۆژئاوا‌و و ئه‌کادیمیسیه‌نه‌کانی زانکۆ رۆژئاواییه‌کانیشدا به‌رچاو ده‌که‌وێ. زانکۆییه‌کانی رۆژئاوا و لێکۆڵه‌ره‌وه رۆژئاواییه‌کانیش بۆ خۆ لێنه‌دان و نه‌چونه ناو باسی له‌تله‌ت بوون،پارچه‌پارچه بوون و دابه‌شبوونی کورد و کوردستان پارێز و وردبینیه‌کی ته‌واو نیشان ده‌ده‌ن.به بێ ئه‌وه‌ی به هیچ شێوه‌یه‌ک باس له دابه‌شبوون،له‌تله‌تبوون و پارچه‌پارچه بوون بکه‌ن و هیچ سه‌رنجێکی دیار له‌سه‌ر ره‌وتی ئه‌م ڕوداوانه بخه‌نه به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه باس له "کوردستانی عراق"،"کوردستانی ئێران"، "کوردستانی سوریه" و"کوردستانی تورکیه" ده‌که‌ن.ڕه‌خنه‌گرتن و لێکۆڵینه‌وه له‌م حاڵه‌ته له‌ژێر هزر و بنچینه سیاسی و زانستی و دیپلۆماسیه‌کان دا کارێکی به‌سود و پێویسته.پێویسته ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش یه‌کێک له‌ئه‌رکه هه‌ره گرنگ و سه‌ره‌کیه‌کانی بیرمه‌ندی کورد،ڕۆشنبیری کورد،ڕاگه‌یاندن و مێدیای کوردی و سیاسه‌ت و دیپلۆماسیه‌تی کورد بێت.
کێشه‌ی کورد یان کێشه‌ی کوردستان،به‌ر له هه‌موو شتێک کێشه‌یه‌کی ویژدانیه.هه‌مووی ئه‌مانه پێویسته ببنه به‌شێک له ئه‌رکی سه‌رشانی ڕۆشنبیران و ڕۆژنامه‌وانانی تورک و عه‌ره‌ب و فارس و رۆژئاواش.
کورد و تێکۆشان بۆ ماف و ئازادی
له دابه‌شکردن و پارچه‌پارچه‌کردن و له‌تله‌تکردنی کورد وکوردستان دا هه‌رگیز وه‌به‌رچاوگرتنی بنه‌ما ئه‌خلاقیه‌کان له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی کورده‌وه بیری لێ نه‌کراوه‌ته‌وه.ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی به هاوبه‌شی حوکمان به‌سه‌ر کورددا کردوه،به‌رده‌وام هێزی سیاسی و ئایدۆلۆژی و عه‌سکه‌ری و دیپلۆماسی خۆیان به هاوبه‌شی له دژی کورده‌کان به‌کار هێناوه.ئاشکراشه که بوونی بلۆکێکی ئاوا به به‌رده‌وامی له دژی کورده‌کان،یه‌کێک له‌و هۆکارانه‌یه که رێگه خۆشکه‌ر بوه بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر کورده‌کاندا به‌شێوه‌یه‌کی ئاسان. بێگومان خه‌بات و تێکۆشانی کورده‌کانیشی لاواز و قورس‌تر کردوه.
تا کۆتاییه‌کانی شه‌ری دوهه‌می جیهانی ئه‌و هێزانه بریتی بوونه له هه‌ریه‌که له ئینگلته‌ره،فه‌ره‌نسا،کۆماری تورکیه، ئێران(فارسه‌کان) و عه‌ره‌به‌کان. هه‌رچی دوای ساڵانی 1960 یشه، عراق،سوریه،تورکیه و ئێران ئه‌و هێزانه پێک ده‌هێنن، به هاوکاری و پشتیوانی ئابووری،سیاسی،دیپلۆماسی و سه‌ربازی ده‌وڵه‌تگه‌لی وه‌ک ئینگلته‌ره،فه‌ره‌نسا،ولایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا،یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت که له گه‌ڵیاندا له په‌یوه‌ندی و هاوکاری دوولایه‌نه و چه‌ندلایه‌نه‌دا بوونه.له نێوان ئه‌م وڵاتانه‌دا ڕه‌نگه له زۆر بواردا دژیه‌کی و دڕدۆنگی هه‌بێت.به‌ڵام هه‌ر که باس هاته سه‌ر کورد و کێشه‌ی کورد،هه‌ر هه‌موویان له سه‌نگه‌رێکی هاوبه‌شدا یه‌کده‌گرن.ئه‌مرۆکه هه‌ر ڕوداو و گۆڕانکاریه‌ک که له پارچه‌یه‌کی کوردستاندا دێته ئاراوه،به ئه‌رێنی یان نه‌رێنی کاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر پارچه‌کانی تری کوردستان و ئه‌و ده‌وڵه‌ت و هێزانه‌شی که کوردستانیان خستۆته ژێر کۆنترۆڵ و به‌ریوه‌به‌رێتی خۆیان،هه‌ر یه‌کسه‌ره له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕوداوانه بۆ وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستی پێویست و هاوبه‌ش یه‌کسه‌ر ده‌ست به کۆبونه‌وه و گردبونه‌وه ده‌که‌ن.
ڕون و ئاشکرایه که ئه‌م هه‌ڵوێسته هاوبه‌شانه‌ی ئه‌و لایه‌نانه نه‌ک هه‌ر ته‌نیا نابێته هۆی هاتنه ئارای دادپه‌روه‌ری و ڕێزگرتن له ماف،به‌ڵکو ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه مانای خستنه ژێر پێی و له‌که‌دارکردنی ماف و دادپه‌روه‌ری ده‌گه‌یه‌نێت.له بارودۆخێکی ئه‌وتۆدا و بۆ ڕوبه‌ڕووبوبنه‌وه‌ی ئه‌و زوڵم و زۆریه،هه‌وڵدان بۆ پێشڤه‌بردنی خه‌باتی ئازادیخوازی گه‌لی کورد مافێکی ڕه‌واو سروشتی کورده‌کانه.خۆڕاگری و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی ئه‌و زوڵم وزۆریانه له بارودۆخێکی ئاوادا مافێکی یاسایی و سروشتیه.
ئه‌م وتاره له گۆڤاری
(Çağımızda Hukuk ve Toplum-)
که زمانحاڵی لقی ئیستانبوڵی (ڕێکخراوی مافناسانی هاوچه‌رخ -
Çağdaş Hukukçular Derneği )
دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.هه‌ر دوابه‌دوای بڵاوبونه‌وه‌شی نوسه‌ر و ڕوناکبیر ئیسماعیل بیشکچی درایه‌وه به دادگا
و:ئیبراهیم شێخ شه‌ره‌فی
ئاوێنه
|