یەكگرتوو لەسەر داگیرکردنی عەفرین بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە

 

 

ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەسەر داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیاو سوپای ئازادەوە بەیاننامەیەكە بڵاوكردەوە.

 

دەقی بەیاننامەكە:

بەیاننامەی ئیدانەی ڕوداوەكانی عەفرین لەلایەن ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە

 

بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان

جەماوەری بەشەرەفی كوردستان..

هێزولایەنە سیاسیەكان.....

كورد و كوردستانیانی جیهان......

 

بەداخەوە جارێكی دیكە لە مانگی ئازار دا گەلەكەمان لە عەفرین ڕوبەڕوی ئازار وناسۆریەكی دیكە بووەوە ، دوای دوو مانگ لە بەرگریی و ڕوبەڕوبونەوە دواجار بە پشت تێكردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ماف و ئیرادەی گەلەكەمان بووە قوربانی بەرژەوەندی زلهێزەكان، كوردانی عەفرین ڕوبەڕوی ئاوارەیی و دەربەدەریی و كوشت و بڕین بونەوە و بەشێك لە خاكەكەشمان لەلایەن سوپای توركیا و هەندێك لە چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە داگیركرا .

 

ئێمە لە یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان، وێڕای هاوخەمی و هاوسۆزیمان بۆ كوردانی ڕۆژئاوا، ئیدانەی ئەم كارەساتە دەكەین كە بەرامبەر بە گەل و خاكمان ئەنجام دراوە ، داواكارین لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەم سیاسەتە دوژمنكاریەی كە دژ بە گەلەكەمان كراوە بێ دەنگ نەبێت، سنورێك بۆ ئەو جۆرە سیاسەتانە دابنێت و بە هانای گەلەكەمانەوە بێت و چارەسەرێكی سیاسیانە و ئینسانیی ئەو پرسە بكرێت.

 

ستەم لەهەركەسێكەوە بێت و لە ژێر هەر ناونیشانێكدا بێت ، بەرامبەر هەر كەسێك بكرێت، لەلایەن یەكگرتووی ئیسلامیەوە ڕەتكراوەیە و دژی دەوەستینەوە.

جارێكی دیكە دوپاتی دەكەینەوە كە ڕوبەڕوبونەوەی ئەم جۆرە ڕوداوانە پێویستی بە یەكڕیزیی سەرجەم لایەنە كوردستانیەكانە.

سەركەوتووبێت ئیرادەی گەلەكەمان...

 

 

ئەنجومەنی سیاسی

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

١٩/٣/٢٠١٨

 

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved