کاتێک خەمی شێعرێکی شێت ئەمگرێنێ



.. پیتەکانی چرکەساتی مناڵیم وە بیر دێنی

ساڵ لە دوای ساڵی سوتاوەم بە ڕۆخی هەڵچوی ئەڤینا گڕ ئەستێنی

تەمەن ئەڕوا ،هەست کز ئەبێ ،و هەناسەی قۆرسی سییەکانیش لە زەردیی ڕووحم ئەدەن و

ئەبنە زەنگیانە و مووروی پەرچەمی شێعرێکی نێو

کاتێک شێعرێکی شێتی بێ گڕێ ‌بەرەوە دنیای خەیاڵم ئەکێشێ و فەرهەنگی ووشەم

وەک نەرمە کچێکی لادێ پر گۆزەیەک پەیڤی بۆن مێخکی لە سەر شانی دائەنێت و

بە لانجەو لار بەرەو ژوانی شێعرێکی تەڕ ڕێگە ئەبرێ

کاتێک شێعرێکی شێت یەخەم ئەگرێ

‌‌هەر دەپەنجەم ئەئاڵێتە بەژن و باڵی پێنوس وەک

دوو دڵداری ئەبەدیی وەک فریشتە باڵ سپیەکانی شێعری (( مەولەوی ))

بە پەیڤی جوان ئەنەخشێنێ سینەی کاخەز

کاتێک شێعرێکی شێت لە تاراوگە و نامۆیی ئەمفرێنین،

وەرزی پاێزی ووشە لە دەرگای ناخم ئەدا و

مەرگی گەڵا سەوزەکان و کۆچی قەتییەکانی گەرمیان و زەردەی خۆر و هەتاوێکی لاواز

ئەبنە سەر قافڵەچی کاروانی هەڵبستم

کاتێک شێعرێکی شێت مەستم ئەبێ و دووگیان ئەبم

ژان لە دوای ژان کۆرپەی ناخم هەر بە منداڵی( وەک عیسابێ خەم ئەدوێ)

‌‌ ووشە خەماویە مەستەکان لە مەزرعەی خەیاڵ ئەڕنێ

بە فرمێسکی پێنوسەکەم لە سەر کاخەز نەخش و نیگاری خەم ئەچنێ

ووردە ماچی دوێنی و پێرێ لە ڕووم ئەرنێ

بەئەفسانەی بون و نەبون بە ئاهو حەسرەتی پێنوس

دەروێش ئاسا لە خانەقای قسە و باسا بە جەزبەی رۆح بە دوای خەمتا ڕاوم ئەنێ

ئەو ڕۆژانەم بیر دێتەوە لە گۆشەی خەمێکی تۆدا

فێری زیکر و تەهلیلە بو

کاتێک شێعرێکی شێتی بە ئەمەگ داڵدەم ئەدات

ووشە بەرگ ئاسمانیکان ئەستێرە ئەدەن لە بەرۆک

ووشە باڵدارەکانی سەرزارلە ڕوی عەشقا دێنە سەر چۆک

دەریایەک ئەشک ڕاز و نیاز ڕەمزی سوتان ..هاواڕێ ژیان

دەبنە کۆپلەی ئە و شێعریی داستانی عەشقی خەمی تۆیان نوسیی و

منیشیان کردە دێوانەی بێ وەفایی،

کاتێک شێتە شێعرێک جەستەی ماندوم ئەلەرزێنێ

هاڵاوی خۆرپەی یەکەمین هەنگاو ،

هەناسەی لەرزۆکی دوایین دیدار

دەنگی بە جێماوی جێژوان

کۆری شێعرم بۆ ئەگێرن

تۆێش ئەبیتە بارانە شێعرێکی خەماوی

کاتێک شینی شێتەشێعرێکی پەشیمانی،

فرمیسکەکان لە چاوانما بە د ی ئەکا

هەر وەک (( داوود)) بە سەر ڕووپەی (( زەبور))

ئەو لە نوێژا و منیش لە شێعرێکی شێتا

ئەشکی حەسرەت ئەبارینم

خوا ئەدوێنم خوا ئەدوێنم

ژوان فاروق کەریم

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved